بە حوشتریان گوت حوشتر کوڕت بوو

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  1062 مشاهده
بە حوشتریان گوت حوشتر کوڕت بوو
وتی لە ئەستۆی من بار لا نەچوو
بە زەیلداریان گوت چی بوو ئەم کەتنە
وتی مەرگ لەگەڵ ئاوەڵان جەژنە
زیلەی زەیل کەم بوو بۆ دڵەلەرزە
لە باران ڕام کرد کەوتمە بەر تەرزە
داخی تەشوێکەم ناخۆم کە دەیبەن
بۆ ئەوە دەگریم دەمەسۆی دەکەن
توخوا بزانن تەشوێکەی قەپتان
دەست کێ دەکەوێ؟ ئەڵبەت دەست نەزان
هەندێ مەعاشی تەقاویتییان
زۆریشە، لێیان بوو بە ماخولان
هەوڵی وەزیفە ئەدەن تێر ناخۆن
تا دیسانەوە دەبنە کەواکۆن
زەیستان لە سەر کاسە سوێند ئەخوا
کە چلەیشی چوو عوزری تر ناشوا
خاکی شارەزوور پەستە و بێ هەوا
بازیان پڕە لە هەرا و داوا
کاسبیش چونکو دەعیەی تیا نییە
هیچ مەئموورێکی پێ ڕەزا نییە
هەی داد هەی بێداد، دەوڵەمەنەکان!
بۆ پارەی میریی کەوتوونە مەیدان
ڕێی خۆ چەسپاندن ئەدۆزنەوە
جێی فەقیرەکان ئەقۆزنەوە
بە «مندیل» کلکی گوێرەکە ئەگرن
ڕێی شیاکەکەی لە هەژار دەبڕن