دنیاکەی فانی کاروانسەرای ڕەنگ

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  1187 مشاهده
دنیاکەی فانی کاروانسەرای ڕەنگ
نیوەی دڵ شادە و ئەو نیوەی دڵتەنگ
ئاوێنەی دەوران دوو چشت دەنوێنێ
خەتەمیزینێ و کڵاوفڕێنێ
بە عەشایەری دەعوا حەل دەکەن
شاگرد شەق ئەخوا و وەستا تێ دەخەن
لەخەت دەرمەچۆ و مەکەوە دەورە
دەست بە کڵاوی خۆتەوە بگرە
لە کەری تۆپیو مەگەڕێ بۆ ناڵ
ڕۆژێکیش دەبێ تۆ دەخەنە چاڵ
دەستەی خۆی دەوێ کە خاوەن دەستە
دەستە کەوتە دەست، دەستەی تر پەستە
ئەو کاربەدەستەی کە کارشوناسە
کردەوە ناسە خاتر نەناسە
ئەوی بە خاتر ئەمڕۆ دامەزرا
کە ئەرخەی گۆڕا پەتی ئەو پچڕا
ئەو پیاوەی پیاو بێ ئەو ئیشەی ناوێ
وەک ماین چەقەڵ هەر کەسە تاوێ
ئەوی بە هیوای ڕەجا و بەرتیل بێ
ئەبێ گوێی دایم لە زیلەزیل بێ
با وجوود ئێستا عەکسی ئەوەیە
ئەبینین دەوران بۆ یەک شەوەیە
دیارە ئەو باخە کە نایەتە بەر
«بریسی یاپار اوبری بۆزەر»