کەسێ دڵسۆز بێ بۆ هەموو کەسێ

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 2 دقیقه  3196 مشاهده
کەسێ دڵسۆز بێ بۆ هەموو کەسێ
دەرگایشی نەبێ لە دز نەترسێ
بە قاسپەقاسپی کەو بایەخ مەکەن
دیتە بۆ ڕاوی جینسی خۆی دەبەن
پیاوێ دووربین بێ نابێ تەنیا بێ
کە دۆستی نەبێ دەستیشی نابێ
ئەوی بە توندی لە جێی خۆی هەستا
کاتێکت ڕوانی ماندوو بوو وەستا
هەرچی ئەزانی بۆت ناچێتەسەر
مەیکە بە خولیا و بە کەڵکەڵەی سەر
نەزان، نەزانێ کە هیچ نەزانە
بەختیش ڕووی تێ کا خانە وێرانە
خودپەسەند دێوی نەفسی نەدیوە
خۆی لە ئاوێنەی دێواندا دیوە
مەلا بەدخوو بێ و بێ وەعز بدا
بە زۆر غەیبەتی خۆی بە خەڵک ئەکا
ئەو شێخەی مووچەی مرید وەرئەگرێ
دەمی «برنگ»ە و خوری پێ ئەبڕێ
بەو پارەیەی شێخ بەهەشت ئەفرۆشێ
نەتەوەی پیاڵەی مەی پێ دەنۆشێ
گەنجێ بە ڕەنج بێ ئەمێنێتەوە
میرات بۆ «نەوە» شەڕ ئەنێتەوە
ڕۆڵە ئەم پەندەم بە سەرمەشقت بێ
لە سەوداگەری، سەودای عەشقت بێ
بە عەشق ئازادەی هەر دوو جیهانی
کە عەشقت نەبێ لەشی بێ گیانی
ئەو سەرەی سەودای عەشقی تیا نییە
کوولەکەی وشکی ئاوی کانییە
خۆشیان ئەوێی هێشوە خۆشناوێ
جنێوفرۆش بێ، باوکتت خۆش ناوێ
لە مەیدانا کەس دەنگی دەرنایە
کە دوژمن شکا، زۆر کەس ئازایە
ئەوی هەڵکردی بە وشک و تەڕە
لە ماڵی خۆیا شای بەحر و بەڕە
بەڕەشڕ دەشۆی بە ئاوی کانی
قەدری ئاو مەگەر لە چۆڵ بزانی
ئەوی ڕووبەڕوو تۆ هەڵدەکێشێ
پاش ملە بە داخ ئاخ هەڵدەکێشێ
ئێستاکە مووچەی جاسووس نەماوە
لە دوور ئەم نانە بەو ڕۆنە باوە
دیتە کە «بەز»یان بە «کتک» سپارد
چۆن پارەی پەزیان ژمارد و بژارد
ئەوی بە کتک بەزێ دەسپێرێ
دیارە بز دارە پەزیش ئەبژێرێ
ئەڵێن گوێرەکە بە پەموو فێر بێ
دەست هەڵناگرێ زکیشی تێر بێ
کەوتووینە دەورێ جوان پیری ناوێ
ئەو دەورە گوزەشت چوار ژن بۆ پیاوێ
مسکێن و ئاغا لێک ڕاست بوونەوە
قوربانی و قوربان لەبیرچوونەوە
موشیر و سوڵتان وەک گورز و قەڵغان
هەڵگیران لەگەڵ سفرەی دیوەخان