بەبێ ڕێ مەڕۆ، هەرچەند قەدبڕ بێ

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 2 دقیقه  2451 مشاهده
بەبێ ڕێ مەڕۆ، هەرچەند قەدبڕ بێ
نانت گەنم بێ جۆیش هەرزانتر بی
بێوەژن هەرچەند خاوەن دراو بێ
تۆ کچ بێنە با، کراسی جاو بێ
دڵدارت نەبێ بەهەشت زیندانە
هەرچی دڵ ویستی هەر ئەوە جوانە
کەر کورتان گوم کا و ئێمە بۆی بدرووین
دەستی وەیسکەیە و سووژنی پۆڵایین
بە خاڵو خاڵو هات بەلامەوە
بوو بە توولەمار دای بە پامەوە
نازداری بەهار چەن شۆخ و شەنگە
ئاخ بێ بەینەتە هێجگار ڕەنگ ڕەنگە
کە خوا پیاو سەرخا بە کەس نانەوێ
ئەم ئاسمانە، ئەستوونی دەوێ
ئەو کەسەی کە خوا قەدری داوە پێی
کەس لێی پرسیوە کە تۆ کوڕی کێی؟
مەسنەد نادرێ بە زۆری چەنە
لەم زەویە ڕەقە توورێ هەڵکەنە
ئەوی بە ئاغام بە پاشام فێرە
بەراتی دێتە سەر دوو کولێرە
ئاهـ خوێندەواری! نەزانی لایە
بۆ کردەوەیشمان ڕەهبەری چایە
کە سرکە توند بێ قاپ ئەقڵیشێنێ
لەش کراسی تەسک دائەتڵیشێنێ
قەل ویستی وەک کەو بە خچکە بڕوا
ڕۆینەکەی شێوا و واشی بۆ نەلوا
هەموو ڕاوچییەک ئیساغا نییە
هەرچی ڕیش سوور بێ هەمزاغا نییە
تەپاڵە ئاگری گڕ ناکاتەوە
پاشەرۆک سەوی پڕ ناکاتەوە