تیل نیشان

از کتاب:
خۆشخوانی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  1602 مشاهده

یەکێکی تر لە هونەری جوانکاری وشەیی «تیل نیشان»ە. بۆ ئەم چەمکە زمانی بەلاغەیی عەرەبی «تلمیح»ی بۆ داناوە.

«تیل نیشان» ئەوەیە کە ئەو هۆنەرە لە هۆنراوەکەیا بە تیلی چاو دەست بۆ کارەسات، وە یا داستان، وە یا پەندێکی پێشینانی ئەو زمانە درێژ بکا.

بۆ داستان و کارەساتەکە وەکوو «مەلای جەباری» لەم وێنەیەدا ئەڵێ:

«خەم چەشمەی حەیات کەس نە نۆشا کرد»
«چەن کەس چون یوسف خەریکی چا کرد»

ئیشارەیە بە داستانی ئاوی حەیات کە هەرکەس بیخواتەوە نامرێ.

ئەم کانیاوەش لە ڕۆژاوای قەڵەمڕەوی سەر دەمی ئەسکەندەری مەقدوونیدا بوو، یەکێک لەو کەسانە کە ویستوویە بیخواتەوە ئەسکەندەر بووە و بۆیشی ڕێک نەکەوتووە.

هەروەها هێمایە بە کارەساتی یوسف، کە براکانی خستیانە چاڵەکەوە و پاشان لە لایەن کاروانێکەوە دەرهێنرا و برایە میسر، لە پاش ماوەیەک لەوێدا بوو بە عەزیزی میسر.

وە یا «حەریق» ئەڵێ:

«بولبولێکی خوشنەوا بووم بۆ نەوای دەوری گوڵت»
«کێ وەکوو «هود هود» حکایاتی سەبای گێڕایەوە؟!.»

ئیشارەیە بە داستانی پەپووسڵێمانە و سولەیمانی پێغەمبەر؛ کە پەپووسڵێمانە چوو بۆ شاری «سەبا»، بەڵکیسی دۆزیەوە و خەبەرەکەی هێنایەوە بۆ سولەیمان پێغەمبەر.

وە یا بۆ پەندی پێشینان، وە یا داستان «شێخ ڕەزا» ئەڵێ:

«گەلێکم کرد لەگەڵتا ئەی هەتیوەی نێرەکەرە»
«جەزاکەم وا دیارە وەک مارەکەی شێخ ئۆمەرە!»

ئەمە هەم بۆ پەندەکەش دەست ئەدا، هەم بۆ داستانەکەش. کە:

مارێک لە ترسی دوژمن هەڵات و تۆشی شێخ ئومەر بوو، وتی داڵدەم بدە، لەپاش گەلێ کەین و بەین لە بەینیانا، شێخ ئومەر مارەکەی لەناو سکی خۆیا شاردەوە. پاش ئەوە کە دوژمنەکە ڕۆیشت و مارەکە ترسی نەما، بە شێخ ئومەری وت: ئێستە بە جەرگتەوە بدەم، یا بە دڵتەوە!.

وە بۆ پەندی پێشینانی «ڕووت»یش وەکوو «پیرەمێرد» ئەڵێ:

«پێم ئەڵێن: ڕیست وەک خوری خاوە»
«کوێر هەتا دەمرێ بە تەمای چاوە»
«یەکێ ئەڵێ: «ڕیسەکەی بوو بە خوری».
«یەکێ ئەڵێ: «کوێر هەتا ئەمرێ هەر بە تەمای چاوە!».