گردکردنەوە

از کتاب:
خۆشخوانی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 1 دقیقه  683 مشاهده

یەکێکی تر لە هونەری جوانکاری «گردکردنەوە»یە. لە بەلاغەی عەرەبیدا بەم چەمکە ئەوترێ «عقد».

ئەم گردکردنەوەیە ئەوەیە کە پەخشان بکرێ بە هۆنراو، بەڵام نەک لەسەر ڕێگای «لێی وەرگرتن»؛ واتە ئەگەر پەخشانەکە «قرآن» وە یا «حدیث» بوو، کردنی بە هۆنراو وەختێک ئەبێ کە گۆڕانێکی زۆری تێدا بکرێ، وە یا دەستنیشانی ئەوە بکرێ کە «قرآن»، وە یا «حدیث»ە. لە لێی وەرگرتنا ئەم جۆرە شتانە نەبووە وێنە وەکوو ئەم پەخشانە - کە دەقێکە و - ئەڵێ:

«هۆشی نایەتەوە بە بەر خۆیا تا ئەو ڕۆژە کە سەر ئەخاتە سەر بەردی ئەلحەد، ئەو وەختە تێی ئەگا کە تا لە دنیادا بووە، مردوو بووە، چونکە بێ ئاگا بوو لە ئیشی چاکە!».

«صفوت» ئەم پەخشانەی کردووە بە هۆنراو و ئەڵێ:

«ئەو وەختەی کە وا لە دنیادا بوو»
«لە ڕاستی چاکە مردوویێک بوو زیندوو»
«ئەو ڕۆژەی داینا سەر لە سەر ئەڵحەد»
«بۆی دەرکەوت کە وا زیندوێکە مردوو!»
«بەڵام بێ کەڵکە زیندوێتی ناو خاک»
«زیندوو چاکەیە، تا نەبووە مردوو!»