کۆکردنەوە

از کتاب:
خۆشخوانی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  871 مشاهده

یەکێکی تر لەو هونەرانە «کۆکردنەوە»یە. ئەمە لە گوزارشتی عەرەبیدا بە «مزاوجە» ناوی دەرکردووە.

ئەم کۆکردنەوەش ئەوەیە کە دوو مەعنا لە نێوانی ئەو ڕستەیەدا کە شەرت و جەزای تێدایە کۆ بکرێتەوە. بە وێنە «عارف سائباعلام» ئەڵێ:

«ئەگەر مەنعەم بکەن لەو، عەشقەکەم زیاتر ئەبێ بێ شک»
«ئەگەر گوێ با بە «واشی» ئەو، ڕەمی زیاتر ئەبێ بێ شک»

گوزارەکەی ئەڵێ: ئەگەر خەڵکی مەنع و لۆمەم بکەن بۆ، وە لەسەر ئەوە کە من شەیدای ئەو دۆستەمم و لە ڕێگای ئەوا وەکوو دێوانەم لێهاتووە، بێگومان هەتا زیاتر ڕێم لێبگرن، عەشقەکەم بەرانبەر بەو هەر زیاتر ئەبێ. ئەگەر خۆ ئەویش گوێ بدا بە قسەی قسەچن، سڵ کردنەوە و دوورکەوتنەوەی لە من زیاتر ئەبێ و فرەتر دوور ئەکەوێتەوە!.

لێرەدا دوو شتی کۆکردۆتەوە؛ یەکێ مەنع کردنی لە دۆستی - مەعشووقی -، یەکێ گوێ ڕاگرتنی مەعشووقەکەی بۆ قسەی قسەچن.

لە نێوانی شەرت و جەزاکەدا لەم مەنعەی ئەو و گوێ ڕاگرتنی یارەکەی یەک شت ڕوو ئەدا؛ یەک شتەکەش سووربوونی هەر دووکیانە؛ واتە ئەو سوورە لەسەر عەشقەکەی و دۆستەکەشی سوورە لەسەر دوورکەوتنەوەی لەو. شەرت و جەزاکەش مەنع کردن و عەشقە زیادەکە، وە گوێ گرتن و سڵ کردنەوەکەیە.

بە کورتی هەر دووکیان یەک ڕێگایان گرتووە کە «زیاتر»ە کەیە؛ ئەویان زیاتر لە دێوانیەییدا، ئەمیان زیاتر لە دوورکەوتنەوەدا!.