جێگۆڕکێ

از کتاب:
خۆشخوانی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  917 مشاهده

یەکێکی تر لە هونەری جوانکاری گوزارەیی «جێگۆڕکێ»یە.

ئەمە بە لای ئەربابی بەلاغەی عەرەبییەوە بە «عکس» ناو ئەبرێ، بەڵام من بەلامەوە «جێگۆڕکێ» ئەو چەمکە زیاتر ئەدا بە دەستەوە؛ چونکە لەم جێگۆڕکێیەدا ئەوەیە کە تۆ بەشێک لە ڕەستەکە پێش خەی، پاشان هەر ئەو بەشە هەڵگریت و پاشی خەی. ئەمەش دوور نییە لە چەند ڕێگایەکەوە بکرێ.

وەکوو ئەوە ڕەستەکە دوو لای هەیە تۆ جێگۆڕکێکە لە بەینی یەکێ لە لایەکانیا بکەی. وێنەی ئەمە «شێخ محمدی مەردۆخ - ئایت اللە -» پشیلەیەکی کەلە زلی ئەبێ، لێی ئەپرسن: ئایتوڵڵا!. ئەم پشیلە کەلە زلە چییە؟ ئەویش ئەڵێ:

«کتکی ئایت اللە، ئایت اللەی کتک گەلە!.» کتک بە مەعنا پشیلەیە. ئەمە وێنە بوو بۆ «ناو» ئەگونجێ کردەوە لەناو دەربهێنرێ. وەکوو ئەڵێ:

«هێلکە لە مریشکە و مریشک لە هێلکەیە». ئەمە جگە لەوە کە یەکەم وشەی ڕەستەی گواستۆتەوە و خستوویەتە دوای دواوە، کردەوەیەکیش لە ناوا هەیە - کە پەیدا بوونە --؛ هێلکە و مریشکەکە بەستراون بەوەوە، یەکەم جار هێلکەکەی پێش مریشکەکە خستووە، دووەم جار مریشکەکەی پێش هێلکەکە خستووە.

وەیا «حەریق» ئەڵێ:

«حوبابی ئەشک و حەسرەت بووتە فنجانی سەر و سینەم»
«لە جێی دەستە گوڵا لێ دەن، ئەڵێن گوڵدەستەی تۆیە!»

جێگۆڕکێیەکە لە نێوانی «دەستە گوڵ» و «گوڵدەستە»- دایە.