گەڕانەوە

از کتاب:
خۆشخوانی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 1 دقیقه  790 مشاهده

یەکێکی تر لەو هونەرانە «گەڕانەوە»یە، بەلاغەی عەرەبی ئەڵێ «رجوع». واتە ئەگەڕێتەوە بۆ قسەی پێشوو بەڵام بە کورتی و ناتەواوییەوە. ئەم گەڕانەوەشە لەبەر دەردە دڵێکە، ئەم دەردە دڵە ئەکرێ بەهۆی ئەو گەڕانەوەیە، ئەگەر وانەبێ شتەکە بە درۆ دەرئەچێ.

وێنەش بۆ ئەمە وەکوو «حەمەمین» بەگی جاف ئەڵێ:

«جێ بگرە لە شوێن ئەو ماڵە گەورە»
«جێگای بەگزادە و پیاوانی گەورە»
«واز بێنە مەڕۆ، دنیای چەواشە»
«ئەوێشی کردە شوێن بووم و واشە!»

تەماشا ئەکەی سەرەتا بە دڵێکی خۆشەوە ئەڵێ بچۆ بۆ شوێن هەواری ماڵەگەورە کە جێگای بەگزادەکانی جافە و جێگایەکی تا ئەو پەڕی خۆشی خۆشە. «ماڵە گەورە» ناو بووە بۆ دەواری مەحموو پاشای جاف.

پاشان پەشیمان ئەبێتەوە و ئەڵێ: مەچوو چونکە چەرخی چەواشە ئەو شوێنەشی کوێر کردەوە و کردی بە جێگای واشە و کوننە بەبوو!.

لەبەر ئەم دەردە دڵە قسەی پێشوی خۆی هەڵئەوەشێنێتەوە و لێی پەشیمان ئەبێتەوە.