توانجپۆشی

از کتاب:
خۆشخوانی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 3 دقیقه  1508 مشاهده

یەکێکی تر لە هونەری جوانکاری گوزارەیی «توانجپۆشی»یە. کە ئەمە لە بەلاغەی عەرەبیدا بە «تەوریە ناو ئەبرێ.» لە کوردیدا بە «پۆشین»یش هەر ناوبراوە، بەڵام بە لێکدانەوەی من «توانج پۆشی»یە کە لە بارترە، چونکە «پۆشین»ەکە زیاتر ڕووی ڕەخنەی ئەچێتە سەر.

جا ئەم «توانج پۆشی»یە ئەوەیە کە وشەیەک هەبێت دوو گوزارەی هەبێ - کە زۆرتر لە وشەکانیش هەر وانە - یەکێ دوور، یەکێ نزیک. تۆ بەهۆی نیشانەیەکی پۆشراوەوە دوورەکەت مەبەست بێ. تەنانەت لەوانەیە ئەگەر زیرەکییەک و ئەدبییەک لە ئارادا نەبێ گوێگر هەر نەچێ بۆ گوزارە دوورەکە. وە یا جاری وا ئەبێ ئەگەر سەرگوزەشتی گوزارە دوورەکە نەزانرێ، پیاو هەر بۆ گوزارە نزیکەکە ئەچێ.

ئەم «توانج پۆشی»یە هەندێ جار بە «ایهام»یش ناو ئەبرێ، چونکە پۆشراویەکی تێدایە و لەوانەیە بیرەکە بۆ شتی تر بڕوا.

«توانج پۆشی» ئەبێ بە دوو بەشەوە؛ «ڕووت - مجرد»، «پاڵاوتە - مرشح»:

«ڕووت»ەکە ئەویە ئەگەر نیشانەش هەبێ هەر لەگەڵیا کۆ نابێتەوە و هەر مەعنا دوورەکە ئەگرێتەوە. وەکوو ئەڵی:

«ئەرز لەسەر شاخی گایە، گا لەسەر ماسییە، ماسی لەسەر ئاوە، ئاو لەسەر بایە!»

ئەمانە دوو گوزارەیان هەیە؛ یەکێ ئەوە بەچاو ببینرێن، یەکێ ئەوە کە هەر ئەفسانە بێ و نەبینرێن. مەعنا نزیکەکە نییە چونکە ئەوەتە بەر چاوامان ناکەوێ کە ئەرز لەسەر شاخی گا. هتد بێ. کەواتە چار نییە هەر ئەبێ مەعنا دوورەکە بێ، ئەو نابینرێ، ئیتر بابەتەکە واقعە، یا واقع نییە ئەمە شتێکی ترە.

«پاڵاوتە» کەش وەکوو «ناڵی» ئەڵێ:

«دنیا کە گوڵگوڵی بووە قوربان ئەتۆیش وەر»
«تالب بە گوڵ بە، قەیدی چییە گوڵ گوڵی بوێ!»

تەماشا ئەکەین کە ئەڵێ «گوڵ گوڵی بوێ»، ئەو گوڵە گوڵی باخە و «زمان» بە گوڵی ناو ئەبا، کەچی مەبەستیش دۆستەکەیەتی کە ناوی بە گوڵ بردووە

وە یا «شێخ ڕەزا» ئەڵێ:

«گەرچی فەقیر و موفلسە شێخ مامە ساڵحم»
«نەم دی کەسێ وەکوو ئەو ساحبی کەرەم»
«میوانی بووم نان و کەرەی نایە بەر دەمم»
«ئیستەش بە بێ موداهەنە مەمنوونی ئەو کەرەم!»

وشەی «کەرە» دیارە چییە و ئەوەیە کە مەشکە ژەنرا لەناو مەشکەکەی دەر ئەکەن، کەچی گوزارەیەکی دووریش هەڵئەگرێ لە کاتێکا کە ئەڵێ «ئەو کەرەم» مەبەستی مامە شێخ ساڵحی بێ و بە «کەر»ی دانابێ!. ئەمە گوایە مامە شێخ ساڵحی پیاوەتی لەگەڵ کرد!.