پچڕان

از کتاب:
خۆشخوانی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  779 مشاهده

یەکێکی تر لە هونەرەکانی جوانکاری «پچڕان»ە ئەم هونەرە لە لای بەلاغەی عەربی «استخدام»ی پێی ئەڵێن، بەڵام من ئەگەڕێمەوە سەر بناغەکەی و بە «پچڕان» ناوی ئەبەم. چونکە:

ئەم هونەرە برێتییە لەوە کە وشەیەک لە ڕەستەیەکدا بوترێ، ئەو وشەیە دوو گوزارەی هەبێ، پاشان ڕاناوێکی بۆ بگێڕێتەوە، مەبەست بە ئەسڵی وشەکە گوزارەیەک بێ، وە بە ڕاناوەکە گوزارەکەی تری. ئەمە لە ڕاستیدا بە ڕاناوەکە ئەپچڕێ لە ئەسڵەکە. کەوا بوو «پچڕان» دروستتر بوو لە «استخدام»، چونکە «استخدام» بە خوازەیەکی تەواو بۆی دانراوە.

جا وێنە بۆ ئەم «پچڕان»ە وەکوو «شەیدا» ئەڵێ:

«لە شەممەدا من ئاگرم نابێ»
«چونکە ئاگردان لەوێدا نابێ»

«شەممە» ناوی دێکە لە وڵاتی سولەیمانی، وە ناوی یەکێ لە ڕۆژەکانی حەفتەشە. کە ئەڵێ «ئاگردان لەوێدا» ڕاناوی «لەوێ» بۆ شەممە ئەگەڕێتەوە.

لە کاتی خۆیا «شەلەمۆ» هەبوو جوولەکە بوو، لە دێ شەممە دائەنیشت. ئەگونجێ «لەوێ» دا، دێ شەممە بێ، وە ئەگونجێ ئەوە بێ کە لە ڕۆژی شەمموانا ئەو ئاگری نابێ چونکە جوولەکەیە و جوولەکە لە شەو و ڕۆژی شەممەدا ئاگر ناکاتەوە!.