پێچە و بەخشە

از کتاب:
خۆشخوانی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 3 دقیقه  874 مشاهده

یەکێکی تر لە هونەری جوانکاری گوزارەیی «پێچە و بەخشە»یە. ئەم هونەرە تا ئێستە هەر بەناوی «لف و نشر»ەوە ناو براوە، بەڵام بەلای منەوە لەبەر ئەوە کە قسە لە ڕەوانبێژی کوردییەوە ئەکەین، ڕەستەی «پێچەوبەخشە» بە تەواوی پڕبە پێستی ئەو چەمکەیە کە «لف و نشر»ی بۆ دانراوە.

هەندێ لە زانایان بەلایانەوە وایە کە «پێچە و پەخشە» ئەبێ لەناو بابەتی «وەک یەک»دا بێ. بەڵام بڕوای من جیایە، ڕاستە گەلێ لە وێنەکانی «پچە و پەخشە» ئەگەر لە باری «وەک یەک»ەوە سەیر بکرێ ئەگونجێ بۆ ئەوێ. بەڵام ئێمە ئەبێ تەماشای بابەتەکان بکەین؛ بابەتی «وەک یەک» لە بەشی «ڕوانکاری - بەیان» دایە، بابەتی «پێچە و پەخشە» لە بەشی «جوانکاری گوزارەیی» دایە. کە وابوو شوێنەکەی هەر ئەم شوێنەیە.

ئەمە و دیسان ئەگەر شتێک یەکێک لە هونەرەکانی ڕەوانبێژی بە سەرا سەرەونخوون کرایەوە، مەعنای ئەمە ئەوە نییە کە ئیتر نابێ بەر هونەرێکی تر نەکەوێ!. هەرچەندە ئەگەر سەیری گەلێ لە بابەتەکانی «ڕەوانکاری»یش بکرێ، سەیر ئەکەی لە هونەری «جوانکاری» تێدایە، وە ئەبێ تیشیا بێ چونکە هەموویان بەلاغەن، بەڵام ئەبێ ئێعتباراتێک هەر هەبێت بۆ جیاکردنەوەیان.

جا ئەم هونەری «پێچە و پەخشە»یە ئەوەیە کە خاوەن دەق لە ڕەستەکەیا. دوو، یا زیاتر لە دوو شت ئەڵێت، پاشان بە شوێن ئەوانا بە ئەندازەی ژمارەی ئەوان چەند وشەیەکی تر دێنێتەوە، کە ئەم وشانەی دوایی لە ڕووی گوزارەوە هەر یەکەیان ڕوو ئەکەنەوە لەوانەی پێشوو وە بۆ ئەوان ئەگەڕێنەوە.

ئەمانەش وا ڕێ ئەکەوێ بە ڕێک و پێکی ئەبێت؛ واتە یەکەم وشەی ڕەستەی دووەم ڕوو لە یەکەم وشەی ڕەستەی یەکەم ئەکاتەوە، دووەمی دووەم بۆ دووەمی یەکەم و هەروەها.

وە یا ناڕێک ئەبێت؛ واتە وشەی یەکەمی ڕەستەی دووەم بۆ وشەی دووەمی ڕەستەی یەکەم، وە دووەمی بۆ یەکەمی یەکەم ئەگەڕێتەوە، هەروەها ڕێ ئەکەوێ سێیەم بۆ دووەم بچێتەوە. بەلای هەندێ لە زانایانی ڕەوانبێژییەوە ئەم «پێچە و پەخشەی» ناڕێکە پاراوترە لە ڕێکەکە، چونکە دڵ، بۆ زانینەکەی، زوو ڕوو بە ڕووی ئەبێتەوە.

وێنەی ڕێک و پێکەکە وەکوو «ئەدەب» ئەڵێ:

«بە زوڵف و ئەبرۆ و موژگان، بە خەت و پەرچەم و باڵا»
«کەمەند و تیغ و تیرو جەوشەن و خەفتان والایی»

هەموو وشەکانی نیوە هۆنراوەی دووەم و بە ڕیزە ئەچنەوە بۆ هەموو وشەکانی نیوە هۆنراوەی یەکەم؛ واتە پێنج بە پێنج.

وە یا «زێوەر» ئەڵێ:

«تکا، شکا بە جارێ شەراب و شیشەی دڵ»
«ئەسراری مەخفیاتم کەوتۆتە سەر زبانم»

تکا بۆ شەراب و شکا بۆ شیشە بە ڕێکی بەرانبەری یەک وەستاون.

بۆ ناڕێکەکەش وەکوو «تاهر بەگ» ئەڵێ:

«برۆ و ڕوخسار و زوڵف و لێوی ئاڵت»
«شەو و ڕۆژ و هیلال و لەعل و مەرجان»

لە نیوە هۆنراوەی دووەما «شەو» کە لە پلەی یەکەما بۆ «زوڵف» ئەچێتەوە، کە ئەم زوڵفە لە نیوە هۆنراوەی یەکەما لە پلەی سێهەمی ڕیزی وشەکانە. «هیلال» لە نیوەی دووەما لە پلەی سێهەمایە بۆ «برۆ» ئەگەڕێتەوە، کە ئەم برۆیە لە پلەی یەکەمایە لە نیوە هۆنراوەی یەکەمدا.

وە یا ئەم ڕەستەیە کە ئەڵێ:

«پاوەن و ماڵ و پیاوانمان»
«کوشتیان، بردیان، سووتانیان»

«کوشتن» بۆ پیاوان، «بردن» بۆ ماڵ، «سووتان» بۆ پاوەن ئەگەڕێتەوە.

وشەکانی ڕەستەی دووەم بە ناڕێکی هەر یەکە ئەچنەوە بۆ ئەو وشانەی کە لە ڕەستەی یەکەمدان.