سجع

از کتاب:
بەدیع و عەرووزی نامی
اثر:
ملا عبدالکریم مدرس (1901-2005)
 3 دقیقه  982 مشاهده

یەکێکی تر لە جۆرەکانی ڕازاندنەوەی لەفزی «سجع»ە کە بریتییە لە هاوشێوەیی دوو وشەی دوایی پەخشان لە دوا حەرفدا. جوانترین سەجعیش ئەوەیە بڕبڕەکانی ئەوەندەی یەک بن. ئەمەیش سێ جۆری هەیە، یەکیان «سجعی مطرف»ە کە ئەوەتە فاسیلەکانی لە سەنگدا جیاواز بن، بەڵام لە قافیەدا وەک یەک وا بن، وەک لەم ئایەتەدا: «الم نجعل الارض مهادا، و الجبال اوتادا».

«نامی»یش بۆ نموونە ئەڵێ:

«چاوت نەڕوانێ بۆ ماڵ. هەر بڕوانە بۆ ئەحواڵ. بنیادەم بە حاڵی باش ئەگا بە پایەی کەماڵ».

دووهەمیان «سجعی مرصع»ە کە ئەوەتە لەفزەکانی یەکێ لە بڕبڕەکانی یا زۆرتریان لە سەنگ و قافیەدا هاوشێوە بن، وەک ئەم ڕستەیەی حەریری لە مەقاماتەکەیا کە وتوویە: «وهو یطبع الاسجاع بجواهر لفظه، ویقرع الاسماع بزواجر وعظه» یا وەک ئەم ڕستەیەی هەمەدانی کە ئەڵێ: «ان بعد الکدر صفوا، وبعد المطر صحوا».

«نامی»یش ئەڵێ:

«بڕۆرەوە شیرەمەڕ، بخۆرەوە شیری مەڕ، بگرە بە داو شێری لەڕ، بگرە بە تاو بەحر و بەڕ، جیهان پڕ بکە لە فەڕ».

سێهەمیشیان «سجعی متوازی»یە کە ئەوەیە دوو بڕبڕەکە لە سەنگا یا لە قافیەکاریدا هاوشێوە بن، وەک لەم ئایەتەدا کە ئەفەرموێ: «فیها سرر مرفوعة، واکواب موضوعة».

«نامی» لە نموونە هێنانەوە بۆ ئەم جۆرەدا ئەڵێ:

«ماڵ بۆ خواردن و خەڵات، یا بۆ ڕۆژی بەسەرهات، یا بۆ سەدەقە و خێرات».

جوانترین جۆری سەجعیش ئەوەیە کە بڕبڕەی دوایی لەوی پێشووی درێژتر بێ، وەک لەم ئایەتەدا کە ئەفەرموێ: «و النجم اذا هوی، ماضل صاحبکم و ماغوی».

«نامی»یش لە نموونەی ئەم جۆرەدا ئەڵێ: «من ئامادەم بۆ کردنی ئەوەی تالیبی بۆی، بە قوربانی ئەو خاکەیشم تۆ بەسەریا ئەڕۆی»

خۆ ئەگەر بڕبڕەکان سیان بن، ئاوەی سێهەمیان لە دووەمیان درێژتر بێ، وەک لەم عیبارەتەدا: «بە قوربانی باڵاتم. من تا ئەمرم هەمیشە بەتەماتم. هاتوومە بەردەرگاکەت چاوەڕوانی خەڵاتم».

وێنی بەکارهێنانی سجع وتاری پەخشانە. جاروباریش لە شیعردا بە کاری ئەهێنن، وەک ئەوە کە شاعیری عەرەب وتوویە:

فنحن فی جزل، و الروم فی وجل
و البر فی شغل، و البحر فی خجل

نامییش ئەڵێ:

چاو ئەڕوانێ بۆ باڵات، لەبۆ شیرینیی کاڵات
هیوای من لە گشت حاڵات، حەشرە لە سایەی ئاڵات