کوردینە ڕاستە ئێمە بەشەرین

از کتاب:
دیوانی شاهۆ
اثر:
شاهو (1882-1971)
 1 دقیقه  956 مشاهده
کوردینە ڕاستە ئێمە بەشەرین
بەرۆکمان نەگرن ئێمە لاشەڕین
بەڵێ کە ئێمە خەڵقی عێراقین
گشت برای یەکین، یەک ئیتتیفاقین
گشت کەس تێکۆشی بۆ وڵاتی خۆی
چی چاک بێ بکا بۆ نەجاتی خۆی
دواکەوتوو مەبن کوردینە وەک مەرد
وریا ببنەوە، بۆ ڕۆژی نەبەرد
دەس لەناو دەس نێن پشتی یەک بگرن
تەفرەقە مەبن با بژین، نەمرن
یەقینتان لێ بێ مەرگ بە یەکجاری
گەلێ خۆشترە، لە خزمەت کاری
وڵاتمان ئەوسا جێگەی شاهان بوو
جێگەی داردەسی ساحێب جاهان بوو
گەلێ جار حوکمی شەرق و غەربی کرد
شاهان سوجدەیان بۆ عەرشی ئەبرد
«بەهەشت» کە بە پێی نەسی قورئانی
بۆ خوا و ڕەسوولە و ئەهلی ئیمانی
کەچی نەزانان بە نەزانانە
لەلایان وایە هەر بۆ خۆیانە
تێناگەن کوردیش کە موسڵمانن
بە کەلامی حەق ساحێب ئیمانن
بەشدارن هەموو لەو حوکمە جوانە
وەک نەزان ناڵێن هەر بۆ خۆیانە
هەرکەسێ کەس بێ ئەمانەی بەسە
ئەگەر ڕزگاری کوردی مەبەسە