دوو کتێب لە ناو فەقێیانا باوی هەبوو...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 1 دقیقه  966 مشاهده

دوو کتێب لە ناو فەقێیانا باوی هەبوو ئەخوێنرا، یەکێکیان «عوامل» یان پێ ئەوت، ئەویتریان «جمع الجوامع». ئەو کەسەی کە سەرەتا ئەچووە فەقێیەتی دەستی ئەکرد بە «عوامل» و ئەوەی ئەخوێند. ئەوەش کە لە فەقێیەتی ئەبۆوەوە هەموو عیلمەکانی ئەخوێند، دەستی ئەکرد بە «جمع الجوامع». مەعنای وایە ئەم دوو کتێبە تەقریبا ئەمسەر و ئەوسەری خوێندنی فەقێیەتیە. شێخ عەلی پەڕۆ هەبوو لە سولەیمانی، مەلایەکی وانەبوو. مەلا شێخ بابە عەلی تەکیەیی هەموو جارێک ئەیوت شێخ عەلی عوامل و جمع الجوامع وەکوو یەک ئەزانێ. شێخ عەلی ئەمەی پێ خۆش بوو، یەعنی چۆن عواملی بە لاوە ئاسانە، بۆ زانینەکەی جمع الجوامعیشی بە لاوە ئاوایە و بە باشی ئەیزانێ. لەگەڵ ئەوەشا مەبەستی بابە عەلی ئەوە نەبوو، مەبەستی ئەوە بوو، کە چۆن عوامل بەو ئاسانییە نایزانێ جمع الجوامعیش هەروەها نازانێ، لە زانینیانا هەر وەکوو یەک وایە.