ئەم شارەزوورەی ئێستا ئەوسا هەمووی قامیشەڵان...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  597 مشاهده

ئەم شارەزوورەی ئێستا ئەوسا هەمووی قامیشەڵان و چقڵ بوو، زۆر کەم ئاوەدانی تێدا هەبوو؛ بە تایبەتی لەبەر ئەوە کە ڕێبازی جاف بوو، ئاوەدانی هەڵنەئەگرت. لە نزیکی بیستانسوورەوە ڕووباری هەبوو لە «تەپی سەفا»وە بەسەر ڕووبارەدا ئەهات بۆ بیستانسوور. مارێک لەسەر ئەو ڕێگایەدا پەیدا بووبوو، ڕێگایەکی گرتبوو نەیئەهێشت کەس بەو ڕێگایەدا هاتوچوو بکا، تەنانەت سواری ئەگێڕایە دواوە. زیاتر لە دوو مانگ ئەو ڕێگایەی بردبۆوە بەست. بە ڕێکەوت جارێک دوو کەسی نەشارەزا بە حاڵی ئەو مارە، بەو ڕێگایەدا ئەڕۆن، مارەکە لەو کاتەدا لە چەقی ڕێگاکەی ئەوانا لەسەر ڕووبارەکە ئاو ئەخواتەوە. ئەو دوو کەسە بۆیان ڕێئەکەوێ مارەکە ئەکوژن.

لە ڕۆژی دواییدا لە بێستانسوور بڵاو ئەبێتەوە کە مارەکە کوژراوە. پیاوێک لە دێکەدا هەبوو «مینە»ی ناوبوو، کوڕوکاڵ سەریان خستە سەری کە تۆ مارەکەت کوشتووە؟ ئەویش وتی نە. هەر وازیان لێ نەهێنا ئاخرەکەی کابرا لە خۆی کەوتە شکەوە وتی ئەو عالەمە هەموو ئەڵێن تۆ کوشتووتە، کە واتە، ڕەنگبێ من کوشتبێتم. وتی بەڵێ من کوشتوومە. ئەمجا مینەیان هەڵگرت و چوون بۆ سەیری مار، مار مار نەبوو ئەژدەهایەک بوو. مینە کە چاوی بە مار کەوت، بووردەوە لە هۆش خۆی چوو. ماریش ئەوا تۆپیوە، بەهەر جۆر بوو مینەیان هێنایە هۆش خۆی. ئەویش بووبوو بە قسەی خۆیەوە هەر ئەیوت من کوشتوومە.