جاران هەر بەینە نە بەینێک یەکێک ڕاست ئەبۆوە...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  600 مشاهده

جاران هەر بەینە نە بەینێک یەکێک ڕاست ئەبووەوە یا داوای خوایی ئەکرد یا داوای پێغەمبەریەتی. وەکوو ئەوە کە ئەڵێ جارێک لەو خوارە کابرایەک پەیدا بوو داوای خوایی ئەکرد، گرتیان و بردیانە لای خەلیفە، وتی ئەمە چییە هەر ڕۆژێ یەکێک سەر ڕاست ئەکاتەوە ئەڵێ من خوا وە یا پێغەمبەرم، ئەی ئێمە چین؟ ئێمە خوای سەر زەوین، ئیتر ئەمانەی تر چین؟ ڕووی کردە کابرا و پێی وت نازانم ئەم هەمووە چییە؟ ئەوە پاریش یەکێک پەیدابوو، داوای پێغەمبەری ئەکرد، وتم بیکوژن. کابرای خوا وتی چاکت کرد من هیچ ئاگام لە ناردنی ئەو نەبووە. هەروەها یەکێکی تریش پەیدابوو و داوای پێغەمبەری ئەکرد، ئەویشیان گرت و بردیانە لای خەلیفە، خەلیفە وتی تۆ پێغەمبەریت؟ وتی بەڵێ. وتی موعجیزەکەت چییە؟ وتی موعجیزەیەکی زۆر ئاشکرام هەیە. خەلیفە دڵی ڕاچەنی وتی چییە؟ وتی ئەوەیە کە ئەزانم چیتان لە دڵایە، وتی چییە؟ وتی ئەوەیە کە ئێستا ئەڵێن من درۆ ئەکەم. خەلیفە دەستی کرد بە پێکەنین و بەرەڵای کرد. جارێکی تر کابرایەکی تر داوای پێغەمبەریەتی کرد، گرتیان بردیانە لای خەلیفە، خەلیفە وتی ئەمە لە برسا شێت بووە و لە چڵکا هار بووە، بیبەن لە ئاشخانەی بارەگا بیگرنە گۆشت ۆ ڕۆن و بیبەنە حەمام بیشۆن و جلی پاک و پوختی لەبەر کەن چاک ئەبێتەوە. بردیان وەکوو خەلیفە وتی وایان لێ کرد. لە پاش ماوەیەک خەلیفە بانگی کردەوە پێی وت ئێستەش جبرئیل دێت بە لاتەوە، چیت بۆ دێنێ؟ وتی بەڵێ. وتی چییە؟ وتی ئەڵێ شوێنێکی چاکت دەست کەوتووە، هیچ پێغەمبەرێک هەرگیز ئەم خۆشی و ناز و نیعمەتەی دەست نەکەوتووە، نەکەی بە جێی بێڵیت. خەلیفە وتی دە باشە دانیشە بۆ خۆت هەر بخۆ.