مچەی حەبێ کشمیش هەبوو لە سولەیمانی نێرموک...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  908 مشاهده

مچەی حەبێ کشمیش هەبوو لە سولەیمانی، نێرموک بوو، کەوای تاقە و سڵتەی ماوتی ڕەشی ئەکرد بەسەرا، پشتێنی پەشم، قۆندەرەی نایابی بە جیڕە، قژەکەی سەری هەر ئەوەندە ڕەش وجوان بوو کە شانەی ئەکرد و ئەڕژایە ناوشانی ئەتوت خەیاتەی خاوە. هەندێ جاریش ئەیهۆنیەوە ئەیکردە بسک، چەفتە و مشکی ڕشیووداری لوول ئەدا بە دەستووری ئەو سەردەمەی سولەیمانی ئەیبەست بە سەرەوە. سمێڵێکی قەفی قەترانی هەبوو لە وسمەی ئەگرت، چاوی ئەڕشت، ڕیشەکەشی هەموو ڕۆژێ لووس و پووس ئەتاشی، پیاو کە چاوی پێ ئەکەوت ئەیوت ئەمە پاڵەوانێکە لە پاڵەوانان. خۆ ئێجگار فەقیانەکانی ئەشەکاندەوە بە لەنجەیەکەوە، پیاو ئەیوت ئەمە خەرامانی چینە. هاتوچووی دیواخانی پیاوان و ژنانی ئەکرد، دەنگێکی ناسکی ژنانەی هەبوو، ئەتوت کچی چواردە ساڵە. کە ئەچووە ناوبازاڕ و سەر دوکانەکان پیاوان لێی کۆئەبوونەوە بە دەنگە ناسکەی ئەیوت: «ئەیڕۆ لاچۆ بچۆ بەو لاوە». کە ئەچووە ناو ژنان دەنگی خۆی ئەکرد بە هی وەکوو پیاو، بەڵام لێی نەئەهات. ژنان هەموو ئەیانناسی، بەبێ پەردە ئەچووە ژوورەوە. هەموو ماڵە گەورەکان ئەگەڕا. ژنان ئەیانویست گاڵتەی لەگەڵ بکەن، لێی کۆئەبوونەوە لە ئەوەڵەوە ئەو بەدەنگی وەکوو دەنگی پیاو ئەچووە مەیدانەوە، بەڵام لەبەر ئەوە کە درۆ بوو، ئەچووەوە سەر دەنگە ڕاستیەکەی خۆی. ئەوانیش دەرپێکەیان دا ئەکەند. ئیتر بە تەواوی ئەکەوتە سەر قسەی ژنانەی خۆی ئەیوت: «کچێ ئەیڕۆ مەکە لاچۆ بچۆ بەو لاوە». ژنان و پیاوانی ئەو سەردەمەی سولەیمانی بۆ ژیان و گوزەران هەموو یارمەتییان ئەدا، ئەویش بە ژیان و ڕابواردنێکی پاک و پوخت ڕایئەبوارد، چونکە لە ناو ژنانا بۆنی پیاوی لێ ئەهات و لە ناو پیاوانیش بۆنی ژنانی لێ ئەهات، بەم بۆنەوە نانی کەوتبووە ڕۆنەوە، وە یا بە کوردیتر وەکوو مەسەلە کوردییەکەی لێ هاتبوو. ئەمجا کە عمری خوای کرد نازانم باجی مریەم شۆردی، یان مەلا غەفووری مزگەوتی ناوبازاڕ یا خەلیلی لای حاجی تۆفیقی پیرەمێرد، چونکە خەلیلیش وەکوو مچە نێرەموک بوو. ئەمە لە مەلاکان بپرسە.