شێخ بابە عەلی تەکیەیی زیاتر لە هەشتا ساڵ...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 1 دقیقه  591 مشاهده

شێخ بابە عەلی تەکیەیی زیاتر لە هەشتا ساڵ عومری کردبوو، یەکێک بوو لە عالمە هەرە گەورەکانی سولەیمانی، لە بن دەست ئەمەشەوە لە نوکتە و قسەی نەستەقدا هەر یەکێک بوو لە نوکتە بێژەکانی سولەیمانی. جارێکیان وتی ئێوە وا ئەزانن کە من پیر بووم و گوڕی زەمانی جوانیم نەماوە. وتیان چۆن یا شێخ؟ وتی ئێمە لە تەکیە لە تەنیشت ماڵەکەمانەوە بەردێکی گەورە هەبوو، ئەو سەردەمە کە مناڵ بووم دەستم دایە بۆم نەئەجووڵا، کە بووم بە گەنج و هەڕەتی هەرزەکاری، هەر دەستم دایە و بۆم نەجووڵا، ئێستە کە ئێوە ئەڵێن پیر بووم، هەر دەستی ئەدەمێ، کەچی دیسان بۆم ناجووڵێ، کە واتە دەوری مناڵی و گەنجی و پیریم وەکوو یەک وایە و هیچ فەڕقی نەکردووە.