شێخ ڕەزای تاڵەبانی لەگەڵ وەسمان پاشای جافدا...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 4 دقیقه  787 مشاهده

شێخ ڕەزای تاڵەبانی لەگەڵ وەسمان پاشای جافدا سەروسەودای هەبوو. هەموو جار هاتوچۆی ئەکرد. هەروەها لەگەڵ خانمی وەسمان پاشاشا ئەو ناسراویەی هەبوو. ڕۆژێک شێخ ڕەزا بە وەسمان پاشا ئەڵێ، پاشام تۆ ئەرکێکی زۆری عەشیرەتی جافت بەسەرەوەیە، ئەم عەشرەتە گەورەیە ئیدارەی ئەوێ، ئەم دیواخان و دەواری دوانزە هەستوونییە ئیدارەیەکی تری ئەوێ. تۆ خۆتت کەنار گرتووە، خانم ئیدارەی عەشرەتەکە ئەکا، حەقیقەت سەروکاری دیواخان و میوان و میوانداریش ئەکا، بەڵام ئەمە بۆ ئەو ئەرکێکە زیاد لە تاقەت، خواش قەبووڵی نییە. خانەدان و بنەماڵەی بە ناوبانگ زۆرە لەم کوردەوارییە، ئەتوانی ژنێکی تر لە یەکێک لەو خانەدانانە بێنیت، ئەو سەروکاری دیواخان و میوانان بکا، خانمیش یەک چاو بێتەوە بۆ عەشیرەتداریەکە و ئیدارەی ئەم تۆپی جافە. شێخ بەم جۆرە دڵی وەسمان پاشا کرمێ ئەکا. ئەم قسەیە ئەگاتەوە بە خانم، خانم لە شێخ ڕەزا تووڕە ئەبێت و ئەنێرێ ئەیهێنن، پێی ئەڵێ شێخ ڕەزا تۆ چۆن قسەی وات لای پاشا کردووە؟ گوایە من کە «عادلە» بم و لە بنەماڵە گەورەکانی سنە بم، وەکوو ئیدارەی عەشرەتداریم پێ ئەکرێ، ئەی ئیدارەی دیواخان و میوانداریم پێ ناکرێ. شێخ ڕەزا ئەڵێ خانم من قسەی وام نەکردووە و بە درۆ ئەمەیان بۆ هەڵبەستووم. خانم ئەڵێ چۆن؟ لەوانەیە من ئەمەم لە ناوچاو پاشاشەوە خوێندۆتەوە. شێخ ڕەزا ئەڵێ ئەمەی پێ ناوێ، لەگەڵ پاشادا ڕوبەڕوومان بکەرەوە ئەگەر من قسەی وام کردبوو، ئەو وەختە تۆ هەقی گلەییت هەیە و ئەتوانی ئەوەی لە دەستت دێ بەرانبەر بە من بیکەی. خانم ئەڵێ باشە. خانم بۆ سبەینێ کۆڕێکی سێ قۆڵی بۆ خۆی و شێخ ڕەزا و وەسمان پاشا ڕێک ئەخا و سێ بە سێ دائەنیشن، خانم ئەڵێ شێخ ڕەزا ئەوە تۆ و ئەوە وەسمان پاشا فەرموو قسەکانی خۆت بگێڕەوە. ئەڵێ قسەی چی؟ ئەڵێ ئەو قسانەی کە هانی پاشا ئەدەی ژنی تر بێنێ. ئەڵێ خانم ژنی تری چی، ئەوا پاشا خۆی بە ڕووەوەیە و ئەوا تۆیش دانیشتووی، پاشا وەکوو لە ناوچاویا خوێندبوومەوە لەبەر ئەوە کە تۆ ئەرکێکی زۆرت بە سەرەوەیە، ژنێکی تر بێنێ، ئەو خەریکی دیوەخان و میوانداری بێ، تۆیش سەروکاری عەشرەتەکە بکەی. منیش وتم پاشا شتی وا مکە، هەوێ لە بەینی یەکا ڕێناکەون، ئەوی بە خانم ئەکرێ بە کەسی تر ناکرێ، ئەگەر ژنێکی تر دێنیت وەکوو تۆپی منداڵانت لێ دێ بە دەستیانەوە.

ئەو فڕێت ئەدا بۆ ئەو و ئەو بۆ ئەو. ئەگەر دوو ژنی تر دێنیت وەکوو مەنجەڵی سێ کوچکەی ئاگردانت لێ دێ، هەر ئەبێ دەست بکەی بە کوڵان و جۆشدان بە سەریانەوە و هیچیشت لە دەست نایە، ئەگەر سێ ژنی تر دێنیت وەکوو چوار گورێسی دەوارت لێ دێت، هەر یەکە بە لایەکا ڕات ئەکێشن و تۆیش لەو ناوەدا پرزەت ئەبڕێت.

خانم من ئەمەم وتووە. خانم ڕەنگێکی سوور و گەشی هەڵێنایەوە و هەر لەو وەختەدا بانگی کرد خەڵاتێکی باشیان بۆ شێخ ڕەزا هێنا و وتی لە بڕوێش و کەشک ودۆینەش بار کەن با شێخ ڕەزا بینیڕێتەوە بۆ مناڵەکانی. وتی یا شێخ! هەموو جار هەر قسەی وا بکە. وتی چۆنی ناکەم خانم؟ ئەمە لەم لاوە خانم وا، لەو لاوە وەسمان پاشا ڕەنگ لە ڕوویا پەڕی وتی خوا بتگرێ شێخ ڕەزا تۆ کەی بە لای منەوە وات وت؟ تۆ خۆتت ڕزگار کرد و منت تووش کرد. شێخ ڕەزا وتی وەسمان پاشا تۆ هیچت لە دەست نابێتەوە، هەموو شت هەر لایەقی خانمە، بە خوا سا هەموو جار هەر قسەی وای بۆ ئەکەم، جا تۆیش کەیفی خۆتە.