ساڵی ١٩٢٣ سەید عەبدولعەزیزی شێخولئیسلامی...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  631 مشاهده

ساڵی ١٩٢٣ سەید عەبدولعەزیزی شێخولئیسلامی سنە، سەرهەنگ خانێکی حاکمی ئەو وڵاتە دووری ئەخاتەوە و ئەینێرێ بۆ هەمەدان. ئەگاتە «قروە» لەم لاوە بۆی تێ ئەکەون و ئەو دوور خستنەوەیە لا ئەبری و شێخولئیسلام ئەگەڕێتەوە بۆ سنە. مەلا فەیزوڵڵایەک هەبوو شاعر بوو، شیعری بۆ پیاوەگەورەکان دائەنا و شتیان ئەدایە. بە هۆی گەڕانەوەی شێخولئیسلام پارچە شیعرێکی فارسی سەر سەلامەتی شێخولئیسلام و گەڕانەوەی دائەنێ و ئەچێ لە دیوەخانا بۆی ئەخوێنێتەوە، مەفهوومی شعرەکانی ئەوە ئەبێ: لە پاش سەر سلامەتیت نەزرم کردووە لەسەر خۆم کە تۆ قسەی خۆشم لە گەڵا بکەیت و بە هۆی گەڕانەوەشت زیافەتێک بکەی بۆ ئەو عالەمە و منیش بانگ کەیت، ئاغای نیزامولئیسلام هەموو جار قسەی خۆشم لەگەڵ ئەکات و ئەمدوێنێ، بۆ ئەوەشت نییە. ئەمجا شێخولئیسلام دەست ئەکا بە قسە کردن لە گەڵیا و ئەڵێ: مەلا فەیزوڵڵا فرە خاسی شوکر، ئەحواڵتان چۆنە، ئەوە بۆ چی سەرمان لێ نادەیت؟ من گجارێ تۆم بە دڵا تێت، خۆشتم گەرەکە، حەز ئەکەم جار جار دەرکەفیت. مەلا فەیزوڵڵا ئەڵێ: شا شا، ئەوەی پووڵی تێ ناچێ ئەیکا، وەلێ ئەوەی پووڵی تێ ئەچێ ناکەفێتە قەرەی. شێخولئیسلام و دانیشتووانی مەجلیس هەموو دەست ئەکەن بە پێکەنین. شێخولئیسلام ئەڵێ: نەزرەکەی تریچت ئەکەین. هەر لەوێدا ئەمر ئەکا پارەیەکی باشی ئەدەنێ، دەعوەتێکی گەورەش ئەکا و مەلا فەیزوڵڵاش ئەچێتە ناویەوە، ئەڵێ: ئاغای شێخولئیسلام ئاوا ئەوێ.