کابرایەکی کورد هەبوو سەبیلی ئەکێشا...
از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
1 دقیقه
917 مشاهده
کابرایەکی کورد هەبوو سەبیلی ئەکێشا، هەموو دەمێ سەبیلەکەی بە دەمییەوە بوو، بە ئەستێ و بەرد ئاگری ئەکردەوە، پووشووی چاکی دەست نەئەکەوت دارگەندەڵی لە جیاتی پووشوو بەکار ئەهێنا، گەندەڵەکەیش درەنگ ئاگری ئەگرت، کابرای کوناوەجەرگ کردبوو.
کابرا نەخۆش کەوت و کەوتە گیانەڵڵا، ژنەکەی چوو بەلایەوە پێی وت: پیاوەکە! پیاو بە وەسیەت نەمردووە، تۆ هەقی کێت لایە و کێش هەقی بەسەرتەوەیە دەنگ بکە با من بیزانم. پیاوەکەش وتی: ژنەکە هەقی کەسم بە سەرەوە نییە، هەر کەسیش من هەر هەقێکم لایەتی و ڕۆژێک چاوم پێ کەوتووە گەردنی خۆش و ئازاد بێ وەکوو شیری بەری دایکی، بەڵام تا ڕۆژی قیامەت لە دیوانی خواشدا گەردنی دارگەندەڵ ئازاد نەبێ!