کابرایەکی کورد هەبوو سەبیلی ئەکێشا...
لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
1 خولەک
815 بینین
کابرایەکی کورد هەبوو سەبیلی ئەکێشا، هەموو دەمێ سەبیلەکەی بە دەمییەوە بوو، بە ئەستێ و بەرد ئاگری ئەکردەوە، پوشووی چاکی دەست نەئەکەوت دار گەندەڵی لە جیاتی پووشوو بەکار ئەهێنا، گەندەڵەکەیش درەنگ ئاگری ئەگرت، کابرای کوناوە - جەرگ کردبوو.
کابرا نەخۆش کەوت و کەوتە گیانەڵڵا، ژنەکەی چوو بەلایەوە پێی وت: پیاوەکە! پیاو بە وەسیەت نەمردووە، تۆ هەقی کێت لایە و کێش هەقی بەسەرتەوەیە دەنگ بکە با من بیزانم. پیاوەکەش وتی: ژنەکە هەقی کەسم بە سەرەوە نییە، هەر کەسیش من هەر هەقێکم لایەتی و ڕۆژێک چاوم پێکەوتووە گەردنی خۆش و ئازاد بێ وەکوو شیری بەری دایکی، بەڵام تا ڕۆژی قیامەت لە دیوانی خواشدا گەردنی دار گەندەڵ ئازاد نەبێ!