حەمە بەگی حاجی ڕەسووڵ بەگ ئەیوت، سەید...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  799 مشاهده

حەمە بەگی حاجی ڕەسووڵ بەگ ئەیوت، سەید عومری حەفید ئەیگێڕایەوە ئەیوت: ساڵێک باڵوێزێکی ئێران لە سولەیمانی بوو، ناوی «یحیی خان» بوو، ئێجگار شیفتەی کاک ئەحمەد بوو، هەموو وەختێ ئەهاتە مزگەوتی گەورە بۆ خزمەت کاک ئەحمەد، بە ڕێکەوت کاک ئەحمەد چووبوو بۆ شارباژێڕ، پێنج شەش تاجری سنەیی هاتبوونە سولەیمانی، شابەندەر گرتبوونی، یەکێکیان کە نەگیرابوو هاتە ماڵی شێخ. ئایشە خانیش منی بانگ کرد وتی: ڕۆڵە لە گەڵ حاجی مەلا ڕەسووڵ بچن بۆ خزمەت شابەندەر تکای لێ بکەن بەڵکوو ئەو حەپسانە بەرەڵڵا بکا. منیش لەگەڵ حاجی مەلا ڕەسووڵ چووم، قاپیوانێک لە قاپییەکە بوو پرسی: چیتان ئەوێ؟ حاجی مەلا وتی: عەرزی باڵوێز بکە حەفیدی کاک ئەحمەد هاتۆتە خزمەتی. ئەویش دەستبەجێ وتی: بفەرموون. چووینە ژوورەوە، زۆری پێ خۆش بوو حورمەتێکی تەواوی گرتین.

لە پاشا حاجی مەلا ڕەسووڵ وتی: جەنابی شابەندەر! عایشە خانی حەرەمی کاک ئەحمەد سەید عومەری حەفیدی ناردۆتە خزمەتتان کە ئەو توجارە کوردستانییانە بەرەڵا بفەرموون. لە گەڵ ئەم قسەیەی حاجی مەلا، شابەندەر وەکوو ئاگر بڵێسەی بەست و وتی: ئای، ئای عایشە عومەری ناردووە بۆ تکا؟ یاڵڵا. دەرەوە، یاڵڵا دەرەوە! خێرا گاڵی دوو خزمەتکاری دا هاتن بە زۆر دەریان کردینە دەرەوە.