شێخ عەلائەدینی بیارە لە ١٩٥٤/٣/١٨دا...
شێخ عەلائەدینی بیارە لە ١٩٥٤/٣/١٨دا کۆچی دوایی کرد. شێخ عوسمانی کوڕە گەورەیان لە شوێنی دانا، بۆ پرسەنامە و شادمانی جێنشینی لە ١٩٥٤/٣/٢٦دا نامەیەکم بۆ شێخ عوسمان نووسی، بە ناوی پارچەیەک لە ئەدەبی نامەی کوردییەوە وێنەکەی لێرەدا نووسرایەوە:
جێنشینی بنەماڵە و هیوابەخشی ئەو ماڵە، ئەو کۆچەی شێخی بیارە و گوڵی ئەو دیارە کردی نێشی جێگە برینی لە دڵی دۆست و یارانا گەلێ بەسۆزترە لە تیری خەرقەپۆشان لە گۆشەی دڵی مەینۆشانا!
دنیا هەوارگەی بێکەسان و بێنەوایانە، ئەو کەسەی ڕووبەڕووی مەزاری پاک ئەبێتەوە بۆ جێگایەکی دیاری سەر ئەنێتەوە، لە نەمانەوە ڕوو ئەکاتە مان، لە کۆڵیتی بێوەفاوە ئەچێتە کۆشکی باسەفا، کەواتە وا مەزانە شێخت ڕۆیشت، وابزانی چوونی بۆ مانتە و مانیشت بۆ شانتە.
ئەو شوێنەی تۆ لێی دائەنیشی جێ ماڵە گەورەیە، شێخانی ڕابردوو پێیان ڕەوا بینیت بە گوڵێ هەمیشە بەهاری ئەو باخە، چاوت لە شوێنی شوێنداران بێ، ئاگری کینەی یاران بە ئاوی دەروونی فراوانی خۆت بکوژێنەوە.
کە وات کرد، ژیانت ژینی یاران ئەبێ و نەمامت سەربەرزی باخی ئازادان. ڕەوانی پاکی شێخی ڕابردوو لە بەهەشتی بەرینا لە کۆڕی خواناسانا نزای سەرفرازیت بۆ ئەکا.
منیش دڵت ئەدەمەوە بە سوورەی موبارەکەی فاتحە... دۆستی ئەو خانەدانە
سەجادی