مەلا کاکە حەمەی بێلوو - کە بە ناری بە...
مەلا کاکە حەمەی بێلوو - کە بە «ناری» بە ناوبانگە - لە مەریوانەوە نامەیەک بۆ شێخ مەحموودی حەفیدزادە ئەنووسێ، وێنەی نامەکە مێژووی تیا نەبوو، هەر وەکوو خۆی بۆ وێنەی ئەدەبێکی کوردی نووسرایەوە:
ئەگەر لە ڕێگەی مەرحەمەتەوە حاڵی ئەم پیرە غوڵامی خۆتانە مەنزوور بفەرموون بە کوردی و بە کورتی ئەمەیە عەرزم:
وە ئەگەر مەیلت بە بەیانی توولانی بێ و ئارەزووت لە حیکایەتی «قویلە» و «چوچانی» بێ ئەمەیە عەرزم:
دوور لە تۆ چاوم بێ بینێش ماوە، قوەی بیستنم بۆ ناڵە و گرمەی هەوری بەهاری نەماوە، حەواسم سەراسەر فەوتاوە، دڵم بە ئاگری مەحروومی وەک کەبابی سولەیمانی برژاوە، جەرگم لە قازانی سینەدا بە بڵێسەی دووری وەک «سڵق»ی کەرکووک کوڵاوە! هەمیشە چاوەڕێگەی حافیزم بۆ یاسین، موحتاجی هاتنی مەلام بۆ تەڵقین، مائلی شەش گەز جاو و دوو گەز خاکم بۆ تەکفین! وەلێ ئەگەر بەشارەتی موژدەی سروور و سەلامەتی زاتی موبارەکتم زوو پێ بگا - کە بۆ من موژدەی ئاوی حەیاتە - یەقینم وایە چاوم ببێ بە دووربین و زەڕەبین، وە لەگەڵ حەزرەتی «خدرا» لە حەیاتا مساوی ئەبین!
عەرزی «مخصوص» کۆچ و کڵفەت و دایکی «سەعید بەگ»ی بادەڵانی پەنایان هێناوە بە غوڵامی خۆتان، لەسەر واقیعەی کە نسبەتی قەتڵیان لە «سەعید بەگ» داوە، وە فیعلەن مەحبووسە و لە حەبسخانەی حکوومەتایە، ناچار منیش ئەوا پەنام بە قاپی موبارەکت هێنا، شایەد فکرێ بە حاڵی ئەو بفەرموون کە شایەد لە زەحمەتی حەبسا نەجاتی ببێ، مەعلووم ئەم پیرە غوڵامی قاپیی خۆتانە تا قیامەت مەسروور و مەمنوون و موتەشەککیرتانە، ئیتر هەرچێ بڵێم زیادەیە. غوڵامی دەرگای خۆتانە. «ناری»