مەلا کاکە حەمەی بێلوو - کە بە ناری بە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  1568 بینین

مەلا کاکە حەمەی بێلوو - کە بە «ناری» بە ناوبانگە - لە مەریوانەوە نامەیەک بۆ شێخ مەحموودی حەفیدزادە ئەنووسێ، وێنەی نامەکە مێژوو تیا نەبوو، هەر وەکوو خۆی بۆ وێنەی ئەدەبێکی کوردی نووسرایەوە:

ڕۆح و دڵ قوربانی ناڵی کەوشەکەت
سەر بە سەر گەردی حەسار و حەوشەکەت
دائما موحتاج و موشتاقم لە بۆ؛
گەنجی یادی خاتری بێ خەوشەکەت!

ئەگەر لە ڕێگەی مەرحەمەتەوە حاڵی ئەم پیرە غوڵامی خۆتانە مەنزوور بفەرموون بە کوردی و بە کورتی ئەمەیە عەرزم:

بە تێغی میحنەت و دەرد و جەفا جەرگی مەلا لەت بوو
بەڵێ مەعلوومی ئافاقە مەلا نیوەی مەلا لەت بوو!

وە ئەگەر مەیلت بە بەیانی توولانی بێ و ئارەزووت لە حیکایەتی «قویلە» و «چوچانی» بێ ئەمەیە عەرزم:

دوور لە تۆ چاوم بێ بینش ماوە، قوەی بیستنم بۆ ناڵە و گرمەی هەوری بەهاری نەماوە، حەواسم سەراسەر فەوتاوە، دڵم بە ئاگری مەحروومی وەک کەبابی سولەیمانی برژاوە، جەرگم لە قازانی سینەدا بە بڵێسەی دووری وەک «سڵق»ی کەرکووک کوڵاوە! هەمیشە چاوە ڕێگەی حافیزم بۆ یاسین، موحتاجی هاتنی مەلام بۆ تەڵقین، مائلی شەش گەز جاو و دوو گەز خاکم بۆ تەکفین! وەلێ ئەگەر بەشارەتی موژدەی سروور و سەلامەتی زاتی موبارەکتم زوو پێ بگا - کە بۆ من موژدە ئاوی حەیاتە - یەقینم وایە چاوم ببێ بە دووربین و زەڕەبین، وە لەگەڵ حەزرەتی «خدرا» لە حەیاتا مساوی ئەبین!

عەرزی «مخصوص» کۆچ و کڵفەت و دایکی «سەعید بەگ»ی بادەڵانی پەنایان هێناوە بە غوڵامی خۆتان، لەسەر واقعەی کە نسبەتی قەتڵیان لە «سەعید بەگ» داوە، وە فعلا مەحبووسە و لە حەبسخانەی حکوومەتایە، ناچار منیش ئەوا پەنام بە قاپی موبارەکت هێنا، شایەد فکرێ بە حاڵی ئەو بفەرموون کە شایەد لە زەحمەتی حەبسا نەجاتی ببێ، مەعلووم ئەم پیرە غوڵامی قاپی خۆتانە تا قیامەت مەسروور و مەمنوون و متشکرتانە، ئیتر هەر چێ بڵێم زیادەیە. غوڵامی دەرگای خۆتانە. «ناری»