کابرایەک لە خانەدانێکی زۆر گەورە ماڵ...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 1 دقیقه  1183 مشاهده

کابرایەک لە خانەدانێکی زۆر گەورە ماڵ و موڵکێکی فراوانی بە میراتی بۆ مابووەوە، بەڵام نەیئەتوانی بە خێوی بکا و بیهێنێتە بەرهەم. ڕۆژێک لە دیوەخان دانیشتبوون لەگەڵ کوڕە گەورەکەی ئەم قسانەیان دەکرد؛ ڕووی کردە کوڕەکەی و وتی:

موڵکانەی پێنج شەش دێمان کە لە لای مسکێنەکانە، هەتا ئێستا چەند جارم پێ وتی بچۆ وەری گرە بۆچی نەچووی؟ کوڕە وتی: هێشتا نەچووم، دوو سێ ڕۆژی دیکە ئەچم وەری ئەگرم قەی چی ئەکا؟! باوک وتی: ئەی دێی «کانی پان»مان داوە بە کوێخا بەکر بە ئیجارە، دوو مانگ لە پسوولەکەی تێپەڕیوە، بۆچی نەچووی پارەکەی وەر بگری؟ هیچمان نییە خەرجی کەین. دە بچۆ وەری بگرە. کوڕ وتی: جارێ وەرم نەگرتووە، پەلەت چییە بە شێنەیی وەری ئەگرم! ئینجا لە تەنیشت باوکەوە بابە عەلی تەکیەیی دانیشتبوو ڕووی تێ کرد و وتی: بە خوا یا شێخ وەجاخم کوێرە! بابە عەلیش پێی وت: بە خوا ئاغا! ناشوکری نەبێ باوکی ڕەحمەتیشت هەر وەجاخی کوێر بوو!