دەوری پێشوو دەوری بازگەردانی بوو...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 6 دقیقه  858 مشاهده

دەوری پێشوو دەوری بازگەردانی بوو، باز بە سەر هەر کەسێکەوە بنیشتایە، ئەبوو بە پادشا، دوو پیاوی کورد لە وڵاتی کوردەوارییەوە هەر لە تافی منداڵی و هەرزەکارییەوە ڕۆژگاریان پێکەوە ڕابواردبوو، پایز داهاتبوو لە جووت و کێشە و سەپانی ببوونەوە، ئەچوون بۆ شار شتوومەکی زستانە بکڕن بۆ خۆیان و ماڵ و منداڵیان. گەیشتنە سەر کانییەکەی «کانی ماران» لەوێ تۆزێ دانیشتن بۆ حەسانەوە و کەوتنە دەمەتەقێ.

بیستبوویان کە لە شار بازگەردانە، هەروا بەدەم قسەوە، قسەیان هاتە سەر ئەوە کە یەکێکیان بەوی کەیانی وت: ئەرێ ئەگەر ئێستا ئێمە چووینە ئەم شارە و باز هات بە سەر تۆوە نیشتەوە و بوویت بە پادشا، چی ئەکەیت؟ وتی: وەڵا ئەوی چاکە و دادپەرستییە ئەوە ئەکەم، هەر شتێ خوا حەزی لێ نەکا ئەوە لا ئەبەم و هەر شتێ خوا پێی خۆش بێ ئەوە ئەکەم لەگەڵ مەردوم و توودەی وڵاتا.

ئینجا ئەو لەوی پرسی وتی: ئەی ئەگەر باز نیشت بە سەر تۆوە و تۆ بوویت بە پادشا، چی ئەکەی؟ وتی: وەڵا برا ئەوی ڕاستی بێ، لە خراپە بەولاوە هیچی تر ناکەم. ئەوی ستەم و جەورە ئەوە بڵاو ئەکەمەوە، ئەوی خوا حەزی لێ نەکا ئەوە ئەکەم لەگەڵ خەڵکا. وتی: کوڕە چۆن شتی وا ئەبێ؟ وتی: دڵی من ئەوەی ئەوێ، ئەگەر بووم بە پادشا لەوەی کە وتوومە لێی لانادەم، ئەگەر نەشبووم ئەوا هیچ. بەم جۆرە هەر دووکیان پەیمانیان بەست و هەستان لێیان دا ڕۆیشتن.

کە چوون لە قەراخ شار حەشاماتێکی زۆر کۆبۆتەوە و باز بە ئاسمانەوە ئەسووڕێتەوە، ئەمانیش چوون لە گۆشەیەکەوە بۆ خۆیان ڕاوەستان. باز هات و چوو گەڕا، لە ئاخرا خول خول هات نیشت بە سەر ئەوەیانەوە کە وتبووی من لە خراپە بەو لاوە هیچی تر ناکەم! جوان و پوخت بردیان و لەسەر تەخت دایان نا و بوو بە پادشا!

ئیتر ئەمیش بەرە بەرە وردە وردە دەستی دا بە ئەنجام گەیاندنی ئەو بیر و باوەڕانەی کە هەیبوو. لە زۆر و ستەم و لە جەور و خراپە. هەموو خەڵکی وڵات و قەڵەمڕەو بە تەنگ هاتن! ئەویش ڕۆژ بە ڕۆژ خراپەکانی هەر ڕوو لە زیادی بوو، وای لێ هات بە هیچ جۆر بەزەیی لا نەما و وەکوو گا کوژ کەوتە ناو ئەو عالەمەوە.

ڕۆژێک ئیشێکی فرە ناشیرین و ستەمکارانەی داهێنا و دای بە شانی هەموو ئەهلی وڵاتەکەدا، وتی: ئەبێ ئەم ئیشە بکەن. کردنی ئیشەکەش لە وزەی ئەهلی وڵاتەکەدا نەبوو، کۆبوونەوە و کەوتنە قسەلێوەکردنی، کەوتنە ئەوەی کە بەڵکوو ئیشێکی وا بکەن پادشا ئەم ستەمە ناهەموارەیان لەسەر لا با. لە هەر ڕێگەیەکەوە بۆی ئەچوون کەڵکی نەبوو، ئاخر قسەیان هاتە سەر ئەوەی وتیان پادشا لە وەختی خۆیا هاوڕێیەکی هەبوە بچین بەڵکوو بیدۆزینەوە و بینێرینە لای ئەو تکای لێ بکا و بە تکاکەی ئەو ئەم ستەمەمان لەسەر هەڵبگرێ!

چوون و بە هەر جۆر بوو کابرایان دۆزییەوە و پێیان وت: کابراش وتی: باوکم! من ئێستا

پیاوێکی سەپانی هەژارم و ئەو پادشەیەکی گەورەیە، نە ئەمناسێ و نە ڕێگەشم ئەدەن بچمە لای. بە هەر زۆر و خواهیشتێک بوو کابرایان ساز کرد و هەڵسا چوو، کە چووە بەر بارەگا ڕایسپارد بە پادشا بڵێن فڵان کەسێک هاتووە بۆ لای، ئایا دەرفەت هەیە چاوی پێ بکەوێ؟ پادشا هەر کە گوێی لە ناوی فڵان کەس بوو هەستا و تا بەر دەرگای حەوشە چوو بە پێشوازییەوە - لەگەڵ ئەوەدا کە ئەو جلێکی شڕیشی لەبەرا بوو - باوەشی کردە ملی و ئەملا و ئەولای ماچ کرد، بردیە ژوورەوە و لە تەنیشت تەختەکەی خۆیەوە داینا، پادشا زۆر سەرزەنشتی کرد، کە بۆ چی ئەم ماوە دوور و درێژە دیار نەبوە؟ بۆ چی ئەبێ دۆستایەتی و ڕەفاقەتی کۆنی لە فیکر چووبێتەوە...

کابرای هاوڕێی پێی وت: برام! تۆ ئێستا پادشای وڵاتێکی زلیت، من هەر کابرا سەپانەکەی جارانم، کێ من ئەناسێ و کێ ڕێگەی من ئەدا کە بگەمە لای تۆ؟ تۆ پادشا و من سەپان، ئەمە هەر ڕێک ناکەوێ و ئابڕووی تۆش نابەم! پادشا لەمە زۆر دڵی تەنگ بوو، وتی: برام من و تۆ هەر هاوڕێکەی جارانین، وە نەبێ من خۆمم لێ گۆڕا بێ، زەمان منی کرووە بە پادشا، بەڵام دۆستایەتییەکەم لەگەڵ تۆدا هەر سەپانەکەی جارانین.

و گەلێک لەم قسانە و لەم گلەیی و بناشتەیان کرد و پاشان کابرا ڕووی کردە پادشا و وتی: کە واتە ئێستا من بۆ ئیشێک هاتوومەتە لای تۆ. پادشا وتی: فەرموو. وتی: تۆ لەو وەختەوە بوویت بە پادشا تا ئێستا گەلێ ستەم و جەورت لەگەڵ ئەم خەڵکەدا نواندووە و هەمووشیان لێ وەرگرتویت. ئێستا ئیشێکی تری زۆر زلت داوە بە سەریانا کە لە وزەی کەسیانا نییە و ستەمێکی زۆر ناهەموارە. من هاتوومەتە لات بۆ تکای ئەوە کە ئەم تاقە ستەمەیان لەبەر ئەو دۆستایەتییەی کە لە بەینمانا هەیە - لەسەر لابەری.

پادشا تۆزێ سەری داخست و لەپاشا سەری بەرز کردەوە وتی: کاکە برا! کە من و تۆ ئەهاتین بۆ ئەم شارە و لەسەر کانییەکە دانیشتین و هەندێ قسەمان کرد ئەو قسانەت لە فیکر ماوە؟ وتی: بەڵێ. وتی: چی بوون؟ وتی: من وتم ئەگەر ببم بە پادشا لە چاکە بەو لاوە هیچی تر ناکەم، تۆیش وتت ئەگەر ببم بە پادشا لە خراپە بەولاوە هیچی تر ناکەم! وتی: کەسی تر لە بەینمانا بوو؟ وتی: بێجگە لە خوا کەسی تر نەبوو. وتی: خۆ خوا زۆر چاک گوێی لە قسەکەمان بوو؟ وتی: بەڵێ... وتی: ئەوە بوو، بەڕێ کەوتین و هاتین. پاشان من بووم بە پادشا - وە وایش ئەزانم کە خوا کردمی، وە بۆ ئەوەشی کردووم کە ئیشی خراپە و جەور و ستەم بکەم لەگەڵ ئەم خەڵکەدا. چونکە ئەگەر بیویستایە چاکەیان لەگەڵ بکرێ، ئەهات تۆی ئەکرد بە پادشایان. دیارە کە منی کردووە وا ئەگەیەنێ ئەمانە خراپن هەر شایانی خراپەن، ئەگەر چاک بوونایە، شایانی چاکە ئەبوون ئەو وەختە تۆ ئەبووی بە پادشایان. کە واتە هیچ لەم ڕووەوە ڕووم لێ مەنێ و ناتوانم لەم ستەمە کە خستوومە سەر شانیان دەست هەڵبگرم. هەر وەخت کە شایانی ستەم نەبوون و پاک بوونەوە ئەوە بێ شک بزانە کە خوا منیان لەسەر لا ئەبا و یەکێکی وەک تۆ ئەکا بە پادشایان. کابرای هاوڕێ کە ئەم قسانەی بیست ئیتر هەڵسا ماڵاوایی لێ کرد بە شوێنەکەی خۆیا گەڕایەوە.