پیاوێک هەبوو لە شاری سنە زۆر دەوڵەمەند...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 8 دقیقه  1044 مشاهده

پیاوێک هەبوو لە شاری سنە زۆر دەوڵەمەند بوو، تەنها تاقە کوڕێکی هەبوو ئەویشی زۆر خۆش ئەویست، هەر شتێکی ئەکرد بێ دڵی نەئەکرد. کوڕەکەش ئەویشی زۆر خۆش ئەویست، هەر شتێکی ئەکرد بێ دڵی نەئەکرد. کوڕەکەش لە پارە خەرج کردن و ئاهەنگ گرتن، خوا هەقە درێغی نەئەکرد. هەر ڕۆژێ دەستەیەکی کۆ ئەکردەوە ئەیبردن بۆ سەیران و گەڕان بە هەموو جۆر پارەی بۆ خەرج ئەکردن، هەر شەوە کۆمەڵێکی تری کۆ ئەکردەوە ئەیهێنانە ماڵەوە، هەموو چەشنە خواردنێکی بۆ دروست ئەکردن و بە چاکترین خزمەت خزمەتی ئەکردن. هەر چەندە باوکەکەی پێی ئەوت: ڕۆڵە ئەم ماڵ و پارەیە بۆ چی وا ئەدەی بە دار و بەردا. ئەیوت: بابە ئەمانە هەموو هاوڕێ و دۆست و برادەری منن، پارەیەک لە ڕێگەی دۆست و برادەرا نەبێ بۆ چی چاکە؟ باوکی ئەیوت: ڕۆڵە دۆست ئەوەیە بۆ ڕۆژی تەنگانە بە کەڵک بێ نەک لە ڕۆژی پاروو داگرتنا هاوشان بێ من ئەمە حەفتا ساڵم عومرە چوار یەکێکی تۆ دۆست و ڕەفیقم نییە. نازانم تۆ هێشتا تازە خەتی سەوز بە لێوتەوە ئاڵاوە ئەم هەموو دۆست و برادەرەت پێکەوە ناوە؟

کوڕە ئەم قسانەی هیچ نەئەچوو بە گوێدا. ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر تەخشان و پەخشانی ئەکرد و هەموو جاریش ئەیوت: بە باوکەکەی: تۆ نەتزانیوە چۆن دۆست ڕائەگری. ئەمانەی کە من هەمن هەموو دۆستی ڕۆژی لێقەومانن. باوکە ئیتر لە وەزیا نەما و دڵیشی نەئەهات دڵی کوڕەکەی بڕەنجێنێ. ئەوا ئەم کوڕەش بەم جۆرە بینی پێوە بنێ دوو ساڵی تری پێناچێ پوولێکی بە دەستەوە نایەڵێ و هەچ ئامۆژگارییەکیشی ئەکا وەکوو نەخشی سەر ئاو وایە.

ئاخری ڕۆژێک پێی وت: ڕۆڵە لەم عومری حەفتا ساڵیدا کە پێم تێناوە تەنها دۆست و نیوێکم هەیە، تۆیش وا بە بیست ساڵ عومرە زیاتر سەد دۆست و برادەرت هەیە، وەرە با تاقییان بکەینەوە بزانین چۆنن؟ کوڕە وتی: باشە. کەوتە پاش نوێژی خەوتنان باوکەکە هێنای مەڕێکی سەر بڕی هەروا بە خوێنەکەی خستیە تابووتێکەوە و مەوجێکی دا بە سەریا، بە کوڕەکەی وت: هەستە با بڕۆین بۆ ماڵی برادەرەکانت. کوڕە شوێنی کەوت. گەیشتنە بەر قاپی یەکێ لە برادەرەکان تەقەیان دا لە قاپی، کابرای برادەری هاتە دەرگا و وتی: کێیە؟ کوڕەش وتی: منم. دەرگاکەی لێ کردەوە. ئای فڵان کەس ئەوە تۆی؟ یا خوا بە خێربێن دە فەرموو وەرنە ژوورەوە. باوکەکە وتی: وەختی هاتنە ژوورەوە نییە. ئیشێکی خراپ قەوماوە. برادەر وتی: خێر بێ چییە؟ وتی: وەڵڵا فڵانی: حەمە ئەم ئێوارەیە قەزا و قەدەر پیاوێکی کوشتووە ئێستا لاشەکەمان هێناوەتە ماڵی خۆمان و نەمانهێشتووە کەس پێی بزانێ، بە دەستیەوە داماوین. لە پاشا حەمە وتی: بابە ئەمەی پێناوێ فڵان کەس ڕەفیقمە ئەچین پێی ئەڵێین ئەویش بێت لەگەڵمان پێکەوە لاشەکە ئەبەین بۆ سەر قەبران، تا نەکەوتۆتە بەیانی ئەینێژین. ئەوە ئێستا ئێمەش هاتووین جا لەگەڵمان وەرە بەڵکوو ڕزگارمان بێت.

کوڕەی برادەر هەر ئەمەی بیست ناوچاوێکی دا بەیەکا و وتی: ئەتانەوێ تووشی گۆبەندێکم بکەن؟ نە دێم و نە هیچیش، بڕۆن خواتان لەگەڵ! ئیتر دەرگای داخست و چووە ژوورەوە! باوکەکە وتی بە کوڕەکەی: ڕۆڵە قەیدی نییە با بچین بۆ لای یەکێکی تریان. چوون و لەگەڵ ئەوەیشا هەر وەکوو خۆیان گەڕانەوە. ئەو شەوە تا بەیانی بە هەموو برادەرەکانا گەڕان، یەکیان نەبوو بڵێ باشە لەگەڵتان دێم. هەموو قاپییان داخستەوە و چوونە ژوورەوە و وتیان تەماتان نییە تووشی گۆبەندێکمان بکەن!

کەوتە شەوی دوایی، باوکەکە وتی: ڕۆڵە کەسی تر ماوە لە دۆست و برادەرەکانت؟ ناوەڵڵا کەس نەماوە هەموویان چووین. ئینجا باوکەکە وتی: دە ڕۆڵە وەرە من ئەم عومرە پان و درێژە کە کردوومە، تەنها برادەر و نیوێکم هەیە با بچین ئەوانیش تاقی بکەینەوە. کوڕە وتی: باشە. پاش نوێژی خەوتنان هەڵسان چوونە ماڵی نیوە برادەرەکە، تەقەیان دا لە درگا، خاوەن ماڵ هات وتی: کێیە؟ کابرا وتی: منم دەرگا بکەرەوە. کە دەرگای کردەوە وتی: ها! فڵانی یا خوا بە خێربێن ئەوە چۆن بووە وا بەم نیوە شەوەدا تەشریفتان هێناوە؟ فەرموونە ژوورەوە. کابرا وتی: فڵانی وەختی هاتنە ژوورەوە نییە، حەمەی خزمەتکارت قەزا و قەدەر ئەم ئێوارەیە پیاوێکی کوشتووە هێناومانەتە حەوشەکەی خۆمان کەس پێی نەزانیوە، بە دەستیەوە داماوین. ئێستا کە هیچ چارم نەدۆزییەوە ئەوە نەبێ کە هاتین بە شوێن تۆدا بێیت لەگەڵمان بچین بیبەین بۆ سەر قەبران و لە کۆڵی بکەینەوە و لەم بەڵایە ڕزگارمان ببێ تا کەس نەیزانیوە. کابرا تۆزێ فکری کردەوە و لە پاشا وتی: فڵانی ئێستا تازە درەنگە، ئەترسم تووشی هەرایەک ببین، من وای بە چاک ئەزانم بچین تەرمەکە بێنینە ئێرە، لەم حەوشەی ئێمەدا چاڵێکی بۆ هەڵئەکەنین ئەیخەینە چاڵەکەوە و دایئەپۆشین و ڕزگارمان ئەبێ. باوکەکە وتی: نابێ هەر ئەبێ بیبەین بۆ سەر قەبران لەوێ بینێژین. لە پاش قسەکردنێکی زۆر پیاوەکە زانی باوکەکە بەو جۆرە ڕازی نابێ وتی: بە خوا فڵانی ناوێرم لەگەڵتان بێم بۆ سەر قەبران. ئەگەر ئەتەوێ ئەیهێنینە ئێرە لە لای من ئەیشارینەوە، ئەگەر ناشتەوێ ناتوانم بێم بۆ سەر قەبران ئەزانم ئەکەوینە گیری حوکمەت. باوکەکە وتی: سەر قەبران نەبێ منیش ناتوانم بیهێنمە ئێرە. هەڵسان هاتنە دەرەوە. ڕووی کردە کوڕەکەی وتی: ڕۆڵە ئەمە نیوە ڕەفیقەکەم بوو. ئینجا با بچین بۆ لای ڕەفیقەکەم.

شەو زۆر درەنگ بوو، بەری بەیان بوو چوونە بەر ماڵی ڕەفیق و لە دەرگایان دا، کابرای ڕەفیق لەگەڵ ماڵ و منداڵیا لە ناو جێگەدا نوستبوون، گوێی لە تەقەی قاپی بوو هەروا بە بێ ئەوە خۆی کۆ کاتەوە هات وتی: کێیە؟ باوکەکە وتی: منم. خێرا قاپی بۆ کردەوە و وتی: ئای فڵانی ئەوە خێرە چی قەوماوە وا بەم نیوە شەوە تەشریفتان هێناوە؟ دە فەرموونە ژوورەوە فەرموون. باوکە وتی: وەختی هاتنە ژوورەوە نییە شەو درەنگە، ئیمڕۆ حەمەی خزمەتکارت قەزا و قەدەر پیاوێکی کوشتووە ئێستا ئەوەتا لە حەوشەکەی خۆمانا هاتووین بە شوێن تۆدا لەگەڵمان بێیت بچین بیبەین بۆ سەر قەبران بینێژین تا ڕۆژ نەبۆتەوە و کەس نەیزانیوە.

کابرا وتی: وەرنە ژوورەوە پێتان ئەڵێم. ئەمانیش چوونە ژوورەوە. ئینجا کابرا چوو خۆی پۆشتە کردەوە بەبێ ئەوەی ئەمان بزانن، سێ کوڕی هەبوو لە خەو هەڵی ساندن، هەموو تفەنگ و فیشەکیان دا لە خۆیان و هاتەوە لای میوانەکان، پیاوەکە ڕووی کردە باوکەکە و وتی: تۆ پیاوێکی خراپی، شتێکی وا ئەوەی ئەهێنا کە تۆ ئاوا بۆی بکەویتە پەلە و ناڕەحەتییەوە؟ ئەبوایە هەر لە ماڵەوە منداڵێکت بناردایە خەبەری پێ بدامایە و هیچی تر، ئێستاش ئێوە ئەبێ لەم شوێنە نەبزوون، من ئەوا خۆم و هەر سێ کوڕەکەم ئەچین تەرمەکەی ئەبەین بۆ سەر قەبران و ئەینێژین، ئەگەر ئاسمان بێتە ڕێمان ئەهێنینە خوارەوە! تا ئێمە هەر چوارمان نەکوژرێین ناهێڵین خوێن لە لووتی بەرەی ئێوە بێتە خوارەوە لێیان دا ڕۆیشتن. کە ئەوان دەرچوون باوک و کوڕەکەش هەڵسان دوور و نزیک چوون بە شوێنیانا، سەیریان کرد ئەوا ئەوان چوونە ماڵەوە، دوو کەسیان تابووتەکەیان هەڵگرت یەکێکیان بە تفەنگەوە کەوتە پێش و یەکێکیشیان کەوتە پاشیان، هەر بەو شەوە تەرمیان برد بۆ سەرقەبران و چاڵیان بۆ هەڵکەند. لەو وەختەدا کە ویستیان بیخەنە چاڵەکەوە باوکەکە چوو ناوچەوانی ڕەفیقەکەی خۆی ماچ کرد و وتی: بەسە ئیتر. ئەم تەرمەش هیچ نییە مەڕە کوشتوومەتەوە، ویستم دەرزێک بەم کوڕەی خۆم بڵێم و هەمووی بۆ گێڕایەوە.

ئینجا ڕووی کردە کوڕەکەی خۆی و وتی: ڕۆڵە! ئیتر بۆت دەرکەوت کە دۆست و برادەر کامەیە و کامە نییە؟ کوڕە وتی: بابە هەموو شتێکم وەرگرت، ئەگەر پیاو بم ئیتر ئەزانم کێ دۆستە و کێ پارووخۆرە؟ وتی: ڕۆڵە دۆست و هاوڕێ ئەوەیە لە وەختی لێقەومانا فریات کەوێ، ئەگینا لە وەختی شێنەییدا دوژمنیش هەر دۆستە. دۆست ئەوەیە گیانی خۆی لە پێناوتا بدۆڕێنێ نەوەک هەر لە ڕۆژی خۆشیدا بە دەورتا بێ. ئەوە نیو دۆستەکەی من بوو کە توانی لاشەکە لە ماڵەکەی خۆیا بشارێتەوە، بەڵام کە هاتە سەر خەتەری گیانی نەیتوانی بمان پەڕێنێتەوە. دۆستی تەواویش ئەوە بوو کە چاوت پێکەوت، گیان و ماڵی خۆی و کوڕی دانا لە پێناو منا! جا ئایا دۆستەکانی تۆش ئاوا بوون کە هەموو جار هاوارم لێ ئەکردی؟ و بە گوێت نەئەکردم!