ساڵێک لە کەرکووک لە مزگەوتی مەنارە...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 6 دقیقه  1025 مشاهده

ساڵێک لە کەرکووک لە مزگەوتی «مەنارە نەخشینە» یەکێک لە فەقێکان بۆ نوێژی نیوەڕۆ ئەچێ بۆ دەسنوێژ شتن، کە ئەچێتە ئابخانەکە، سەیر ئەکا پریاسکێکی گەورە لە سەر دیواری ئاودەستەکەیە، هەڵی ئەگرێ و ئەڵێ هەتا خاوەنی پەیدا نەبێ گوناحە نەوەک دەست یەکێک بکەوێت نەیداتەوە. ئەوەندە ئەزانێ کە لیرەیە و لیرەیەکی زۆریشە، ئیتر نایکاتەوە بزانێ چەند لیرەیە، نوێژەکەی ئەکا و ئەچێتە حوجرە.

لە دەمەدەمی عەسرا تەماشا ئەکا؛ وا کابرایەکی زلە بە هەناسەبڕکێ هات و ڕەنگی لە ڕوو بڕاوە و شپرز بووە، خۆی کرد بە ئاودەستەکەدا و هاتەوە دەرەوە بە چەپۆک بەربووە سەر و گوێلاکی خۆی و دەستی کرد بە گریان و هاوار هاوار. خەڵک و خوا لێی کۆ بوونەوە و وتیان: ئەوە چییە؟ چیت لێ قەوماوە؟ وتی: خەڵکینە بۆ خاتری خوا ماڵم کاول بوو. من توجارم و غەریبم، خەڵکی حەڵەبم بۆ جەڵەب کڕین هاتبووم بۆ ئەم وڵاتە، هەزار لیرەم پێ بوو، هاتمە سەر ئەم ئاودەستە دەست بە ئاو بگەیەنم هەزار لیرەکەم لەسەر دیوارەکە دانا لە بیرم چوو، ئێستاکە چوومە بازاڕ کەوتەوە فیکرم و بۆی هاتمەوە سەیر ئەکەم نەماوە! ئەمەی وت و وەکوو بارانی بەهار ئاو بە چاوانیا ئەهاتە خوارەوە.

فەقێکە فیکری کردەوە و وتی: ئەم پیاوە غەریبە و ئەم پارەیەش ئێستا بۆ من حەرامە با پێی بدەمەوە، ڕەنگە دەست بەرێ لیرەیەکم بداتێ ئەیدەم بە کەوایەک، ئەو لیرە حەڵاڵە هەزار لیرەی حەرام دێنێ. وتی: باوکم مەگری پارەکەت ئەوەتا لای من. هەڵسا چوو بۆی هێنایەوە. کابرا، کە تەماشای کرد ئەو گرێیەی لێی داوە گرێکەی نەکراوەتەوە. پارەکەی وەرگرت و لێی دا ڕۆیشت. بۆ ئێوارە هاتەوە بانگی فەقێکەی کرد دەستی برد تاقە پولێکی دایە! وتی: ئەو پولە بەرە؟ گووشە شەکرێک بکڕە و خۆتی پێ بخنکێنە! فەقێ وتی: برا! من لەبەر خوا کردوومە، لەبەر پارە نەمکردووە. وتی: پێت ئەڵێم بچۆ گووشە شەکرێک بکڕە و خۆتی پێ بخنکێنە!

فەقێ بە دەم فەقێتییەوە ئەگەڕا، ڕێی کەوتە حەڵەب، چوو لە مزگەوتێک لە لای مەلایەکی باش بە فەقێیەتی دامەزرا، خەریکی عیبادەت و خوێندن بوو. کۆشکێکی زۆر گەورە دراوسێی مزگەوت بوو. خاوەن کۆشکەکە ڕۆژێک هەر سێ تەڵاقی ئەکەوێ، دێتە لای مەلاکە بۆی چاک بکاتەوە. مەلاش ئەڵێ ئەم تەڵاقە چاک نابێتەوە مەگەر بە مارە بە جاش نەبێ! کابراش قبووڵی ناکا، چونکە توجارێکی گەورەی حەڵەب ئەبێ، پێی ناخۆشە ئەم ناوەی بکەوێتە شوێن.

ئەچێ هەموو دنیا ئەسووڕێتەوە چاری تەڵاقەکەی ناکرێ و ناتوانێ دەست لە ژنەکەشی هەڵبگرێ، چارناچار دێتەوە لای مەلای گەڕەکەی خۆیان و ئەڵێ: بۆم چاک کەرەوە، بەڵام نابێ کەس پێی بزانێ. مەلاش ئەڵێ: هەر کەسێ بێت هەر ئەزانرێت، من فەقێیەکی غەریبی کەس نەناسی خەڵکی ئەو وڵاتی کوردستانەم لایە، پیاوێکی زۆر بە دینیشە، دێنین ژنەکە لەو مارە ئەکەین شەوێک لە لای بێ و بۆ بەیانی تەڵاقی ئەدا. بەم جورە ڕەنگ بێ کەس پێ نەزانێ. کابرا بەم تەگبیرە ڕازی ئەبێ.

ئینجا مەلا فەقێیەکە بانگ ئەکا و ئەڵێ: ڕۆڵە پیاوێکی گەڕەکەکەی خۆمان تەڵاقی کەوتووە و ئێستا ئەمانەوێ بە تەحلیل چاکی بکەینەوە، لە تۆمان باشتر و ڕەزاسووکتر نەدیوەتەوە، من ژنەکەت لێ مارە ئەکەم و سەد لیرەشت لە کابرا بۆ وەرئەگرم، ئیمشەو لە لات ئەبی و بەیانی تەڵاقی ئەدەی، با کەسیش بەم کەین و بەینە نەزانێ. فەقێ بەم معامەلەیە ڕازی ئەبێ.

ئەکەوێتە ئێوارە مەلا مجەورەکە و خۆی ئەبن بە شاهێد و ژنەکە لە فەقێ مارە ئەکا. مێردی ژنەکەش لەوێ ئەبێ، پیاوێکی بە دیمەن و بۆشناخ ئەبێ، مەلا بە فەقێکە ئەڵێ: ئەمە مێردی ژنەکەیە کە کەوتە بەیانی سەد لیرەکەت بۆ دێنێ. فەقێ، کە تەماشای کابرا ئەکا ئەبینێ ئەمە کابرایەکەیە کە لە کەرکووک کیسە پارەکەی لێ بە جێما و لە پاشا پولێکی دایێ وتی: خۆتی پێ بخنکێنە. زۆر سەری سووڕما، بەڵام کابرا ئەم ناناسێتەوە. ژنەکەش کە لەوێ ئەبێ چاوی بە فەقێ ئەکەوێ سەیر ئەکا پیاوێکی لاو چاک و شۆخ و شەنگە، ئەچێتە دڵیەوە. خێرا ئەنێرێ دەستێ جلی نایابی بۆ ئەبەن بۆ حەمام و بە فەقێش ئەڵێن بچۆرە حەمام. فەقێ ئەچێتە حەمام خۆی تاسولووس ئەدا و دەستە جل لەبەر ئەکا و ئەچێتە لای ژنە، وەکوو پادشا زادەیەک بچێتە ژوورەوە ئاوا ئەبێ. ئەو شەوە لەگەڵ ژنەدا ڕائەبوێرێ و ژنەش فەقێی بە تەواوی ئەچێتە دڵەوە.

لە بەری بەیانا فەقێ هەناسەیەک هەڵئەکێشێ، ژنە ئەڵێ: بۆ چی ئەو هەناسەیەت هەڵکێشا؟ فەقێ ئەڵێ: هیچ خەیاڵێک بوو کردمەوە. ژنە ئەڵێ: نابێ ئەبێ پێم بڵێیت. ئەڵێ: فڵانی ئەم کابرای مێردی تووە ساڵێک هاتە کەرکووک - وڵاتی ئێمە - هەزار لیرەی لەسەر دیواری ئابخانەی مزگەوتێک لە بیر چوو، من دۆزیمەوە و پێم دایەوە لە پاشا دەستی برد پولێکی دامێ و وتی: بچۆ بیدە بە گووشە شەکرێک و خۆتی پێ بخنکێنە، وتم بۆچی؟ وتی: یەکێ هەزار لیرەی دەستکەوێ ئەیداتەوە؟ ئەو وەختە وا و ئێستاش وەها.

ژنە وتی: هەر وا؟ وتی: بەڵێ. وتی: کە واتە ئەم ماڵ و کۆشک و دەوڵەتە کە تۆ ئەیبینی هیچی هی ئەو نییە هەمووی هی خۆمە. ئێستا منیش بە شەرع ژنی تۆم و تۆیشم ئەوێ. تۆ ئیتر من تەڵاق مەدە، بەیانی کە هات بۆ ئێرە تۆیش دەست بەرەو پولێکی بۆ فڕێ دە، بڵێ بیدە بە گووشە شەکرێک خۆتی پێ بخنکێنە. بەم جۆرە تۆڵەی خۆتی لێ بکەرەوە. فەقێ وتی: جا بە ڕاستتە؟ وتی: ئا.

بەیانی هەر لەگەڵ مەلا بانگدانا کابرای کۆنە مێرد هەڵسا چوو بۆ مزگەوت و چاوەڕێی ئەوەی ئەکرد فەقێ بێتەوە بۆ مزگەوت و ژنەکە تەڵاق بدا. فەقێ هەر دیار نەبوو، هەتاو کەوت فەقێ نەبوو. کابرا چووە لای مامۆستاکەی. مامۆستا مجەورەکەی نارد بە شوێنیا. ئەمیش وتی: ماڵی خۆمە و ئێستا ئارەزوو ناکەم بێمە دەرەوە. کابرا ئاگری تێبەر بوو، هات بۆ ماڵەکەی خۆی، خانم وتی: قاپی لێ داخەن مەیەڵن بێتە ژوورەوە. کابرا سەیری کرد قاپی لێ داخراوە، هەر لە دوورەوە بانگی فەقێی کرد وتی: هەڵسە وەرە ئیشم پێتە. فەقێ هیچ جوابی نەدایەوە. لە ئاخرا فەقێ لە پەنجەرەی کۆشکەکەوە پولێکی بۆ فڕێ دا و وتی: ئەو پولە بەرە بیدە بە گووشە شەکرێک و خۆتی پێ بخنکێنە.

کابرا ئەمەی بیست، پەنجەی خۆی برد بە دەما و کەوتەوە فیکری کە ئەمە ئەو فەقێیەی کەرکووکە کە وەختی خۆی ئەم جەورێکی وای لەگەڵ نواند. بانگی کرد: فەقێ من کردم تۆ نەیکەی. وتی: هەر ئەوەتا پێت ئەڵێم بچۆ ئەو پولە بەرە گوشە شەکرێکی پێ بکڕە خۆتی پێ بخنکێنە... ئیتر جارێکی تر سەری نەکردەوە بەو قاپییەدا و فەقێ کەوت بە سەر ئەو خەزنە و ماڵەدا.