گوتم: زوڵفت لەسەر کوڵمەت، بەحەلقە و پێچش و تابە
از کتاب:
دیوانی ئەدەب
اثر:
عبدالله بیگ مصباح دیوان (1859-1916)
2 دقیقه
1044 مشاهده
گوتم: زوڵفت لەسەر کوڵمەت، بەحەلقە و پێچش و تابە
گوتی: ئەفعی لەسەر پشکۆ؛ قەراری پێچش و تابە
گوتم: کەوتۆتە گەردابی غەمی عیشقت، سەفینەی دڵ
گوتی: غەرقی جەمالی من، چ باکی مەوج و گەردابە
گوتم: پەژمووردە بوو جانا، گوڵی عومرم لە هیجرانت
گوتی: پەروەردەیی وەسڵم، هەمیشە سەبز و شادابە
گوتم: بۆ چوونە لەعلی لەب، دەبێ وەعدەی ویساڵم بێت؟
گوتی: لەعلی سوخەندانی، لە عالەم تاق و نایابە
گوتم: دڵخەستەیی دەردی فیراقی تۆم، عیلاجم کە
گوتی: چارەت بەگوڵبەرگی تەڕی خۆشڕەنگی سیرابە
گوتم: شیرین دوو لیمۆیێکە مەمکت، لێم ترش ڕوو بوو
گوتی: نازی حوسن، نەقدی تورنجی دەستی ئەحبابە
گوتم: گێسوویی پڕ نێشت؛ لەبەرچی مایلی ڕووتە
گوتی: نەت بیستووە عەقرەب، مەگەر مایل بەمەهتابە!؟
گوتم: سەوداسەری چینی دوو زوڵفی عەنبەرینی تۆم
گوتی: عیللەت بەسەودایە، لە فیکری ڕەفعی سەودابە
گوتم: ماچی لەبی لەعلت، شەوی دی مەستی بۆ کردم؟
گوتی: ئەڵبەتتە ماچی من، بەسەد شیشەیی مەیی نابە
گوتم: زوڵم و ستەم تاکەی؟ بەسە جەور و جەفا تا چەند!
گوتی: چ بکەم ئەدەبتخلص، ئەمڕۆ جەفا بۆ دڵبەران دابە