شۆخی مە، هەردەم بەتەرزێ قەسدی نەخچیرم دەکا

از کتاب:
دیوانی ئەدەب
اثر:
عبدالله بیگ مصباح دیوان (1859-1916)
 1 دقیقه  1376 مشاهده
شۆخی مە، هەردەم بەتەرزێ قەسدی نەخچیرم دەکا
گا لە نێو دامم دەخا، گا خەستەیی تیرم دەکا
سوێند دەخۆم چیدی فریبی غەمزەیی جادووی نەخۆم
ئەمکەڕەت زووتر بەئەفسوونێکی تەسخیرم دەکا
سەردەمێ ڕووی پێ نیشاندام؛ سەردەمێکی زوڵفی خام
ئەووەڵی شێتم دەکا، پاشان لە زنجیرم دەکا
وەعدەیی وەسڵم دەداتێ؛ دەچمە لای، نایێیەتە لام
گەر دەچم زویرم دەکا، ناچم ئەگەر: بیرم دەکا
جار بەجار تاتا دەکا بۆم زوڵفی شێواوی و دەڵێ
کوا دڵی تێدا؟ قسەی نادانە دڵگیرم دەکا
من دەڵێم: چۆن بوو قەزا، ئەمنی بەتۆ دڵبەستە کرد!
ئەو بەچاوانی حەواڵەی حوکمی تەقدیرم دەکا
ئەو دەمەی تفلی دڵم بگری و گڕوو بگرێ لە ڕووی
ئەو بەماچی هەر وەکو قەندی لەبی؛ ژیرم دەکا
گەر دەڵێم: جانا، بەچی دەعوای جیهانداریی دەکەی!
ئەو ئیشارەی پڕتەوی حوسنی جیهانگیرم دەکا
بەستەیی زونناری مووی کردووم و دەشڵێ: کافری!
خۆی لە ڕێگەم دەردەکا، بۆ خۆشی تەکفیرم دەکا
مەیگوساری بادەیی مینا قەدێکم من ئەدەبتخلص
دەمبەدەم مەستی مەیی حوسنی جیهانگیرم دەکا