ڕووداوە نەبڕاوەکە
بەشی دووەم
از کتاب:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
اثر:
محمدصالح دیلان (1927-1990)
2 دقیقه
685 مشاهده
کوێستانەکان
دەردەداربوون
چەند سووڕێ بوو
بێ بەهار بوون
بەو درمەوە گرفتار بوون
لەپڕ
دووچاری ئازار بوون
چاوی پشکۆی ئەشکەوتەکان
کەوتنە گل
دڵی لەگۆکەوتوویی ملە
هاتەوە پل
بڕژانگی هەڵوەریوی بیر
کەوتەوە مشت
دەرگای شوورە
کرایەوە
تووتی
بە بانگی پڕ قیژەی
هاواریکرد
بڕایەوە بڕایەوە
گۆی هونەریش
برایەوە
قارچک
لەپێش وادەی خۆیا
کەوتە بازاڕ
بەهێ پشکووت
هاوین لەگەڵ زستان
جووت بوو، لووت و بزووت
بەهار زوو هات
نەسرین لەگەڵ لاولاو
بەیەک گەیین
کۆتر بە بەردەمی
بازا هات
بێ گلەیی
چۆپی گیرا
مەشخەڵ چرای ڕۆن گەرچەک بوو
سەر لە ئێوارەی هەڵکرا
کۆڕ گەرم بوو
چەواڵ نەما
کتێب بوو بە سووتەمەنی
شەو نەرم بوو
تازە تەشپی
ڕێچکەی ئەبەست بۆ سەمەنی
مام سمۆرەش
ئەو ڕەسەنە
دەست و پەنجە و پێ
بەخەنە
زیت زیت ئەبلەق
ئەیڕوانییە
ئەم دیمەنە
سەر سوڕمابوو
تیا وەستابوو
سەرنج ئەدا
کوێ هێجگار
کووڕ و هەوڕازە
بۆ خاوەن بیر
ئەوەی ڕێڕەو و ڕێبازە
فریشتەکان
قەلفڕ کران
تەرە و ڕووە و دۆزەخ بران
قەڵەم
ورد بوو درشت کرا
لاپەڕە بێ برشت کرا
سەرنج ئەدا
ڕێگا رۆر سەخت و هەوڕازە
کەچی بێ باک
ملی شیعر
خراوەتە ژێر قەڕازە
گەردنی تیپ
بەبێ کێشە و بێ چەڵەمە
خراوەتە ژێر کەڵەمە