ڕووداوە نەبڕاوەکە
بەشی سێیەم
از کتاب:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
اثر:
محمدصالح دیلان (1927-1990)
1 دقیقه
660 مشاهده
سەرنج ئەدا
دڕکەزی و کەڵەوێ
بەبار
چەمۆڵە
لە نارنج ئەنێ
هەر گەروونە و
قەتار قەتار
موتربە
لە ترنج ئەنێ
تاجی ئاوریشمی
پەری
لەسەر سەری
درنج ئەنێ
دەست و بازووی
دژی بەهار
پێمەڕە وا لەبنج ئەنێ
ئەی فریشتە
دەرگا
هەموویی لەسەر پشتە
بۆ پەلەوەر
بۆ باڵندە
بۆ سەرکەوتوو رووە و کوێستان
بۆ ڕافراو بەرەو گەرمیان
تەنیا تاکە مەلێ نەبێ
لەم سرووشتە
دەرگای بەندی لەسەر پشتە
لەسەر خوێندن لەسەر بەستە
ئەویش بولبولی سەرمەستە
بۆ گوڵ خوێندی
قەفەس کرا
بۆ ئەم چڵ و ئەو چڵوتی لەم لا و ئەو لاوە
بەس کرا
بۆ باخ فەرموویی
بۆ داخ فەرموویی
کۆت و زنجیر
لە دەس کرا
بەڵام خوێندی
هەر ئەشخوێنێ
هەتا کوێستان
ڕەنگ و ڕوویی
جاران هەڵدێنێ
هەتا کوێستان
زەردی
لە چاوا نامێنێ
هەتا کوێستان
دڵۆپی
فرمێسکی یاقووت
بەسەر
سەیوانا ئەڕژێنێ
تا کوردستان
تۆڵە لەم چەرخ ئەستێنێ