لەگەڵ تۆمە

از کتاب:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
اثر:
محمدصالح دیلان (1927-1990)
 1 دقیقه  898 مشاهده
لەگەڵ تۆمە فریشتەی دوور لە شارم
لە هاوینا شنەی باخی بەهارم
چلە و گەرما سەهۆڵی ناوچەوانم
لە زستانا گڕی ئەشکەوتەکانم
وەرە سەیرانە ڕێی دوکانە ئیمساڵ
بەرامە و بۆن لەوێ پەخشانە ئیمساڵ
لەبەر ئێسک و لەبەر پەترۆی ئەوانە
کە ئاهەنگ بۆ قەڵای سۆرانە ئیمساڵ
تەپەی پێیە و تەقەی پێڵاوی ئەمبەر
لەسەر گۆڕی سپی بابانە ئیمساڵ
پەپوو بئ جئ یە لێی قاتە کەلاوەی
ئەوەی خەندان و مەی هەڵدانە ئیمساڵ
لەبەر سووری دڵۆپی ئەشکی زێیە
کە شایی وا لە سوور قاوشانە ئیمساڵ
لەبەر تیژی هەتاوی ڕووتی دوکان
کە هاوار بۆ قەڵا چوالانە ئیمساڵ
لەبەر بێ ئاوییە سەیرانی دوورم
کە نیازی حەوزەکەی بۆکانە ئیمساڵ
لەبەر پشکۆی کوژراوەی باخەکەی شێخ
کە مەیدان وا لە کانیسکانە ئیمساڵ
بەزیوم من لە ئاستی پیرە ڕێکەوت
کە ڕێکەوت زێڕی ژێر فنجانە ئیمساڵ
تەلاشی بێ تەڵا هەروەک تەڵاشە
کە ئایەت ئایەتی گیرفانە ئیمساڵ
وەرە پێشێ کزی چاو و نەخۆشم
نزیکیت دارە هەم گۆچانە ئیمساڵ
تروسکەی سەرفەرازی و چاوی خەمخۆر
وەکو ئاوات و ئاوی مانە ئیمساڵ