شینی فازڵ و فەهمی
از کتاب:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
اثر:
محمدصالح دیلان (1927-1990)
2 دقیقه
749 مشاهده
ئەی براگەل شیوەن کەن
پێی شادی لە پێوەن کەن
مەینەت بهێننە کایە
گریان بکەنە مایە
باڵا شین و ڕەشپۆش کەن
مناڵی خەم لەکۆش کەن
هەنسک بکەن بە پیشە
خۆشی بکەن لە ڕیشە
کوێ پڕ لە ناڵە ناڵە
جێگای فرمێسکی ئاڵە
کوێ پڕ لە گریە و فغانە
لە ڕوو، لە سنگ کوتانە
کوێ پڕ لە ئاهی سەردە
پڕ لە دووکەڵ و گەردە
کوێ پڕ لە شینی خەستە
ئەو جێگایەم مەبەستە
ئەوێ بکەن بە جێگەی
گڕی شیوەن و ڕێگەی
ڕۆیین بۆ گردی سەیوان
بۆ سێبەری ئەرخەوان
ئەوێ ئەکەین بە مەنزڵ
بۆ دوو گوڵی جوانی گڵ
بۆ پشووی دوو هەناسە
بۆ یادگاری و بۆ تاسە
بۆ دەرچوونی پشوویان
لە جەستەی هیلاک بوویان
سووک بیانخەنە گوڵدان
لەبەر شکانی ئێسقان
ئازار مەدەن بە لەشیان
بە پێستی سوور و گەشیان
بە خوێنی سەر برینیان
بە قۆڵی سەر سەرینیان
بە چاوی پڕ لە خەویان
بە گۆشتی پڕ لە هەویان
ئەی براگەل شیوەن کەن
ئەدی پێ لە پێوەن کەن
خەم بە خەڵک بنۆشن
ڕەشی بە من بپۆشن
بۆ دوو گوڵی وەتەنمان
نەسرین و یاسەمەنمان
سوور هەڵگەڕان لەبەرگا
سووتان لە دەشتی مەرگا
ئەی دایکی کورد زوبانم
من ڕۆڵەی کوردستانم
کوڕی ئەم شاخ و هەردەم
مەلۆتکەی ئەو بن بەردەم
پاراوی دەم بەهاریم
قاڵی شەوگاری تاریم
فێری زستانی سەختیم
چەپکە گوڵی بەدبەختیم
لە پایزی وڵاتا
لە گێژاوی خەباتا
وا بووین بە قۆچی قوربان
ئەی براگەل ئەی دۆستان
سادەی کۆمەڵێ سازکەن
بانگەوازێ ئاواز کەن
بڵێن شیوەن و شینە
بۆ فازیلەو بەتینە
بۆ فەهمییە و بە گەرمی
ئەسرین بڕژێنە تەرمی