وەرزی جاران
از کتاب:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
اثر:
محمدصالح دیلان (1927-1990)
2 دقیقه
814 مشاهده
بەهاری جاران
گزنگی ئاوێز.. بە سەودای نەوبەهارێ
لە چاوی گوڵ دڵۆپی سوور ئەبارێ
لە بۆ وەرزێ.. کە با شانەی گەڵایە
لە کوێستانێ چنوور پرچی تەڵایە
خشڵ بارانە نێرگز چاوی زەردە
کە پیرۆزەی وەنەوشە شینی هەردە
لە دامێنا بریسک و هوڕی ئاونگ
دەواری زێڕ و زیوینە بە بێ سنگ
لەدەم لێوا شەقایەق وەک شەرابێ
کە فرمێسکی گوڵاڵەی پیا ڕژابێ
وەک لێوێ بە لێوێ چۆن ئەمژرێ
وەکو خوێنێ بە خوێنێ چۆن ئەکوژرێ
لە لێوی لالە خوێن بارین بوو جاران
لە دڵ دا باوە پڕ ئەسرین بوو جاران
لە ئاسۆگا سرووشتی تازە کۆرپە
دڵی بەردی ئەخستە جۆش و خورپە
لەتاو باق و بریقەی نێو نزاران
شەوارەی بوو قوڵنگ و قاز بەهاران
لە گرمەی هەور و هاڕەی تیژی تەرزە
شکۆفەی هەڵوەریوی ترس و لەرزە
لە دەشتێکا کە سەیرانگا بوو جاران
لە پڕ هەورێ کە بارانی ئەباران
کە ئاڕایشت ئەشێوا بەرگ ئەگۆڕا
هەزاران دڵ ئەچوو پەیمان ئەدۆڕا
بەهاری ئێستا...
ئەوا ئێستا کە نیسانە و بەهارە
دەمی خونچە بە نووقاوی دیارە
لەکوێ مێرگ و لەکوێ زۆنگاوە ئیمساڵ
ئەوێ ڕووتە و ئەوێ سووتاوە ئیمساڵ
لە کوێ ڕاخەر بریتی بوو لە چیمەن
ئەوێ زەردەو لەوێ شێواوە دیمەن
لە نێرگزجاڕی شوێن کۆتەڵ ئەبینی
درەختی سیس و لق سوتەڵ ئەبینی
لە کن قومری لە بولبول کاتی خوێندن
هەناسەی کورت و بانگ نووزەڵ ئەبینی
شەقاوی ئاسک و ڕەوتی لە ڕووتەن
لەگەڵ یەک تێکەڵ و پێکەڵ ئەبینی
لە شینگایا بە دووی سروەی شەمەڵا
کەمالوول و کنێر و تۆپەڵ ئەبینی
کەوی ماڵی لە شاخ هێمن بەزیوە
حەشاری شاش و پڕ دووکەڵ ئەبینی
بەهاری کەم تەمەن بارانی زۆریش
گوڵی ماڵی ئەبێ پووچەک ببینی
لەگەڵ بەفر و لەگەڵ زستانی سەختا
بەهاری بێ فەڕ و پیت وا لە بەختا