من و بای شەماڵ

از کتاب:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
اثر:
محمدصالح دیلان (1927-1990)
 2 دقیقه  962 مشاهده
هەرچەند بەگران لەبای شەماڵ ئەگەم
ئەو شنە و منیش ناڵە ناڵ ئەکەم
بەڵام بای شەماڵ بۆی گێڕامەوە
ئەو وتی ورد ورد من گەشامەوە
وتی لەوەتەی دنیا دنیایە
کۆن ئەڕوا تازە و نوێ دێتە کایە
لەپێشان بازووی بەهێز و قایم
زاڵی لاواز بوو هەمیشە و دایم
ئینجا هەر زاڵی و دەست و پێوەندی
خۆی و نۆکەر و گورز و کەمەندی
هەڵپە و پەلامار بۆ دەور و پشتی
چی بەردەست ئەکەوت بۆ قۆڵی و مشتی
پاشان بیری خەڵک بەرەو بەرزیەتی
بروزی ئەسەن ڕووەو ژیرێتی
زاڵی تازەشمان بەگوێرەی وەختی
ڕێ و شوێنی تازە لە دەوری تەختی
وازی لە شێوەی جاران ئەهێنا
پەت و سێدارە و گوللە لە شوێنا
نەک پێست گوروون و یاخۆ سووتاندن
بۆ ئەوەی بڵێ ژیان نەک مردن
هەروام بیستووە وام دیوە بەچاو
سا هەر زاڵمێ هاتبێتە ناو
پاش دەرکەوتنی کردار و پیشەی
دەریان ئەهێنا دەمار و ڕیشەی
تۆز و ئێسقانی ئەدرا بەبا
سا خۆی و شیری با بۆ کوێی ئەبا
بڕوانە مێژوو ئەگەر ئەتەوێ
ڕاستی و تەمت بۆ دەرئەکەوێ
ئەوە هۆلاکۆ، هیتلەر، نیرون، چار
ڕۆیین چوونەوە وەک بەفرەکەی پار
ئێستاش هەر وایە قانوونی ساکار
ئەوەی خوێنخۆربێ و زاڵم و بەدکار
ئەوەی بیەوێ شەڕ هەڵگیرسێنێ
ماڵ و منداڵی خەڵک بسووتێنێ
خانەی بێدەنگی خەڵکی دابێژێ
خوێنی پیرۆزی ئینسان بڕێژێ
هەر وەکو باوک و باپیری کۆنی
چی لێهات ئەویش ئەوێیە شوێنی
لەسەر کێلم بەبۆیەی سوور بنووسن خۆشەویستانم
لەناو گۆڕا لەژێر خاکا، لە ڕیزی دەست لە دەستانم
بە پەیمانێ کە من دابووم بە کورد و خاکی کوردستان
بە نەعرەی ڕاپەڕین شەرتە کە بانگ کا من لە هەستانم