دیسانەوە نەورۆزە
از کتاب:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
اثر:
محمدصالح دیلان (1927-1990)
2 دقیقه
1022 مشاهده
دیسانەوە نەورۆزە بەهارە گوڵی ئاڵە
شەونم بە قەتیسی لەسەر ئەو نێرگسە کاڵە
وەک چاوە چی چاوێ کە بە فرمێسک و کەژاڵە
بۆ تازە بەهارێ
بۆ گەشتی کەنارێ
هەرچەندە چرۆ و چووزەرەی باغی شنە و شۆ
پڕنازە بە ئاوازە لەگەڵ شوویی ئاسۆ
بێسوودە ئەگەر هاڕە نەکا بەستەڵەکی کۆ
بۆ هاژەیی چاوە
بۆ جۆششی کاوە..!
زستان دە بڕۆ پەردەیی (تۆف) لادە لە چاوم
من خۆم بەگەڵی وەیشوومەوە تێوە گڵاوم
ڕێ چۆڵکە لەبۆ مێرگی وەکوو ئەخشەری خاوم
با بێتە گەشە و گوڵ
بۆ بولبولی سەرچڵ
گوێم لێیە نزیک دەنگی نەی و پۆلی مەلانە
دڵ ڕائەچەنێ بەزم و سەمای دەس لەملانە
شادی گەلی کوردی نەبەزی دۆستی گەلانە
شەڕ دوژمنی وانە
ئاسایشە گیانە!!
ئەی گەل.. ئەو شەڕخوا هەر خەریکە بە دەس و برد
خاک و شەرەف و ڕۆڵەیی مەردی نەتەوەی کورد
بیکا بە خەڵووزیش و ببێتە سوپەر و بپرد
بۆ ویستنی دوژمن
بۆ هێرشی مردن..!
تۆش... بەسیە ئیتر دوو دڵی و ترس و بەهانە
ئەمجارە لە ناوچوون و بە ملێونە نەمانە
ئاسایشە ڕێی ڕزگاری و باخی ژیانە
بۆ دەنگی بە سۆزێ
بۆ گشت گەل و هۆزێ