تەپڵ
از کتاب:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
اثر:
محمدصالح دیلان (1927-1990)
1 دقیقه
1668 مشاهده
کام گێژە کەوتوومە ناوی؟
بۆ کام گێژە مەلەی سستم
پەلەی باڵی لەگۆ کەوتووم
کام چڵە کەوتۆتە مستم؟
بۆچی بوو هەڵپەی جارانم
بۆ کوێ بوو.. بازرەقەی بەستم؟
بۆ کام ڕیسی بە خوری بووم
هەڵم تەکان شان و باڵم؟
بۆ کام نیوەڕۆی ڕووناک بوو
بێداری شەوگاری تاڵم؟
یا بۆ کام هەنگاوی دوور بوو
تەوژمی ئاواتی کاڵم...؟
وام پێ ئەڵێ... وای ئەژەنێ!
تەپڵی ئەو تەشیەی ڕستم..!
خڕ بیژەنە دونیا کپە
ماوە تەخت و فراوانە
بشیڕێنە نەک بە چپە
کوتەک بۆ سەری تاوانە..!
تاوانم کرد نرا پێما
مۆری ئەو جووتە چاوانە...!
هەر چیم هەیە لێم وەرگرە
لەشم.. ناوم.. جووڵەم.. تینم...!
بیگرۆ پێستی ئەندامم
بیکە بە بەیداخی ژینم!
بەرەڵایکە، هەوری توانج
بۆ ئەستێرەی بەختی شینم..!
بەڵام.. شتێ لە مۆخمایە
(ئەتۆم) نایهێنێتە دەرێ
هیچ دەسەڵاتی ناتوانێ
پەناو زەفەری پێبەرێ..!
ئەزانی چی؟ ئەمن کوردم
گەڵای کوردانەم ناوەرێ..!
دە بیژەنە... دونیا کپە
دڵ لە تۆوی ئاراما (خپە)