مامە کوڕنوو

از کتاب:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
اثر:
محمدصالح دیلان (1927-1990)
 2 دقیقه  3812 مشاهده
مامە کوڕنوو، ڕاکشاوی گردەکەی سەیوانەکەم
سەر ڕەحەت، دڵ بێگرێ، گوێ شل کە بۆ داستانەکەم
سەیرە، بەزمە، هەڵپەڕینە، پڕ لە قاقا و پێکەنینە
نەعرەتەی گوێ کەڕ ئەکا، جۆش و کوڵی سەیرانەکەم
ئەرخەوان سوورە، بەهارە، گوڵشەنە، ڕازاوەیە
دەشت و کۆ ڕەنگین و پڕ شۆیە وەنەوشەی یانەکەم
خەرمەنی لالە لە کۆهساران و پێدەشت و نشێو
سوورترە لەو خوێنە باریوەی کوڵی گریانەکەم
دڵبەران سرک و بەتاز و ڕەوتی نەرم و ئیستەکە
سەد توانج ئەگرێتە ئاهووی دەشتەکەی شێروانەکەم
هەڵبڕە چاوی نومایش تێر سەرنجی ورد بدە
وەک بەجێت هێشت وا نەماوە شارەکەی جارانەکەم
ئەو بەهارەی تۆ بەجێت هێشت پڕ برینی تازە بوو
پڕ لە ئافاتی لەپڕ بوو بۆ گوڵی ئینجانەکەم
ئەو گوڵەی ئاواتی کورد بوو بێتە پشکووتن دەمێ
ڕایوەشێنێ بای شەماڵی نەرمی کوردستانەکەم
ئەو کەسەی دەستی ئەنایە بین و قوڕگی ئەو گوڵە
چنگی خوێناوی ئەنایە ناو دڵە پڕ ژانەکەم
ئێمە ئارەق ڕشتن و بازوو وەشاندن، بێخەوی
ئەو گڕ و پشکۆی ئەخستە ژێر بنی خەرمانەکەم
ئێستە وا خۆی دائەنێ بۆتە فریشتەی ئاسمان
بۆتە دوکتۆر و برینپێچی برینی گیانەکەم
مامە کوڕنوو چی بڵێم زیاتر لەوەی «خالس» ئەڵێ:
فێست و ڕێوی و مێزەر و مەیموونە سەیری بانەکەم
وەک وتم: سەیرە لە بانە.. یا وەکوو ناڵی ئەڵێ:
زیندەگیم تاڵە کە زەلکاو بێتیمارە خانەکەم..!