ئاڵەکۆک

از کتاب:
شاری وێران
اثر:
علی حسنیانی (1939-1992)
 4 دقیقه  1426 مشاهده

ئەدەبی کوردی هەر چەند دەرفەتی ئەوەی نەبووە کە وەکوو پێویستە ببووژێتەوە و بگەشێتەوە، بەڵام مەیدانێکی زۆر بەرین و بەربڵاوی هەیە و دەکرێ دەیان و سەدان شاعیر و نووسەر و لێکۆڵینەر کاری لە سەر بکەن و شتی تازەتر و جوانتری لی وەدەر بخەن و پێشکێشی ئەدەبدۆستانی بکەن.

فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی لە دوو بەشی گەورە و گرینگ پێکهاتووە. یەکەم ئەو هەڵبەست و نووسراوانەی کە شاعیر و نووسەریان دیارن کێن. دووهەم ئەوانەی کە ڕێکخەر و نووسەر و دانەریان نەناسروان کە بەشی دووهەم بریتین لە بەیت، گۆرانی، مەسەلە، هەتەڵە و مەتەڵە، شێعر و چیرۆکی فۆلکلۆریک و... چیرۆکی فۆلکلۆریک جۆر بە جۆرن، بەشێک لەو چیرۆکانە هێندێک کورتەچیرۆکن کە بە بۆنەی نوکتەی وردی شاعیرانە یان بە هۆی پەندێکی لێیان وەردەگیرێ و لە نێو خەڵکدا بڵاو بوونەوە. زۆربەی ئەو چیرۆکانە کورتن، بەڵام پڕ بایەخن وەک چیرۆکی «خەو و با» کە خەو و با پێکەوە قسان دەکەن، ئەمیان دەڵێ ئەمن بەهێزترم و ئەویان ئیدعا دەکا کە ئەو تواناترە. بو ئەوەی سووری کەنەوە کە کامیان ڕاست دەکا و بەهێزترە لە سەر منداڵێکی بچووک کە کوتەنانێکی پێ دەبێ ئەزموون دەکەن. لە پێشدا «با» دەست بە کار دەبێ و بە توندی دێ و منداڵەکە بەم لا و ئەو لا دادەدا کە کوتەنانەکەی لێ بستێنێ. هەر چی لە توانایدا دەبێ بە کاری دێنێ، بەڵام سەرکەوتوو نابێ و منداڵەکە بە توندی وە دەرک و دیواران دەکەوێ، کە چی پارووەنانەکەی بەرنادا. ئەمجا نۆرەی خەو دەبێ کە دەچێ لە چاوی منداڵەکەوە و خەوی لێدەخا و بە سووک و هاسانی کوتەنانەکەی لە دەستی بەر دەبێتەوە.

دیارە لە لایەک مەبەست لەو چیرۆکە ئەوەیە کە بۆ کاری بوون لە سەر کەسێک، پەلامار بردن بو سەر عەقڵ و مێشک و هۆشی وی ئاکامی زیاترە لە هێرش بردنە سەر لەشی. لە لایەکی دی ئەمە دەگەیێنێ کە مرۆڤ تا وشیارە و بەخەبەرە و ئاگای لە خۆیەتی شکستێ ناهێنێ، بەڵام هەر کە بێ خەبەری و خەوی بە سەردا هات زۆر بە هاسانی دەبەزێ و تێکدەشکێ. بە کردەوەش دیتوومانە کە زۆر شەڕکەری بوێر و ئازا هەبوون کە کەس نەیتوانیوە باشاریان بکا، بەڵام هەر کە خافڵاون و خەویان لێ کەوتووە بە دیل گیراون یا کوژراون.

چیرۆکی ئاڵەکۆکیش یەکێکە لەو کورتەچیرۆکانەی کە پەند و حیکمەتیان تێدایە. ئاڵەکۆک گیایەکی چکۆڵەی کوڵکنە کە پتر لە کوێستانان دەڕوێ؛ لە هێندێک جێگا پێی دەڵێن «ئاڵەقۆق».

لە بارەی ئاڵەکۆکدا مەسەلێکمان هەیە کە دەڵێ: «دیاری شوانی ئاڵەکۆکە»، مامۆستا هەژاریش ئەو مەسەلەی لە شێعرێکدا هێناوە و دەڵێ:

بە کوردی پێت بڵێم لێم مەگرە ئیراد
دیاری شوانەوێڵەی ئاڵەکۆکە

هەر وەها مامۆستای ناوبراو کتێبەشێعرێکی هەیە بە ناوی «ئاڵەکۆک».

لە چیرۆکی ئاڵەکۆکدا، سەرەبەهارێ کە وردەوردە گیاوگۆڵ لە بن بەفر لە ئەردی سەر دێننە دەر، ئاڵەکۆکیش شین دەبێ. بەفر کە بە سەر تەواوی دنیادا زاڵە و کاتی برەویەتی، دەنێرێتە سەری و داوای لێ دەکا شووی پێ بکا. ئاڵەکۆک کە لە هەڕەتی لاوی و جوانیدا دەبێ و فیز و هەوا وەک پەردەیەک بەر چاوی دەگرێ و دواڕۆژی لە بەر چاو نابێ و پێی وا دەبێ کە ئەو لاوی و جوانییە هەتاهەتایە هەر دەمێنێ، بیانووی بۆ دێنێتەوە و دەڵێ:

- جارێ هاواڵانم چوونەتە هەواران، با ئەوان بگەڕێنەوە جا مێردی پێدەکەم. (هێندێک کەس لە جیاتی «هاواڵانم» دەڵێن «براکانم».

ماوەیەک ڕادەبرێ، ئاڵەکۆک گەورە دەبێ و بەرەو پیری دەڕوا و ئەو جوانی و گەنجی جارانی نامێنێ، هەست بە ئەوە دەکا کە ڕۆژ بە ڕۆژ ژاکاوتر و سیستر دەبێ. لە کردەوەی خۆی پەژیوان دەبێتەوە و وڵام دەنێریتە لای بەفر و دەڵێ هاواڵانم لە هەواران هاتوونەوە و ئێستا حازرم شووی پێ بکەم. لەم لاوەش بەفرەکە دەکەوێتە ژیر هێرش و پەلاماری شەماڵ و لەنگێزە و باران و دوایین پەلەقاژەی ژیانی دەبێ، وڵامی بۆ دەنێرێتەوە و دەڵێ:

- ئاڵەکۆکەی کوڵکنە (پرچنە)

چۆڕاوکەم کەوتە بنە،

بۆ چیمە ماڵ و ژنە،

بەو جۆرە دواهیوای ئاڵەکۆک دەبڕێ و ناهومێدی و داخ و پەژیوانی بۆ دەمێنێتەوە.

دیارە مەبەست لە چیرۆکی ئاڵەکۆک ئەمەیە کە مرۆڤ نابێ بە هێندێک سەرکەوتنی کاتی و ناپایەدار هەوای لێ پەیدا بێ و لە خۆی دەرچێ. دەنا وەک ئاڵەکۆک پەژیوانییەکی بێ سوودی بۆ دمێنێتەوە و هیچی دی.