چاکی خاڵەسوورە

از کتاب:
شاری وێران
اثر:
علی حسنیانی (1939-1992)
 5 دقیقه  768 مشاهده

لە سەر گەلێک تەپک و کێوان، لە بەرقەد و لاپاڵان، لە دەشت و گۆڕایییان تەنانەت لە کووچە و کۆڵاناندا گڵکۆی پیاوخاسان دەبینین کە داریان لە سەر چەقێندراوە و هێندێک شاڵ و ئاڵەبووکی ڕەنگاوڕەنگیان پێوە هەڵاوەسراوە. ئەو گڵکۆیانە کە پێیان دەگوترێ «شەخس» یان «چاک»، لە سەرانسەری کوردستاندا وەبەر چاو دێن کە زۆربەیان ناسراون و گڵکۆی ئەو پیاوچاکانەن کە لە تەمەنی خۆیاندا هەر خەریکی عیبادەت و کاری باش و خزمەت بە خەڵک بوون و دوای کۆچی دوایییان گڵکۆکەیان بۆتە زیارتگای خەڵک.

هێندێک چاکیشمان هەیە کە بە ڕواڵەت گڵکۆی لێیە، بەڵام لە ڕاستیدا هیچیان تێدا نییە و لە لایەن هێندێک پیاوی ژیر و تێگەیشتوو لە سەر کانی ئاوان و بەتایبەتی لە لێڕەواراندا ساز کراون بۆ پاراستنی ئەو جێگایانە. کە بە ڕاستیش بە کەلک بوون و خەڵک بۆ ڕێزدانان بە ئەوان، دار و دەوەنی دەورانبەریان پاراستووە و لە کوێربوونەوەی کانیاوەکان بەرگرییان کردووە.

شەخسی واشمان هەیە کە بە هۆی خەونی هێندێک کەس ساز بوون، واتا یەکێک خەونی دیوە کە پیاوچاکێک پێی گوتووە فڵانە جێگا گڵکۆی منە، ئاگات لێبێ و بمپارێزە. ئەو کەسەش بە هۆی بیر و بڕوای ئایینییەوە چووە پەرژین یان پاردەی بۆ ساز کردووە و دارێکی لە سەر چەقاندووە و دوو کێلی بۆ داناوە و هێندێکی گڵ لێ هەڵداوەتەوە و بەو جۆرە بۆتە چاک.

لێکۆڵینەوە لە بارەی ئەو شەخسانەی کە ئێستا گڵکۆیان هەیە، ڕەنگە زۆر شتمان بۆ ڕوون بکەنەوە، وەک گڵکۆی خودا لێ خۆش بوو «بوداق سوڵتان» کە لە گۆڕستانی مەهاباددایە و پیاوێکی ناوبەدەرەوە و خێرخوا و خزمەتکاری خەڵک بووە و نیزیک بە چوارسەد ساڵ لە مەوبەر بناغەی شاری مەهابادی داناوە و «مزگەوتی سوور» و «پردی سوور» لە ئاسەوارەکانی ناوبراوە. یان چاکی «شێخ وسوو» لە گوندی لاچینی مەهاباد کە سەفەری «نادرشای ئەفشار» مان دێنێتە بەر چاو کە کاتێک بە لەشکرێکەوە لە ڕێی مەهابادەوە بەرەو عێراق چوون، شەوێک لە لاچیندا ماونەوە و شەوێ یەکسمەکانیان لە دەورانبەری گڵکۆی شێخ وسوودا دەبەستنەوە و بێ ئەوەی بزانن چ پیاوچاکێک لە وێ نێژراوە. شێخ وسوو دەچێ لە خەونی نادرشاوە و خۆی پێ دەناسێنێ و لێی دەوێ کە بێ حورمەتی پێ نەکرێ. نادرشاش سبەینەکەی دەستوور دەدا کە ئەو جێگایە خاوێن بکرێتەوە و کێل و بەردی بۆ ساز بکرێ و هۆدە و نوێژخانەی لێ دروست بکەن کە بەداخەوە ئێستا تەنیا هۆدەیەکی بچووکی لە سەر ماوە.

یەکێک لەو چاکانە کە ئێستا نەماوە و لە نێو چووە، چاکی «خاڵەسوورە» لە شاری مەهاباددا بووە. خەڵکی مەهاباد، ئەوانەی کە ساڵەکانی پێش ١٣٣٥ی هەتاوییان دیبێ، لە بیریانە کە لە گەڕەکی «قوڵەقەبران»، لە سەر بەرزایییەک، لە ژێر سێبەری دارەبووزێکی گەورە و پڕ لک و پۆدا کە بە پلیکان بۆی وەسەر دەکەوتن، چەند گڵکۆی لێبوو کە بە بەردچن پاوان کرابوو. یەکێک لەو گڵکۆیانە کە لە ئەوانی دی بەرچاوتر بوو، گڵکۆی خاڵە سوورە بووە کە خەڵک بۆ زیاڕەت و بە مەبەستی وەدی هاتنی نیاز و ئاواتیان دەچوونە سەری و چلدانەیان دەگرتەوە.

خاڵە سوورە، پیاوێکی چوارپەل قایمی کەڵەگەتەی سوورکاڵە بووە کە کاری جەردەیی دەبێ و بۆخۆی و دارودەستەکەیەوە ڕێگرییان کردووە و دەوڵەمەندانیان ڕووت کردووەتەوە و بەشی خۆیان لێ هەڵگرتووە و ئەوی دیان داوە بە هەژار و نەداران.

خاڵە سوورە، لە ساڵەکانی پێش شەڕی نێونەتەوایەتی یەکەمدا ژیاوە. لە ساڵەکانی شەڕدا کونسوولی ڕووسان لە و - ڵاتی ئێمەدا دەکوژرێ و ڕووسەکانیش بە تۆڵەی کوژرانی ناوبراو دەست دەکەن بە کوشت و کوشتاری پیاوانی بێ تاوانی مەهاباد تا وای لێ دێ کە نێرینە لە شاریدا نامێنێ و ئەوەی دەکوژرێ، دەکوژرێ و ئەوانی دی یا ڕادەکەن و شار بە جێ دەهێڵن یان خۆیان لە کون و کاژێڕاندا دەشارنەوە. لەو سەردەمەدا خاڵە سوورە و دارودەستەکەی بە دزییەوە دێنەوە نێو شار و خۆیان حەشار دەدەن و لە دەرفەتێکدا هێرش دەبەنە سەر حەوت کەس لە ڕووسەکان و دەیانکوژن. ڕووسەکانی دی کاتێک بەو کارەساتە دەزانن، گەمارۆیان دەدەن و پەلاماریان بۆ دەبەن و خاڵە سوورە و یارانی دوای دەست کردنەوەیەکی ئازایانە شەهید دەبن و چەند ژنێک کە لەو گەڕەکەدا مابوونەوە دەیاننێژن و بەو هۆیەوە گڵکۆی ناوبراو دەبێتە زیاڕەتگا.

لە ساڵی ١٣٣٥ی هەتاوی لە کاتی کێشرانی شەقامدا بەداخەوە گڵکۆی خاڵەسوورە وەبەر دەکەوێ و لە نێو دەچێ. ئێستا بەو شەقامە دەڵێن شەقامی «صلاح الدین ایوبی [سەلاحەددین ئەییووبی]».

هیوادارم ئەوانەی حەز لە کاروباری لێکۆڵینەوە دەکەن، بە لێکۆڵینەوە لە بارەی چاکەکاندا بە ڕوون کردنەوەی ڕابردووی دوور و نیزیکی وڵاتەکەمان یاریدە بدەن.