ژن بە ژنە

از کتاب:
شاری وێران
اثر:
علی حسنیانی (1939-1992)
 7 دقیقه  2634 مشاهده

یەکێک لە دابە ناحەزەکانی کۆمەڵی کوردەواری بەتایبەتی لە گوندەکاندا بایەخ نەدان بە مافی ژنانە. لە کوردستاندا بە گشتی و لە ئاوایییەکاندا بەتایبەتی پێیان وایە کە خودا ژنی تەنیا و تەنیا بۆ خزمەت کردن و کوێرەوەری و ڕەنجکێشان خوڵقاندووە. ژن مافی دەربڕینی بیر و بڕوا و تەنانەت قسە کردن لە حاندی پیاوانی نییە. باوک و برای کچان بەبێ سرنجدان بە هەست و ویستی ئەوان بە شوویان دەدەن و ژن بە ژنەیان پێدەکەن.

مەبەست لە ژن بە ژنە ئەمەیە کە کچێک یان بێوەژنێک بە شوو دەدەن و لە بەرامبەریدا کچێک یان بێوەژنێک وەردەگرن. لە لادێ بە دەگمەن هەڵدەکەوێ کچێک بەبێ ژن بە ژنە بە شوو بچێ. ئەو کچانە بە هۆی ئەمە کە خۆیان لە هەڵبژاردنی هاوبەشی ژیانیاندا دەورێکیان نییە بە نابەدڵی و لە ترسی لێدان و کوتانی باوک و برایان یان لە بەر ڕێز گرتنی ئەوان و دڵ نەشکاندنیان بە ڕواڵەت مل بە ژن بە ژنە دەدەن.

بایەخ نەدان بە مافی ژنان بە «ژن بە ژنە» پاوان ناکرێ. کچان و ژنان لە گوندەکاندا جگە لە کوێرەوەری و چەرمەسەری شەو و ڕۆژی و دووری و مەحروومییەت لە کەمترین مافی ژیان، بەداخەوە لە ڕیزی مەڕ و ماڵات تەنانەت کەمتر لە ئەوانیش دەژمێردرێن. بە «بەر خوێن» و «سەر خوێن» یان دەدەن واتا کاتێک پیاوێک ژنێک هەڵگرێ یان زیانێکی گیانی یا ماڵی لە دەست بقەومێ، بۆ وەلا بردنی شەڕ و کێشە، پێکەوە مەسڵەت دەکەن. زۆربەی ئەو مەسڵەتانە بە فیدا کردنی کچێک دوایی دێ کە پێی دەڵێن «بەر خۆین». ئەگەر نرخی ئەو کچە کەمتر لە زیانی لایەکەی دیکە بێ یان ئەگەر ئەو کچە لە بەرامبەر کچێک یان ژنێک کە هەڵگیراوە کەم بایەختر بێ، کچێکی دیکە فیدا دەکرێ کە پێی دەڵێن «سەر خوێن».

ئەو کچانە فیدای هەوا و هەوەسی باوک و برایان دەبن. ئەو باوک و برایانە (تەنانەت دیتراوە مام و خاڵیش) ئەوەی لە فیکریدا نین بەختەوەری و مافی ئەو کچە ڕۆژگار ڕەشانەن. بۆخۆیان خۆشیان لێ ڕابرێ، دەربەستی کچ و خوشکیان نین.

دیارە ئەو جۆرە نیکاحانە لە باری شەرعیشەوە دروست نین و باتڵن، چونکە لە لایەک، مەرجی هەرە گرینگی دروست بوونی نیکاح «قصد و رضا» یە واتا کیژ و کوڕ دەبێ «بیانەوێ» و «ڕازی بن» بە نیکاح. لە لایەکی دیکەوە، بە شەرع دەبێ مارەیی «ماڵ» بی نەک «ئینسان». لە ژن بە ژنە و سەر خوێن و بەر خوێندا دراوێک بۆ مارەیی دیاری دەکەن، بەڵام بە کردەوە ئەو کچەش کە دەستێندرێ بەشێکە لە مارەیی، یان باشتر بڵێم مارەیی هەر کام لەو کچانە بریتییە لە کچەکەی دیکە و هێندێک دراو. دەنا ئەگەر بێ و کچەکەی دیکە نەدەن، لایەکەی دی هەرگیز حازر نابێ بچێتە لای شووەکەی.

بەداخەوە زۆربەی ئەو خزمایەتییانە دوایییەکی زۆر ناخۆش و ناحەزی دەبێ. زۆر دیتراوە و بیستراوە کە ژنێک لەگەڵ ئەوەدا کە چەند منداڵی هەبووە، ڕەدوا کەوتووە و هەڵگیراوە. ئەو مەسەلە تا ئەو ڕادەیە پەرەی سەندووە کە ڕەدواکەوتن و ژن هەڵگرتن بەتایبەتی لە گوندەکاندا بۆتە باو. زۆر جاریش دیتراوە کە کچێک بە هۆی ئەمە کە شووەکەی پیر بووە و بە باوک و باپیری شیاوە، گیرۆدەی ناڕاحەتی و فیشاری ڕووحی بووە تا جێگەیەک کە گۆڕانی وەزعی ڕووحی و شێتایەتی دەستی پێداوە.

ئاکامێکی دیکەی ئەو جۆرە نیکاحانە ئەمەیە کە کاتێک یەکێک لە ژنەکان دانەنیشت و زیز بوو یان تەڵاق درا، ژنەکەی دیکەش ڕاناگیرێ و وەک زێڕخریدێک دوای لێدان و کوتان دەردەکرێ و بە سەر ماڵە باوکیدا دەدرێتەوە. جا چەند منداڵان بە جێ دەهێڵن و ئەو منداڵانە چ بەسەرهاتێکیان دەبێ، لای کەس گرینگ نییە.

ڕوسمێکی ناحەزی دیکەی وڵاتی ئێمە، مارە کردنی کچ لە سەر پشتی لانکەیە. باوکی ئەو کچە شیرەخۆرانە بەبێ لە بەر چاو گرتنی دواڕۆژی ئەوان مارەیان دەکەن.

لە مەڵبەندی «هەوشار»، کاتێک خوازبێنیکەر بۆ کچێک دەچێ، چاو لە جوانی و کابانی و ژیری کچەکە ناکرێ. تەماشای تەونێکی دەکەن کە خەریکە دەیچنێ یان مافوورەیەک کە تەواوی کردووە و لە ڕووی ئەو تەون و مافوورەیە شیربایی بۆ دیاری دەکەن یان لە ڕاستیدا دەیکڕن. دیارە کاتێک ئەو کچە چارەڕەشە دەچێتە ماڵە شووەکەی، ناچارە لە ماوەیەکی کەمدا بە شەو و ڕۆژ کار بکا و سۆمایی چاو و هێزی گیانی فیدا بکا و دراوی شیربایییەکەی بۆ ماڵە مێردەکەی دەربێنێتەوە. سەرباقی ئەو بێ بایەخ بوونە و ئەو هەمووە کار و کوێرەوەری و چەرمەسەرییە، نێوە نێوە دەبێ تامی لێدان و کوتان بچێژێ و بیراز بکرێ. دیارە ئەو جنێو و لێدان و سووکایەتییە هیچ هۆیەکی ناوێ.

مافی ژنان بە چەشنێکی دیکەش پێ شێل دەکرێ و ئەویش «پووڵ پێوەبەستن»ە، واتا کاتێک ژنێک تەڵاق دەدرێ لە لایەن شووەکەیەوە دراوێکی پێوە دەبەسترێ کە تا ئەو دراوە بۆ شووەکەی ڕەد نەکرێتەوە، مافی مێرد کردنەوەی نییە. جاری وا هەیە ئەو دراوە ئەوندە زۆرە کە کەس حازر نابێ بیدا و ژنەکەی مارە بکا و ئەو ژنە چارەڕەشە ناچارە تا ئاخری ژیانی بەبێ مێرد بمێنێتەوە.

هێنانی دوو ژن و سێ ژن و چوار ژنیش پەیاخێکە کە لە ماف و هەستی ژنان دەدرێ. ئەگەر لە کەسێکی کە زیاتر لە ژنێکی هێناوە بپرسی بۆ وات کردووە؟ دەڵێ خۆ خیلافی شەرعم نەکردووە. کەچی بەداخەوە ئەمڕۆ لە شەریعەتی مەزنی ئیسلام بە شێوەیەکی خراپ و نادروست کەلک وەردەگیرێ. خودا لە قوڕئاندا ئیجازەی چوار ژنی بە پیاو داوە، بەڵام بە مەرجێک کە ترسی ڕەچاو نەکردنی عەدالەت و داد لە دڵی پیاودا نەبێ واتا تەنانەت ئەگەر کەسێک ترسی ئەوەی هەبێ کە نەوەک نەتوانێ لە نێو ژنەکانیدا بە عەداڵەت ببزوێ، نابێ و ناتوانێ ژنی دووەم و سێیەم و چوارەم بێنێ. دیارە هەیاران! یەکێک هەڵکەوێ کە ئەو ترسەی لە دڵدا نەبێ.

بە ڕاستی جێگەی داخە کە بۆ دەبێ وا بێ، بۆ دەبێ پێمان وا بێ کە کچ بۆ خۆش ڕابردنی پیاوان و بۆ دیلی و کویلەیی و چەرمەسەری دروست کراوە؟ لە دنیای ئەمڕۆدا کە لە تەواوی وڵاتە پێشکەوتووەکاندا مافی ژیان بۆ ژن و پیاو یەکسانە و سوور بووەتەوە کە پیاو جگە لە هێزی بەدەنی هیچی بە سەر ژناندا نییە، لە دنیایەک کە ژن گەورەترین مەقامی زانستی و سیاسی و کۆمەڵایەتییان بە دەستەوە، بۆ دەبێ ئێمە وەک دەیان سەدە لە مەو بەر بیر بکەینەوە؟ بۆ دەبێ فەرامۆش بکەین کە نیوەی دنیا ژنن؟ بۆ دەبێ لە بیرمان بچێتەوە کە ئەگەر دایک نەبوایە پیاویش نەدەبوو تا ئەوەندە زوڵم لە ژنان بکا؟ پیغەمبەری ئیسلام (د. خ) دەفەرمووێ: «ژن گوڵێکی جوانە کە خودا داویەتی بە دەست ئێوە، بە دڕکی جەفا ئەو گوڵە مەژاکێنن.» هەر وەها دەفەرمووێ «بەهەشت لە ژێر پێی دایکاندایە.»

ئێمە کە خۆمان بە موسڵمان دەزانین بۆ دەبێ فەرمایشی پیغەمبەری گەورەی ئیسلام لە بیر کەین؟ ئێمە کە ئیدعای ئینسان بوونمان هەیە، بۆچی دەبێ مافی ئینسانی ژنان نەگرینە بەر چاو؟

دەڵێن ڕادەی پێشکەوتنی کۆمەڵێک بە میزانی بەشدار بوونی ئافرەتانی ئەو کۆمەڵە لە کاروباری کۆمەڵایەتیدا دیاری دەکرێ. ئەگەر بێنین ئەو قاعیدە لە بەر چاو بگرین، دەبێ دانیشین و بۆ حاڵی خۆمان و بۆ دواکەوتوویی کۆمەڵەکەمان بگرین و شین بگێڕین.