شێعری کوردی

از کتاب:
شاری وێران
اثر:
علی حسنیانی (1939-1992)
 16 دقیقه  6176 مشاهده

مرۆڤ لەو کاتەوە کە توانیویە بدوێ و قسەی دڵی بە وشە بە گوێدەری ڕابگەیێنی، شێعری ناسیوە. مرۆڤ یان ئەو گیان لە بەرە ژیرە کە زووتر لە هەموو گیاندارێک توانیویە لە هێزی مێشک و بیری کەلک وەرگرێ و بەرەو شارستانییەتی هەنگاو هەڵێنێ، یەکەم شەقاوی لەو ڕێگا دوورودرێژ و بێ دوایییەدا ڕێکوپێک کردنی دەنگ و بانگ بە شێوەی «وشە» بووە. لە پێشدا ئەو وشانە پتر یەک یان دوو بڕگەیی بوون و وردەوردە پێ بە پێی سەرکەوتن لە تەنگ و چەڵەمەکانی ژیاندا بڕگەی وشەکانیش زیاتر کراون.

مرۆڤ کە لە هەموو گیاندارێک زیاتر هەستی بە خۆشی و ناخۆشی، خۆشەویستی و قین، حەز و بێزران، پەژارە و شادی، سەرکەوتن و تێکشکان، هیوا و ناهومێدی، ئەوین و بێزاری، پێک گەیشتن و چاوەڕوانی، پەرۆشی و ترسان و سەر سووڕمان و... کردووە، ئەو هەستانەی خۆی بە گۆرانی و قام - هەر چەندە بە شێوەی سەرەتایی بووبێ - دەربڕیوە. دیارە گۆرانی و شێعریش ناتوانن لە یەک جیا بن. ئەو شێعر و گۆرانییە وەکوو هەموو بارێکی ژیانی کۆمەڵایەتی نەختەنەختە ڕێکوپێکتر و وێچووتر بووە تا گەیشتۆتە ئەمڕۆ.

تا ئەو جێگایەی کە مێژوو ڕوونی کردووەتەوە چەند لک لە ڕەگەزی ئاریا لە باکوورەوە بەرەو ئێران کۆچیان کردووە کە گرینگترینی ئەوان بریتی بوون لە مادەکان، پارتەکان، پارسەکان، ئەرمەنییەکان، سەکاکان و.... مادەکان لە دەریای خەزەرەوە تا سووریا دانیشتوون کە کورد و لوڕ و گیلەک پاشماوەی ئەوانن. زمانی مادەکان بە ئاڵوگۆڕێکەوە ئێستا لە گیلان و لوڕستان و کوردستاندا قسەی پێدەکرێ و ئەو زمانانە وشەی تێکڕایی یان نیزیک بە یەکیان زۆرە.

پارتەکان لە لای ڕۆژهەڵاتی ئێران واتا لە خوراسان و ئەفغانستاندا نیشتەجێ بوون. پارسەکان باشووری ئێرانیان بۆ دانیشتن هەڵبژاردووە. ئەرمەنییەکان لە مەڵبەندی ئەرمەنستان و باکووری گۆلی واندا نیشتەجێ بوون و سەکاکانیش جێگەیەکی تایبەتییان بۆ دانیشتنی وێکڕایی هەڵنەبژاردووە و لە مادستان و باشووری ئێران و ئەفغانستانی ئێستێ و چەند جێگای دی بڵاو بوونەتەوە کە لە کوردستانی ئەمڕۆکەدا تایفەی «سەکر» پاشماوەی ئەوانن.

بەناوبانگترین شێعری زەمانی ماد «گاسە» کانی زەردەشتن کە لە نێو خەڵکدا باو بووە. لە دوای ماد لە زەمانی ساسانیاندا «ئەهۆرا» سروودێکی ئایینی بووە کە ئێستاش بە ناوی «هۆرە» بە نێوەرۆکێکی دیکەوە لە نێو کورداندا هەر ماوە و هەر باوە. ئەو سروودە لە سەر کێشی بڕگەیی بووە.

شێعری کوردی، بە گشتی دوو بەشە: فۆلکلۆریک و نووسراوە، فۆلکلۆریکەکان بە شێوەی بەیت و هەڵبەست و گۆرانی و... هەموویان لە سەر کێشی بڕگەیین. شێعرە نووسراوەکانیش لە هەوەڵەوە بە شێوەی بڕگەیی بوون. لە کۆنترینی ئەو شێعرانە هەڵبەستەکانی «پیر شالیار»ە. پیر شالیار، خەڵکی هەورامان بووە و بۆ ئایینی زەردەشتی تەبلیغی کردووە و کتێبێکی بووە بە ناوی «ماریفەت» کە بە «ماریفە تا پیر شالیارێ» ناوبانگی دەرکردووە. پیر شالیار هاوزەمان لەگەڵ وەدی هاتنی ئایینی ئیسلام ژیاوە. گڵکۆی پیر شالیار لە هەورامانی تەختە و خەڵک بۆ زیارەت دەچنە سەری. بە ناوترین شێعری پیر شالیار ئەم چوارینەیە کە پێشبێنیی داهاتووی کردووە.

وەروێوە وارۆ وەروە وەرێنە

وەرێسێو بڕیۆ چوار سەرێنە

گۆشە ڵێ مێریۆ دوە بەرێنە

کەر گەڕە شەڵێ هێڵە چەرمێنە

 

واتا:

بەفرێک دەبارێ (کە) بەفرخۆرکەیە.

(ئەگەر) گوریسێک بپسێ، چوار سەری لی پەیدا دەبێ.

(ئەگەر) دیزە کون بێ دوو دەرکە پەیدا دەکا.

مریشک ڕەشە (بەڵام) هێلکەکەی سپییە.

مەبەستی پیر شالیار ئەمەیە کە ئایینێک دێ کە ئایینەکانی دی لە نێو دەبا. پیر شالیار لەم شێعرەدا زەردەشتییەکان بۆ یەکێتی هان دەدا و دەڵێ ئەگەر پشتی یەک نەگرن وەگ گوریسی پساو دەبنە چەند لەت یان وەکوو دیزەی کون، بێ کەلک و بێ نێوەرۆک دەبن. لە دواییدا هیواداریان دەکا بە دواڕۆژ و دەڵێ نابێ ناهومێد بن و ئیشارە بە هەوری ڕەش دەکا کە بارانەی سپی بە دواوە.

خودا لی خۆش بوو دوکتۆر «سەعید کوردستانی» پێستەئاسکێکی کە لە مەڵبەندی سولەیمانییەدا دۆزرابووە و ئەم شێعرانەی بە خەتتی پەهلەوی و بە زمانی کوردی لە سەر نووسراوەتەوە، داویەتی بە «مللک الشعرا بهار» [مەلەکولشوعەرا بەهار]. «ڕەشید یاسەمی» ئەو شێعرەی لە کتێبی «کورد و پێوەندی ڕەگەزی و مێژوویی ئەو» دا هێناوەتەوە و بەداخەوە هێندێک لە وشەکانی گۆڕیون. ئەوەی کە «مللک الشعرا بهار» [مەلەکولشوعەرا] لە کتێبی «سەبک شناسی» دا هێناویەتەوە بەم چەشنەیە:

هورموزگان ڕمان، ئاتران کوژان

هوشان شارە وە گەورەگاوران

زۆرکەری ئەرەب کردنا خاپوور

گونانی پاڵە بەشی شارەزوور

ژن و کەنیکا وە دیل بشینا

مێرد ئازا تەلی ژرووی هوینا

ڕەوش زەردوشتەر مانەنە و بێ دەس

بە زیکا نیکا هورموز وە هویچ کەس

 

واتا:

جێگەی ئەهۆرەمەزدا (مزگەوت) ڕووخان، ئاگری (زەردەشت) کوژانەوە.

گەورەی گاوران (زەردەشتیان) خۆیان شاردەوە

عەڕەبی زاڵم ویرانی کرد.

گوندەکانی «پاڵە»ی بەشی شارەزوور.

ژن و کچ بە دیل گیران

پیاوئازاکان لە خوێندا تلان

ئایینی زەردەشت بیهێز ماوەتەوە

ئەهۆرامەزدا بە هیچ کەسدا بەزەیی نایە

 

ئەو شێعرە وەکوو ڕەشید یاسەمی دەنووسێ هاوزەمان لەگەڵ هێرشی ئیسلامە.

بێجگە لەو شێعرانە، لە کۆنترین شێعری نووسراوەی کوردی کە بە دەستمان گەیشتووە، دیوانی «فەقێ تەیران»ە کە لە سەدەی نۆهەمی کۆچیدا ژیاوە. ئەو دیوانە لە کتێبخانەی مۆسکۆدا ڕاگیراوە. هەر وەها شێعرەکانی «میرزا سەرهەنگ خان ئەڵماسی» یە کە خەڵکی کەنوولەی کرمانشان بووە. ناوبراویش لە سەدەی نۆهەمدا ژیاوە و بە زمانی هەورامی شێعری داناوە کە بە ناوترینی ئەوان «لەیلی و مەجنوون» و «شانامە» یە. ئەو دوو کتێبە لەگەڵ لەیلی و مەجنوونی نیزامی و شانامەی فیردەوسی جیاوازی هەیە.

لە سەدەکانی دواییدا ئاسەواری زۆر شاعیر و نازمی کوردی چاپ و بڵاو کراوەتەوە کە زۆربەی ئەو شێعرانە پڕیە لە وشەی بێگانە بەتایبەتی عەڕەبی. لە ڕابردوودا بە هۆی زاڵ بوونی فەرهەنگ و ئەدەبی عەڕەبی بە کار هێنانی وشەی ڕەق و تەقی ئەو زمانە هۆی زۆرزانی و لێزانی و چازانی بووە.

لەم دواییەدا شێعری کوردی چ لە باری کێش و چوارچێوەوە و چ لە باری نێوەرۆکەوە ئاڵوگۆڕێکی گرینگی بە سەردا هاتووە و بەرەو پێشکەوتنێکی گەشەدار هەنگاوی هەڵێناوەتەوە. وەکوو ئیشارەم پێکرد کاروانی شێعری کوردی چ بە شێوەی کلاسیک و چ بە شێوەی نوێ لە مێژە وەڕێ کەوتووە، بەڵام زۆری پێدەوێ کە کەندوکۆسپ و بەرهەڵستی ڕژدەڕێی وەلانێ و بگاتە مەنزڵ. بەختەوەرانە شاعیری لاوی وامان هەیە کە هیوای دواڕۆژی ئەدەبی کوردین وەک: هەڵو، هێدی، هەڵوەدا، شەریف، بێزار، لاوێن، ڕەشە، وریا، ئاشق و....

ئەرکی شاعیرە لاوەکانمانە کە بۆ گەشەدان بە ئەدەبی کوردی بە تەواوی توانای خۆیانەوە هەنگاو هەڵێنن. بۆ بڕینی ئەو ڕێگا دوورودرێژ و پڕ لە کەندوکۆسپە دەبێ خۆیان ئامادە بکەن واتا وێڕای فرە کار کردن و کوردی باش فێر بوون و خوێندنەوەی شێعری شاعیرانی پێشوو، دەبێ لە دەستووری شێعریش ئاگاداریان بێ تا بتوانن وەک ئەستێرەیەکی پڕشنگدار لە ئاسمانی ئەدەبی کوردیدا بدرەوشێنەوە.

بە من، لە شێعردا چەند شت دەبێ لە بەر چاو بگیرێ:

١. شێوەی شێعر: لە شێعری کوردیدا دوو شێوەی کلاسیک (کۆن) و ئازاد (نوێ) باوە.

لە زمانی فارسیدا زۆر لە مێژ نییە کە شێعری نوێ هاتۆتە گۆڕێ. یەکەم کەسێک کە چوارچێوەی شێعری کۆنی لە زمانی فارسیدا تێکشکاند، عەلی ئەسفندیاری «نیما یووشیج» بوو کە یەکەم شێعری بە ناوی «ئەفسانە» ناوبانگی دەرکرد و لە ساڵی ١٣٠٠ی هەتاوی بەم لاوە شێوەی شێعری ئازادی کردە باو، بەڵام لە زمانی کوردیدا بە لە بەر چاو گرتنی بەیتە کۆنەکان وەک بەیتی گوڵێ و بەیتی مەم و زینی کۆکراوەی ئۆسکار مان وا دەردەکەوێ کە لە مێژە کورد گوێی بە هەڵبەستی نوێ ڕاهاتووە.

شێعری ئازاد چەند ئیمتیازی بە سەر شێعری کلاسیکدا هەیە، بەم چەشنە:

لە شێعری نوێدا مەبەستێک دەست پێدەکرێ و هەتا دوایی شێعرەکە درێژەی هەیە، بەڵام لە زۆربەی شێعری کلاسیکدا شاعیر لە مەبەستیک باز دەداتە سەر مەبەستێکی دی، وەک شێعری «ناسۆری تەشەنا»ی مامۆستا هێمن کە ئەم دێڕانەی تێدا دەبیندرێ:

مشت و ماڵی دەوێ ئاوێنەیی ژەنگاوی خەیاڵ

مەست و گێژم کە هەتا گاڵە بە جامی جەم کەم

 

لێرەدا شاعیر داوا لە مەیگێڕ دەکا بۆ لابردنی خەم و پەژارە و ناڕاحەتیی خەیاڵ سەرخۆشی بکا. لە دوایەدا دەڵێ:

پیر و زورهانم و ئێستاش دڵەکەم هەر دەیەوێ

سەر و ماڵم بە فیدای خاڵ و خەت و پەرچەم کەم

لەو دێڕەدا شاعیر باسی پیری و جوانیپەرەستی خۆی دەکا. لە ئاخری هەڵبەستەکەیدا دەڵێ:

شەڕەبایە لە چیاکان و هەوا تووشە دەنا،

وەکوو شێتان دەمەویست ڕوو لە چیای ئەستەم کەم

لێرەدا شاعیر بە ئیشارە، باسی وەزعی سیاسی ساڵی ١٣٤٦ی هەتاوی دەکا. دیارە شێوەی شێعری کلاسیک هۆی ئەو لادانە لە مەبەستێکەوە بۆ مەبەستێکی دییە و ڕەخنەیەک لە سەر شاعیر نییە.

* شاعیری شێعری نوێ خۆی ئەسیری «وشە» یان «قافییە» ناکا و زۆر بە ڕەحەتی و بە ڕەوانی مەبەستێک لە شێعردا دێنێتەوە بەبێ ئەوەی دەربەستی قافییە بێ، بەڵام لە شێعری کۆندا زۆر جار شاعیر ناچارە بە نابەدڵی هێندێک وشەی بێجێ بۆ پڕ کردنەوەی کێش بێنێتەوە.

هەر وەها شاعیری شێعری کلاسیک بۆ هێنانەوەی قافییەی سەخت و گران، ڕووحی شێعرەکەی فیدا دەکا، وەک هەڵبەستی بەناوبانگی «خاڵەمین» کە ئەم وشانەی کردوونە قافییە: پەنچک، پنچک ز، مێچک، چک، قونچک و....

* مەبەستێک کە بە چەند نیوەدێڕی شێعری نوێ دەگوترێ بە شێعری کۆن قەسیدە یان غەزەلێکی درێژی پێدەوێ.

* هێندێک ئەدیب و شێعرناس ئیمتیازی دیکەش بۆ شێعری نوێ دێننەوە، وەک ئەمە کە هەلومەرجی ژیان و زەمانی ئێمە دەرفەت و وچان و حاڵی خوێندنەوەی قەسیدەیەکی درێژ بە مرۆڤ نادا.

* بەکورتی شێعری نوێ، شێعری ژیانی ئەمڕۆیە، شێعری شۆڕشە، شێعری هاوارە، شێعری تێهەڵچوون و لێکدان و تێکدان و ساز کردنەوەیە.

هێندێک کەس پێیان وایە ئەوانەی بە شێوەی نوێ شێعر دەڵێن، شاعیر نین و ناتوانن بە شێوەی کلاسیک شێعر دانێن، کەچی بە من کەسێک دەتوانێ شێعری نوێ بڵێ کە لە شێعری کۆندا ئەزموونی دابێ چونکە دانانی شێعری نوێ گەلێک گرانترە لە دانانی شێعری کۆن. دیارە مەبەستی من شێعرە نەک مێعر.

٢. چوارچێوەی شێعر: شێعر، چ عەرووزی بێ و چ بڕگەیی، کێشی جۆراوجۆری هەیە کە هەر کێشێک لەگەڵ مەبەستێک جۆر دێتەوە. شاعیر دەبێ کێشێک بدۆزێتەوە کە ئەو مەبەستەی هەیەتی بە تەواوی و بە ڕەوانی بگەێینێ. ئەگەر «خەوبەردینە»ی خودا لێ خۆش بوو «سوارە» یان «شەنگەبێری»ی مامۆستا «هێمن» یان «بەرەو کوردستان»ی مامۆستا «هەژار» لە سەر ئەو کێشانە نەبان کە پێیان گوتراوە، سەرکەوتن و هەرمانیان پێ نەدەما.

٣. کێشی شێعر: گوتم کە بەر لە ئیسلام کێشی شێعر بە گشتی بڕگەیی بوون، بەڵام بە هاتنی ئایینی ئیسلام بۆ ئێران شێعر و هەڵبەستی فارسی بە تەواوی بوو بە دیل و کویلەی کێشی عەرووزی کە تایبەتی زمانی عەڕەبییە و تا ئێستاش هەر درێژەی هەیە، هەر چەند هێندێک شاعیری فارس وەکوو مامۆستای گەورە «احمد شاملو» (ا. بامداد) [ئەحمەد شاملوو] و تا ڕادەیەک «مهدی اخوان ثالث» (م - ا. امید)[مێهدی ئەخەوان سالێس] و «محمدعلی حقوقی (پیروز)»[محەممەدعەلی حقووقی] و چەند کەسی دی زۆریان هەوڵ داوە شێعری فارسی لە داوی وەزنی عەرووزی ڕزگار بکەن و بیبەنەوە سەر وەزنی شێعری ئێرانی کۆن، بەڵام زۆر سەرکەوتوو نەبوون و زۆربەی شاعیرانی فارس ئێستاش هەر بە کێشی عەرووزی شێعر دەڵێن. تەنانەت شێعری ئازادیش لە فارسیدا هەر لە سەر کێشی عەرووزی دەگوترێ واتا کێشێک دێنن و دەیبڕنەوە و کورت و درێژی دەکەن، وەک ئەم شێعرەی «نادر نادرپوور».

ای آشنای من

برخیز و با بهار سفرکردە باز گرد

تا پر کنیم جام تهی از شراب را...

کە لە سەر کێشی «مضارع اخرب مکفوف مقصور یان محذوف» واتا «مفعول فاعلات مفاعیل فاعلان یان فاعلن» کە کورت و درێژە کراوە بەم چەشنە:

مفعول فاعلن

مفعول فاعلات مفاعیل فاعلان

مفعول فاعلات مفاعیل فاعلان

کێشی عەرووزی نەیتوانیوە لە ئەدەبی کوردیدا وەک ئەدەبی فارسی کاری بێ. «مامۆستا هێمن دەڵێ» «کێشە خۆماڵی و فۆلکلۆرییەکان کە لە باوک و باپیرانەوە بۆمان بە جێ ماون، باشتر دەگەڵ تەبیعەتی زمانەکەمان ڕێک دەکەون.» مامۆستا «گۆران» یش لە سەر ئەم بڕوایەیە کە کێشی بڕگەیی، کێشی تایبەتی نەتەوەی کوردە. بەو هۆیەوەیە کە زۆربەی شێعری کوردی چ بە شێوەی نووسراوە و چ بە شێوەی فۆلکلۆریک (بەیت و گۆرانی و...) لە سەر کێشی بڕگەیین و ئەو شاعیرانەش کە بە کێشی عەرووزی شێعریان گوتووە، بەداخەوە یان بەختەوەرانە هیچیان سەرکەوتوو نەبوون. هۆی ئەو سەرنەکەوتنەش ئەمەیە کە لە زمانی کوردیدا زۆر وشەمان هەیە کە بێجووڵە دەست پێدەکا (ابتدا بە ساکن) وەک مست، پرد، کڕێوە و بستوو کە ئەم وشانە لەگەڵ هیچ کام لە ئەفاعیلی عەرووزی جۆر نایەنەوە. جا بۆیە ئەگەر پارچەشێعرێکی عەرووزی لە هەر شاعیرێکی کوردی هەڵبژێرین و لەگەڵ کێشی عەرووزی هەڵیسەنگێنیین، ڕەنگە یەک یان دوو یان چەند دێڕێک جۆر بێنەوە، بەڵام دێڕەکانی دی لەگەڵ ئەو کێشە نایەنەوە.

باوترین شێعری ئەمڕۆی کوردی کە بە شێوەی بڕگەیین بەم چەشنەن:

شەش بڕگەیی وەک:

ڕەشماڵەی مەنگوڕان

لە دوڵ و لە خڕان

قاتڵن بۆ کوڕان (فۆلکلۆر)

حەوت بڕگەیی وەک:

پۆلی جوان و نەشمیلان

دەستەی دەسماڵ تەنزیلان

ئەم ساڵ ناچن بۆ دیلان

نەنگە دیلان بۆ دیلان... (هێمن)

 

هەشت بڕگەیی وەک:

خودا کاران هەر وا دەکا

خونچە لە گوڵ پەیدا دەکا

ئەمنی پێ موبتەلا دەکا (فۆلکلۆر)

 

دە بڕگەیی وەک:

خاست فەرماوان ئەربابەکەی خەم

ساکن جە گۆشەی باڵاخانەی چەم

خرمانی خەمان هاوەدەم باوە

شەنگەریەکێ وەن دووشەن جەلاوە... (مەولەوی)

یازدە بڕگەیی وەک:

جادە چۆل و سێبەر بوو، کات بەیانی

ئەڕۆیشتم خەیاڵاوی ئەمڕوانی... (گۆران)

 

پازدە بڕگەیی وەک:

ئەی جوانەکچی چەشنی گوڵی سووری موکریان

لەو ڕۆژەوە تۆم دیتووە شێواوە ژیانم

ڕۆیشتی لەگەڵ بۆنی بەیانانی هەڵاڵان

 

من ماوم و تەنیایی و فرمێسکی شەوانم... (هاوار)

 

شازدە بڕگەیی وەک:

شەنگەبێری، ساڵی ساڵان لە کوێستانێ لە نێو مەڕی

بۆ مەڕدوشین هەڵتدەکرد ئەو باسکی سپی و مەڕمەڕی

لە بەر هاڕەی گۆبەرۆک و گوارە و کرمەک و ژێرچەنە

 

نیوەڕۆیە لە بەر بێری کۆڕی مەڕی ڕادەپەڕی... (هێمن)

 

لە کێشی بڕگەییدا بڕگەکانی دوو نیوەدێڕ پێکەوە بەرانبەرن. لێرەدا پرسیارێک کە دێتە پێش ئەمەیە کە شێعری نوێ لە سەر کێشی بڕگەیی چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ دیارە کاتێک نیوەدێڕەکان بە قەرا یەک نەبن تا پێکەوەیان هەڵسەنگێنین، ئیدی کێشی بڕگەیی مانایەکی نابێ. ئەودەم شتێک کە دەبێ لە بەر چاو بگیرێ «ئاهەنگ و هەوا»ی شێعرەکە دەبێ «ڕیتمیک» بێ و ئاهەنگی شێعر لە هەوەڵەوە تا دوایی شێعر نابێ لە چوارچێوەیەکی تایبەتی لابدا. وەک شێعری «لادە لادە لا، دە لەچکە تەسکە کەسکەکەت» لە «هەڵۆ» و شێعری «چاوت ئاوری بن کایە» لە «هێدی».

٤. قافییەی شێعر: ئەگەر شێعر بە شێوەی کلاسیک بێ ناکرێ قافییە لە بەر چاو نەگیرێ. دیارە بە کار هێنانی قافییە بۆخۆی هونەرە. ئەگەر بمانەوێ لە بارەی چەند و چۆنی قافییەدا بدوێین، باسێکی دوورودرێژ دەبی، لە بەر ئەوە خۆ دەپارێزین. ئەگەر شێعر بە شێوەی ئازاد بێ بە کار هێنانی نێوە نێوەی قافییە شێعرەکە جوانتر دەکا.

٥. مەبەستی شێعر: مەبەستی شێعر دەبێ تازە و نوێ بێ. ئەگەر شاعیرێک قسەکانی شاعیرانی دی دووپات بکاتەوە کارێکی بێ سوود و پووچی کردووە. بۆ سەرکەوتن لە شێعردا دەبێ خوڵقاندنی شتی تازە لە بەر چاو بگیرێ نەک لاسا کردنەوەی شاعیرانی دی، جا فەرق ناکا شێعری نوێ بێ یان شێعری کلاسیک. ئەوەش دەبێ لە بەر چاو بگیرێ کە مەبەستی شێعر نابێ قسەی پڕوپووچ و بێ کەلک بێ. شێعر وەک هەموو هونەری دی دەبێ بۆ خەڵک و لە خزمەتی پێشکەوتنی کومەڵدا بێ.

٦. وشەی شێعر: شاعیر دەبێ تا ئەو جێگایەی بۆی دەکرێ لە وشەی جوان و ڕەسەنی کوردی کەلک وەرگرێ و لە بە کار هێنانی وشەی بێگانە یان ساز کردن و داتاشینی وشە خۆ بپارێزێ. دیارە لە زمانی بەرین و بەربڵاوی کوردیدا وشەمان زۆرە، بەڵام دەبێ شاعیر زەحمەتی وە دواکەوتن و پرسینەوەی بە خۆی بدا و تەعەسووبی بە کار هێنانی وشەی شار یان ناوچە یان مەڵبەندێکی تایبەتی نەبێ. لە بارەی ناوە زانستییەکان وەک تەلەیفۆن، تەلەویزیۆن، ڕادار و... دەبێ هەر ناوە نێونەتەوایەتییەکان بە کار ببرێ و لە هێندێک وشەی سازکراو وەک «بیستۆک» لە جیاتی تەلەیفۆن کە کەم کەس لە ماناکەی دەگا، خۆ بپارێزێ، بەڵام کەلک وەرگرتن لە هێندێک وشە کە خەڵک گوێیان پێی ڕاهاتووە وەک «فڕۆکە» قەیدی نییە. هەر وەها بە کار هێنانی وشەی ناحەز وەک برین، زام، کێم، کوان و... دەبێتە هۆی بێ بایەخیی شێعر.

هیوادارم ئەدیبە کوردەکانمان بە نووسینی کتێبی پێویست بۆ ڕێنوێنی شاعیرە لاوەکانمان بە ئەدەبی کوردی زیاتر خزمەت بکەن.