چۆن دەتوانم؟

از کتاب:
گوناهـ
اثر:
علی حسنیانی (1939-1992)
 1 دقیقه  1100 مشاهده
گوتم:
دەبێ خەم وەلانێم،
خەم خۆرەیە...
گوتم:
دەبێ کۆشکی کەسەر
تێکڕووخێنم
گوتم: دەبێ بادەی پەژارە بڕێژم،
شووشەی جەخار تێکبشکێنم
کەچی دیتم زۆر ئەستەمە...
من کە کوردم،
ڕایەڵ و پۆی بزە و نیگا و وتەم خەم و پەژارەیە،
چۆن دەتوانم؟
من ڕواوی شۆرەکاتم
ڕێبواری ڕێگەی نەهاتم،
دوورە هاتم
خەم هەوێنی ژیانمە،
خەم بوونمە،
خەم مانمە
ئەگەر لە نێو شەوەزەنگا،
هەتاوی گەش هاتە دەرێ،
ئەگەر داری ئاواتی کورد،
هاتە بەرێ،
ئەو دەم خەم خاشەبڕ دەکەم
ژینم لە شادی پڕ دەکەم
ئەوسا ئەگەر کوڕم پرسی:
خەم چلۆنە؟
دەڵێم: ڕۆڵە! خەم پێوارە،
خەم نەدیوە،
ئەوسانەیە
ئەگەر گوتی:
شادی چیە؟
دەڵێم: شادی شێعری منە،
بزەی تۆیە،
گوڵی جوانی زەمانەیە!