ئاوات

از کتاب:
گوناهـ
اثر:
علی حسنیانی (1939-1992)
 2 دقیقه  1321 مشاهده
گوڵم!
بڵێ کە کێ لە کوێوە هات و سەیری کامە دیمەنی گوڵانی کرد؟
بڵێ کە کامە ڕێبواری کامە ڕێ،
لە نێو حەریری کامە سێوەڕە هەسایەوە؟
بڵێ کە کامە تووکی کامە دایکی کوڕ نەماو،
لە کامە جێگە کامە تەوقی خستە گەردنی ئەوەی کە داوی نایەوە؟
گوڵم! بە تۆ بڵێم:
لە تەنگەڕێی تەنیشتی گۆڕی کۆن و نوێ،
لەمێژە ڕووحێکی مەزن بە مەندی هاتوچۆ دەکا
تەواوی ناوی کێلەکان دەڵێتەوە
دڵۆپە خوێنی جەرگی دارەمەیتەکان،
بە نەرمی دەستڕێتەوە
لەمێژە هەوری ئاسمانگری هەتاوکوژی ستێرەپۆش،
لە چوار قولینچکی چوار لەتی وڵاتی سەد سنوور،
لەجیاتی نم نم و خوناوە، ڕێژنەخوێنە ڕۆ دەکا
 
گوڵم!
لە دۆڵ و بەندەن و چیا،
لەمێژە بۆنی هەڵز و خاو و پنگە و کەما،
قەتیسی ساڵی ویشک و قاقڕن،
لەمێژە جامی سانەوە لە دەستی ئێمەدا،
بەتاڵ و باقرن.
بە من بڵێ:
بڵێی لە ماهی بەندەنێکی ڕژد،
لەبۆ سبەی کەتیبەیەک لە ئێمە چێ کرێ؟
بڵێی لە بەزمی ئاسمانیی کۆڕی مۆسیقا،
دەمێکی نارەناری قوڕگی ویشکی ئێمە ڕێ درێ؟
بڵێی شەوەی شەوی ڕەشی دزێو،
بە ڕەمزی ماچی گوڵبەدەم،
لە نێو تەلیسمی خۆشەویستی و ئەوین خرێ؟
بڵێی لەجیاتی گورز و کۆڵەوەژ،
گوڵ و قەڵەم بە دەستەوە گرین؟
بڵێی لە گەرمەلانی خۆ بژین؟
بڵێی...؟ بڵێی...؟