IV

از کتاب:
بزەی ژیان
اثر:
علی حسنیانی (1939-1992)
 29 دقیقه  817 مشاهده

دەنگی گزینگ کوڵوکۆی دەروونمی ئاوپڕژێن دەکرد، بۆن و بەرامی خۆش و مەستیهێنی ئەوینی لە هەوادا بڵاو دەکردەوە. دەنگی یەکجار خۆش و دڵنشین بوو، هەموو چاویان تێبڕیبوو، ژیرۆ جارجار بە دەم ساز لێدانەوە سەری هەڵدەهێنا و چاوێکی لێ دەکرد، دەتگوت ئەویش بە چاو هەستی دەروونی بۆ دەگێڕێتەوە. ئازاد دەستی دە بن سەریدا بوو و نوقمی زەریای خەیاڵ ببوو، کاتێک گۆرانییەکەی دوایی هات، ئازاد گوتی:

- هەر بژی بۆ هونەر و دەنگت. ژیرۆ ئەتۆش نەمری، بەڕاستی هەردووکتان هونەروەرن، هونەر دنیایەکی خۆشە، هونەروەر هەستێکی ناسکی هەیە کە مرۆڤی ئاسایی ئەو ناسک خەیاڵی و وردبینییەی خاوەن هونەری نییە. ئێستا کە پێکەوە دەژین، دەرفەتە بە یەکەوە ڕادەی زانستیی هونەریتان بەرنە سەر.

بە قسەی ئازاد گزینگ و ژیرۆ وەک گوڵ گەشانەوە و بزەیەکی ڕەزامەندییان هاتە سەر لێو. دایکم گوتی:

- ئەوە چەند ڕۆژە گزینگ لەگەڵ ژیرۆی دەچێتە فێرگەی مۆسیقا، داوای سەرکەوتنیان بۆ لە خودای دەکەم.

ئازاد بەر لە ڕۆیشتنی بەڵێنی دا سبەینێ بێتەوە و دیسان دە خەوم بکا. دوای ڕۆیشتنی ئازاد، لەگەڵ گزینگی بڕێک بە ماڵێدا هاتین و چووین و هەڵمانوەژارد. لە دوایەشدا چووینە حەوشە و لە تەنیشت حەوزەکەی دانیشتین. ژیرۆ وەدەر کەوت، بە هەلم زانی و لە دایکم پرسی:

- دایە گیان! پێت وایە باوکم لە ئاست تۆدا تاوانبار بێ؟

- نا ڕۆڵە گیان، چارەنووس وا بوو، باوکت دڵێکی پاکی هەبوو، بە گیان و بە دڵ ئەمنیشی خۆش دەویست.

- ئەدی بۆ نۆزدە ساڵە هەواڵت نەپرسیوە، بەتایبەتی دوای مردنی باوکی ژیرۆ؟

- نازانم... نەمدەویست بیرەوەریی کۆنم بۆ نوێ بێتەوە.

- هەر ئەوە؟

- ئەدی چی؟

- پێت وا نییە لەوە کە شووت کردبوو خۆت بە تاوانبار زانیبێ؟

- ڕاستت دەوێ با....

- بۆ پێت وا بووە تاوانباری، بۆ تۆ مافی ژیانت نەبووە؟ ڕاستە لەگەڵ باوکم بە دڵ و بە گیان یەکترتان خۆش ویستووە، بەڵام خۆ نەتدەتوانی بە کاری ماڵان پرچی سپی بهۆنییەوە. ئەمن پێم وایە نە تۆ تاوانباری نە باوکم. یاسا و داب و نەریتی کوردەواری لە لایەک و جیاوازیی چینایەتی لە لایەکی دی ئەو کارەساتەی بەسەر هێناون. نازانم باوکم ماوە یان نا، نازانم چی بەسەر هاتووە، بەڵام دەبوایە وە شوێن یەکتری کەون، ئێستاش بە من دەکەێ هەواڵێکی لێ پرسی.

- تازە...؟

- ئا....

- چۆن...؟

- ڕۆژێکی هەر بە گەڕان دەچینە شاری «ک». پرسیار دەکەین بزانین چی بەسەر هاتووە. ئەوەت لە بیر نەچێ دایە گیان، ڕێبوار باوکی منە، باوکی کچەکەتە.

- نازانم بڵێم چی؟

- هیچ مەڵێ، بڕێکی بیر لێ بکەوە.

سبەینێ ئازاد هاتەوە، دیسان دوای تاوێک دانیشتن ئەمنی دە خەو کردەوە و بردمیە دنیای چوارسەت ساڵ پێشتر و گوتی:

- ئێستا لەگەڵ زێڕن و شاشانێ لە نێو کەژاوەدا و بەرەو تەورێز دەچی. ئەوە گەیشتییە تەورێزێ، هەرچی دەیبینی بیگێڕەوە.

- کەژاوەکەمان بەرەو قەڵایەک چوو، دەرکێکی گەورە کرایەوە و بە کەژاوەوە چووینە ژوور. تەنیا کەژاوەی ئێمە وەژوور کەوت، ڕایگرت، کابرای کۆسە سەری دێنێتە نێو کەژاوەکە و دەڵێ:

- گەیشتینە قەڵای حاکمی، دابەزن.

ئێمە هەر کاممان بوخچەکەی وەبن هەنگڵی دەدا و دادەبەزین، حەوشێکی گەورەیە، دەیان ژن کە لە حەوشەکەدا پیاسە دەکەن بەرەو ئێمە دێن و چاومان لێ دەکەن. ژنێکی قەڵەوی گەڕاوە ژنەکان بڕ دەدا و دێتە پێش و بەخێرهاتنمان دەکا و دەڵێ:

- لەگەڵم وەرن.

دەمانباتە هۆدەیەکی دوو نوهۆمی یەکجار گەورە و خۆش و ڕازاوە. ئێرەش چەند ژنی لێیە، ئەوانیش دێن بزانن ئێمە چۆنین! جوانین! وێچووین! ژنە قەڵەوەکە دەچێتە نێو ژوورێکی و ئێمەش بە دوایدا دەچین، پێمان دەڵێ:

- ئێرە دیوی ئێوەیە، ناوی من «گوڵناز»ە، هەموو پێم دەڵێن نازخانم، ئێوەش هەر بەو ناوە بانگم کەن، جارێ وەرن بچن خۆتان بشۆن، جلکی نوێتان بۆ ئامادە کراوە. بە حەوشەدا دەمانباتە نێو هۆدەیەکی گەورە کە چەند دەرکی تێدایە، دەڵێ:

- ئەمانە گشتی شۆرتکەن، هەر کاتێک ویستتان خۆتان بشۆن وەرنە ئێرە، ئەمجار دەرکی کۆمۆدێک دەکاتەوە، پڕە لە جلکی جۆراوجۆر و دەڵێ:

- کاتێک خۆتان شوشت کامە جلکتان پێ جوانە لە بەری بکەن و وەرنەوە هۆدەکەتان، جا دێم قسەتان لەگەڵ دەکەم.

نازخانم دەڕوا و ئێمەش هەر کاممان دەرکی دیوی شۆرکەیەکی دەکەینەوە. دوو مەنجەڵی مەزن ئاوی گەرمی لێیە و دوو مەنجەڵیش ئاوی سارد. شانە و سابوون و لفکە و خاولی و بەردەپێ و شتی پێویستی دیکەی لێ داندراوە. خۆم دەشۆم و دێمە دەر. کراسێکی پیرۆزەیی گوڵداری تەنک هەڵدەبژێرم، دەڵێی بە بەری منیان دوریوە. جووتێک کەوشیش دە پێ دەکەم. دەسرۆکەیەکی لیمۆییش بە سەرم دادەدەم. گوێ نادەمە سەرنج و توانجی ژنان، یەکڕاست دەچمە هۆدەکەی خۆم، زێڕن و شاشانیش دێنەوە، نازخانم دەڵێ:

- بەهـ بەهـ! سێ گوڵی جوان، سێ فریشتە....

دادەنیشین و دەڵێ:

- دانیشن، تاوێکی دی ژنێک دێ هەنێتان هەڵدەگرێ و جوانتان دەکا. ئەمشۆ شازادە یەکتان هەڵدەبژێرێ، دەبێ هێندێک لە ڕێوڕەسمی ئێرە و چۆنیەتی هەستان و ڕۆیشتن و قسە کردن لەگەڵ شازادەی بزانن.

نازخانم زۆرمان لە بارەی شازادەدا، کە حاکمی تەورێزیشە و ناوی «پیربوداق خان»ە، قسە لەگەڵ دەکا. نیزیک نیوەڕۆیە هەڵدەستێ و دەڵێ:

- ئێستا هەنێ هەڵگر دێ، دوای نیوەڕۆیەش دیسان دێمەوە و سەرێکتان لێ دەدەمەوە.

- نازخانم دەڕوا، هێندەی پێ ناچێ دەگەڕێتەوە و سێ پیاوی لەگەڵە، ئێمە بە پەلە خۆمان دادەپۆشین، نازخانم دەڵێ:

- پێویست نییە ڕووی خۆتان بگرن، ئەمانە دەسنوێژیان لێ ناشکێ و مەحڕەمن، هەر کام لە وانە نۆکەری تایبەتی یەکتانن. ئەوەی بۆ من دیاری کراوە تورکە و ناوی «ئایدین»ە. ئایدین وەک دووەکەی دیکە کۆسە و نێرەمووکە، کڕنۆشێکم بۆ دەکا و دەڵێ:

- هەر کارێکت بێ لە خزمەتت دام.

- باشە ئێستا شەوە، چ دەبینی؟

- ئێرە کۆشک و تالارێکی یەکجار گەورە و ڕازاوەیە. پیاوێک کە تەمەنی هەر چل و پێنج ساڵ دەبێ، لە سەر تەختێکی یەکجار جوان دانیشتووە، دوو ژنی گەڕاوە لەم بەر و ئەو بەری ڕاوەستان، لە بەرامبەریدا دەستەیەک خەریکی ساز لێدانن، سازەکانیان هەر یەکە جۆرێکە، ژنێکی باریکەڵەی زۆر جوان بە قەشمەرییەوە هاتە ژوور، لە سەر کەشەفێکی چووکە، تونگەیەک و پیاڵەیەکی پێیە. تونگەکە شەڕابێکی ئاڵی تێدایە، دێتە پێش، پیاڵەیەکی تێدەکا و دەیداتە دەستی پیاوەکە، من و زێڕن و شاشان و نازخانم لە هۆدەیەکی داین و هۆدەکە بە دوو کۆڵەکەی پڕ نەخش و نیگار لە هۆدە گەورەکە جیا بۆتەوە، نێوان دوو کۆڵەکەکە پەردەیەکی تۆڕی سەوزی کەمڕەنگی پێوەیە. بە ئەم بەر و ئەو بەریشیدا دوو پەردەی زێڕینی گوڵەباتوونی هەڵاواسراون. لە پشت پەردە زێڕینەکەوە بە دزییەوە چاوم لە پیاوەکەیە، نازخانم دەڵێ:

- ئەوە شازادەیە، هەروەک پێم گوتن کاتێک فەرمانی دا یەک بە یەک دەچنە ژوور، دوای کڕنۆش کردن بە قشمەرییەوە سەمایەکی کەم دەکەن و لە دوایە لە پێش پێیدا چۆکێک دادەدەن و سەر لە سەر ئەردی دادەنێن، تا پێتان نەڵێ هەڵناستن. وشیار بن هەڵەیەکی بکەن سەرتان بە فیڕو دەڕوا.

شازادە پیاڵەکەی یەکسەر پێدا دەکا، یەکێک لە ژنەکان پیاڵەکەی لێ وەردەگرێ، شازادە دوو جار دەستی لێک دەدا، دەنگی مۆسیقاکە هێدی دەبێتەوە، نازخانم بە شاشان دەڵێ:

- بچۆ....

شاشان پەردە تۆڕییەکە بە ئارامی هەڵدەداتەوە و بە کراسێکی سپی شۆڕەوە دوو هەنگاو دەچێتە پێش و کڕنۆشێک دەکا، لە دوایە بە ئارامی وەک پەرییەکی نەرم و سووک سەمایەکی مەند و جوان دەکا و دەچێتە پێش شازادەی سەر لە سەر ئەردی دادەنێ. شازادە دەڵێ:

- هەستە.

شاشان هەڵدەستێ، جوانی لێ دەبارێ، ڕێکوپێک و باڵابەرزە، شازادە دەڵێ:

- ناوت چییە؟

- شاشانی کەنیزت.

شازادە چاوێکی کڕیارانەی لێدەکا و بە دەست ئیشاڕە دەکا کە وەلا چێ، شاشان پشتاوپشت دەگەڕێتەوە، نازخانم بە زێڕن دەڵێ:

- نۆرەتە بچۆ....

زێڕنی ژیکەڵەی مێرمنداڵی خوێنشیرن کراسێکی سووری تەنگی لەبەردایە، تازە بناغەی مەمکی داناوە و بەرموورێکی جوانی لە ئەستۆی کردووە کە لە سەر مەمکەکانی خۆی ڕاناگرێ و بۆ ئەم لا و ئەو لا دەخزێ، ڕەش ئەسمەرە و دوو چاوی کەژاڵی بە مەستی دەگێڕێ، ئەویش وەک شاشان سەما دەکا، کڕنۆش دەبا و سەری لە سەر ئەردی دادەنێ، شازادە دەڵێ:

- هەستە.

هەڵدەستێ، شازادە دەڵێ:

- ناوت چییە؟

- زێڕنی چووکەت.

- تەمەنت چەندە؟

- ئەمڕۆ لە دایک بووم.

شازادە پێدەکەنێ و دەپرسێ:

- چۆن ئەمڕۆ لە دایک بووی؟

- دوازدە ساڵم بە فێڕۆ چووە، لەمڕۆکەوە کە لە خزمەت شازادەی دام بە تەمەن دادەنێم.

شازادە پێدەکەنێ و دەڵێ:

- وا دیارە کچێکی ژیر و قسەخۆشی.

- هیوادارم شایانی کەنیزیی شازادە بم.

شازادە ئیشاڕەیەکی دەکا و زێڕن پشتاوپشت دەگەڕێتەوە... نازخانم دەڵێ:

- بچۆ....

دەچمە ژوور، باڵام لە شاشان بەرزترە، کراسە پیرۆزەیییەکەم لەبەردایە، گوڵێکی سوورم لە لای چەپی سینگم داوە، پرچی کاڵ و درێژم بە سەرشانیدا هاتۆتە خوار، لە شاشان و زێڕن جوانتر سەما دەکەم، شازادە بزەیەکی لە سەر لێوە، لەگەڵ یەکێک لە ژنەکان سرتەیەک دەکا، کاتێک سەرم لە سەر ئەردی دادەنێم دەڵێ:

- هەستە....

هەڵدەستم.

- ناوت چییە؟

- کەنیزت خەیاڵ....

- خەیاڵ....

بە ئیشاڕەی شازادەی دەچمەوە پشت پەردەی، شازادە هەڵدەستێ و قسەیەکی بە ژنەکان دەڵێ و دەڕوا، یەکێک لە ژنەکان دێتە پشت پەردەی، ڕوو لە من دەکا و دەڵێ:

- ڕێویت بە پیرییەوە هاتووە، ئەمشۆ هومای بەختەوەری لە سەر تۆ نیشتووە.

ئەم جار بە نازخانم دەڵێ:

- بۆ سبەی شەوێ زێڕنی ساز کە و دووسبەی شەو نۆرەی شاشانە.

نازخانم بە ڕێزەوە سەرێک دادەنوێنێ، ژنەکە مستێک زێڕی دەداتێ و دەڵێ:

- ئەمەش خەڵاتی شازادە بۆ تۆ.

نازخانم زێڕەکان ماچ دەکا و دەڵێ:

- تەخت و بەختی شازادەی هەر بەرقەرار بێ.

بەرەو کۆشکی حەرەم دەچینەوە، ژنانی حەرەم بە تاسەن بزانن شازادە کاممانی هەڵبژاردووە، بەڵام هیچمان قسان ناکەین.

- چەندە لە حەرەمدا مایەوە؟

- نیزیک هەشت مانگ.

- چۆن ڕزگاریت دەبێ؟

- لێرە هێندێک خواجەی حەرەم هەیە، ئەوانە لە منداڵییەوە ئەستێور کراون، تا خوێنشیرین و جوانن لە کۆشکێکی تایبەتیدا دەژین، لەدوایەدا دەبنە نۆکەری تایبەتی ژنانی حەرەم، ئەمانە گەورەیەکیان هەیە بە ناوی «ئیپەک»، چەند ڕۆژ بوو هاتبوومە حەرەم کە لەگەڵی ئاشنا بووم و سککەیەکی زێڕم دایە، زۆر شاد بوو و زۆری دوعای خێر بۆ کردم، نەخشەی هەڵاتنم دە سەریدا بوو، حەرەم بۆ من ڕکە بوو، دەمزانی شازادە ڕۆژێک لێم تێر دەبێ، ئەودەم وەک ژنانی دیکەی حەرەم لە چەشنی سیپاڵێک وە لام دەنێ و تا دەمرم دەبێ لە حەرەمدا زیندانی بم. ژنانی حەرەم هەقی چوونە دەریان نییە، حەرەم بۆ ئەوان زیندانێکی هەمیشەیییە.

وردەوردە خۆم لە ئیپەک نیزیک کردەوە، ئەوانەی وەک ئیپەکن و لە ژنان کام وەرناگرن، خۆشی دنیایە لە دراودا دەبینن، بۆیە نێوەنێوە سککەیەک یا دوو سککەم دەدایە و بەو جۆرە هەرچی پێم دەگوت بە گیان و بە دڵ بۆی جێبەجێ دەکردم. ڕۆژێکی پێی گوتم:

- ئەتۆ دەبێ کچی گەورەماڵان بێ، لەگەڵ ژنانی دیکەی حەرەم زۆرت جیاوازی هەیە، ئەتۆ کێی؟

درۆیەکم بۆ ساز کرد و گوتم:

- باوکم گەورەترین دەرەبەگی مووسڵێە، هەر ئەمنی هەبوو. ڕۆژێک ئەمنیان دزی و هێنایانمە مەراغەی فرۆشتیانم و ڕێم لێرە کەوت.

- باوکت زۆر دەوڵەمەندە؟

- سەت و بیست و دوو گوندی هەن.

- سەت و بیست و دوو...؟!

- ئا...، لەو گوندانە بیست و دوو گوندی بە ناوی من کراون، ئەگەر کەسێک من ڕزگار کا، دوو گوندی دەدەمێ.

- دوو گوند...؟!

- ئا...، دوو گوند کە هەر کامیان لە هەزار ماڵ زیاترە، باوکیشم خەڵاتێکی زۆری دەداتێ.

ئیپەک سەری بەرداوەتەوە و دەڕوا، زانیم ئەو درۆیە کاری خۆی دەکا و بە هیوای وە دەست هێنانی دوو گوند خۆی لە ئاو و ئاوری داوێ.

- ئێستا ئەوە دیسان ئیپەک هاتۆتە لات، چ دەقەومێ بیگێڕەوە.

ئیپەک دەڵێ:

- بەڕاستی دەتەوێ لێرە بڕۆی؟

- ئا...، ئێرە بۆ من ڕکەیە....

- ئەمن حازرم سەبارەت بە تۆ کە تا ئێستا زۆرت چاکە بۆ من هەبووە بەرەو پیری مەرگ بڕۆم.

- زۆر سپاس، تۆڵەت بۆ دەکەمەوە، بێجگە لە دوو گوندەکەی کە پێم گوتووی، زێڕێکی زۆریشت خەڵات دەکەم.

- خودا لە گەورەییت کەم نەکا، دەبێ ئەمەش بڵێم نابێ کەس بزانێ، دەنا ئەگەر دە گیر کەوین باسی سەرە و شازادە لە کلکی هێسترانمان دەبەستێ.

- دەمەویست ئەمن ئەوەی بە تۆ بڵێم، دڵنیا بە کەس نازانێ، جارێ چاوەڕێ بە هەتا پێت دەڵێمەوە.

ئیپەک ئیشاڕە بە زگم دەکا و دەڵێ:

- ئەدی ئەم منداڵە چ لێدەکەی؟ ڕادەوەستی هەتا بێتە دنیا؟

- نا...، جارێ چوار مانگمە.

- لە ئیپەک جیا دەبمەوە، دێمەوە هۆدەکەم، تەنیا شاشان لە وێیە، زێڕن چۆتە شۆرتکەی، شاشانم بە ماتی و خەمباری دێتە بەر چاو، دەڵێم:

- شاشان گیان بۆ وا داماو دانیشتووی؟

- جا بڵێم چی خەیاڵ گیان! بیر لە چارەڕەشیی خۆم دەکەمەوە، تا دەژیم دەبێ لەم زیندانەیدا بم، ناتوانم پێ بنێمە دەر، ئەوە پێنج مانگیشە شازادە لێم تێر بووە، هیچ هومێدێکم نییە، دەبێ هەر لە ئێستاوە چاوەڕێی مردن بم.

- پێت خۆشە لێرە ڕزگاریت بێ؟

- جا ئەمە قسەیە؟ پێم خۆشە ساڵێک بە ئازادی بژیم جا بمرم.

- ئەگەر دەرەتانێک بێتە پێش دێی پێکەوە هەڵێین؟

- کوا خودا وا دەکا؟ ئەرێوەڵڵا حازرم، بەڵام هیچ هیوایەکم نییە.

- با، هیوات هەبێ، بە هیوای خودای دەڕۆین، زۆر زووتر لەوەی کە بیری لێ بکەیەوە.

- گاڵتەم لەگەڵ دەکەی؟

- نا...، بە ڕاستیمە.

- چۆن؟

هەموو شتێکی بۆ شاشان دەگێڕمەوە، خەم و پەژارەی وەلا دەچێ و وەک گوڵ دەگەشێتەوە و دەڵێ:

- بڵێی سەرکەوین؟

- بە هیوای خودای، بەڵام زێڕن، زێڕنێ چ لێ بکەین؟ زۆر منداڵە و دەترسێم پێی بڵێم لێمان لە هەڵڵا بدا.

- لە زێڕنێ گەڕێ، ئێرەی پێ خۆشە، لە حەوتوودا دوو شەو دەچێتە لای شازادەی، بەم ژیانە ڕازییە، لەگەڵمان نایە.

- ئەمنیش پێم وایە.

- کە وا بوو ئەو شتانەی پێویستمانە سازی دەکەین و ئامادەی ڕۆیین دەبین.

- جا چم هەیە، یەک دوو دەست جلک دادەنێم و هێندێکیشم زێڕ و سککە لێرە کۆ کردۆتەوە، ئەوانیش دێنم و هیچی دی.

- ئەمنیش هەر وا، زێڕ و سککەکانی خۆشم هەر ماون، هەر ئەمڕۆ لەگەڵ ئیپەک قسان دەکەم، پێی دەڵێم ئەتۆشمان لەگەڵ دەبی.

- لە دوایی چ لە ئیپەک بکەین؟

- خۆمانی لێ دەدزینەوە، لە پێشدا هێندێکی زێڕ دەدەینێ بۆخۆی بیکاتە دەسمایە و ماڵێکیشی پێ بکڕێ. وەرە بچین بیبینینەوە.

دەچینە حەوشە، ژنانی حەرەم لە نێو حەوشەی پڕ گوڵ و داردا دوو دوو و سێ سێ پیاسە دەکەن، یان دانیشتوون و خەریکی چەنەوەڕین. لە شاشانێ جیا دەبمەوە و لە هۆدەکەی نیزیک دەبمەوە، ئیپەک چاوی بە من کەوت، ئیشاڕەیەکی دەکەم، دێتە دەر، دەڵێم:

- ئیپەک! دەمەوێ شتێکت پێ بڵێم.

- فەرموو.

- دەمەوێ یەکی دیکەش لەگەڵ خۆم بێنم.

- کێ...، شاشان...؟

- ئا... لە کوێت زانی شاشانە؟

- شاشان نیزیکترین هاودەمتە، زانیم دەبێ ئەو بێ.

- دەی جا دەڵێی چی؟

- هەرچەند کارەکەمان سەختتر دەبێ، بەڵام ئەتۆ چۆنت پێ باشە قسەم نییە.

- چۆن لێرە وە دەرمان دەخەی؟

- بیرم لە هەموو شت کردۆتەوە، کارتان بە وەی نەبێ، کەی بڕۆین؟

- هەرچی زووتر بێ باشترە.

- سبەی شەوێ چۆنە؟

- زۆر باشە.

- جا دەبێ سێ ئەسپان بکڕم و ئامادەیان کەم، دوو دەست جلکی پیاوانەش بۆ ئێوە دێنم، نیوەشەو لە بەری دەکەن و وەڕێ دەکەوین.

- ها ئەم توورەکەم لێ وەرگرە، هەرچی پێویستە بیکڕە، هەرچی ماوە بۆ خۆتی هەڵگرە، ئەمە پەنجا سککەی زێڕە.

- پەنجا سککەی زێڕ...؟!!

- ئا....

- خودا لێت بە زیاد کا، سبەینێ دەتبینمەوە.

لە ئیپەکی جیا دەبمەوە و بەرەو شاشان دەچم، شاشان بە تاسەوە چاوی لە دەمم بڕیوە، دەپرسێ:

- چ بووە...؟

- هەموو شتێکی بۆ دەگێڕمەوە.

- سبەینێ چ دەبێ، ئیپەکی دەبینییەوە؟

- ئا. ئیپەک دەڵێ هەموو شت حازرە، نیوەشەو وەڕێ دەکەوین.

- ئێستا نیوەشەوە، چ دەبینی؟

- ئێمە جلکی پیاوانەمان لەبەردایە، ئیپەک دوو بوخچەی من و شاشان هەڵدەگرێ و دەڵێ:

- هەر ئیشاڕەم کرد وەرن.

- ئیپەک وەدەر دەکەوێ و زوو دەگەڕێتەوە. وا دیارە بوخچەکانی تاقەت کردوون. بە دەست ئیشاڕەیەک دەکا و ئێمە وەڕێ دەکەوین، لە دەرگای قەڵایە دەچینە دەر، کەس دیار نییە، هێندێک بە پێیان دەڕۆین، دەگەینە باخێکی گەورە. لە باغەکەدا ئەسپ بەستراوەتەوە، سوار دەبین و بە تەرەختان تەقڵەکوت وەڕێ دەکەوین. بەرەو شاری مەرەند دەڕۆین، بە تەماین بچینە شاری «خۆ» یە. دوای ماوەیەک کە بە پڕتاو و ڕکێف لێدان دەڕۆین، دەیکەینە نەرمە، ئیپەک دەڵێ:

- هەر بگەینە شاری خۆیە لە مەترسی ڕزگارمان دەبێ، چونکە ئەوێ لە دەست تورکە عوسمانییەکاندایە و حکوومەتی تەورێز دەسەڵاتی بە سەردا نییە.

لە دوایەدا دەڵێ:

- تا دەگەینە خۆیە، نابێ لە شار و گوندەکان نیزیک بینەوە، لە خۆیەوە بەرەو ورمێ و موکریان دەڕۆین، ئەمن تا موکریان شارەزاییم هەیە، لەوێشەوە بە پرسیار هەتا هەولێر دەچین.

- بە چەند ڕۆژان دەگەینە خۆیە؟

- خودا یار بێ بە حەوتوویەکی دەگەینێ.

***
 

- ئێستا گەیشتوونە خۆیمکانە، چ دەبینی؟

- لە قەراغ شارین، شاری دەور لێدەدەین، ئێرە دەروازەی «سەڵماسمکان»ە. دە سککەی زێڕ دەدەم بە ئیپەک و دەڵێم ئێمە لەم باغە دەبین، تۆ بچۆ هێندێک خواردەمەنی و سێ خەنجەران بکڕە و زوو وەرەوە، هەرچی ماوە بۆ خۆتی هەڵگرە، ئیپەک لە خۆشیان چاوی زەق دەبێ و دەڵێ:

- خودا لێت بە زیاد کا، لە ڕۆژی هەوڵەوە زانیم ئەتۆ کچی گەورەماڵانی و بۆ بەردە نابی.

ئیپەک دەڕوا و بە شاشانی دەڵێم:

- ڕامەوەستە، سوار بە با دەباز بین.

- بۆ کۆی؟

- ئەدی دەتەوێ ئیپەکمان هەر لەگەڵ بێ؟ ئەوەندەم داوەتێ تا دەژی بیخوا، تا نەگەڕاوەتەوە با بڕۆین.

- خۆ ڕێگا پێ نازانین.

- دەپرسین، خۆمان دەگەیەنینە سەڵماس.

بە شاڵێکی ڕوومەتی خۆمان داپۆشیوە، تەنیا چاومان دیارە، جلکی پیاوانمان دەبەردایە و دەستەوانەشمان لە دەستی کردووە، وەڕێ دەگەوینەوە و بۆ هەمیشە لە ئیپەکی جیا دەبینەوە.

- تا دەگەنە شاری سەڵماسمکان چ شتێکی گرینگتان بۆ دێتە پێش.

- دەتوانم بڵێم هیچ، بەڵام لە سەڵماس ڕەد ببووین، چەند ڕۆژ بوو سەڵماسمکانمان جێ هێشتبوو، شەو لە گوندێک لاماندا و ڕوومان لە یەکەم ماڵ کرد، گوتمان:

- ماڵێ! میوانان ڕادەگرن؟

دەنگی ژنێک لە ژوورەوە وەڵامی داینەوە:

- میوان بەخێر بێ سەر چاوان.

بە دوای دەنگەکەدا ژنێکی باڵابەرزی گەڕاوە هاتە دەر، چاوێکی لە ئێمە کرد و گوتی:

- فەرموون دابەزن.

***

- ئێستا ئەوە دابەزیون، چ دەبینی؟

ژنەکە ئەسپەکانمان لێ وەردەگرێ و بە سەرنجەوە چاومان لێدەکا، هەر چاومان بە دیارەوەیە، ئەسپەکانی لەگەڵ دادەکەین و ئالیکیان دەبەر دەکەین، دەچینە ژوور، ژنە دەڵێ:

- یا خودا بەخێر بێن، ئەمنیش تاکی تەنیا ماومەوە، خودا ئێوەی بۆ من نارد... ئەدی بۆ خۆتان ڕووت ناکەنەوە؟

شاڵەکەی لە ڕوومەتمان دەکەینەوە و کڵاوەکانمان هەڵدەگرین، ژنە قوشقی دەمێنێ و دەڵێ:

- ئێوە کچن؟ لە دەنگتانەوە شکم بۆی چووبوو، لە کوێوە دێن، بۆ کوێ دەچن؟

- بەسەرهاتی ئێمە دوورە، بەرەو موکریانمکان دەچین.

- موکریانمکان؟ لێرەوە زۆر دوورە.

- ئێرە کوێیە؟

- ئەم گوندە «هەشتیانمکان»ە.

ژنەکە دەڵێ:

- ناوتان چییە؟

- ئەمن خەیاڵم، ئەمەش ناوی شاشانە.

- ئەمنیش ناوم گوڵیارە.

گوڵیار مەترەتییەکی مەزنی دۆمان لە پێش دادەنێ و کەوچکێکی دارینی گەورەی تێدەنێ، دۆیەکە شویت و گوڵ و قەزوانی تێدا، دادەنیشێ و دەڵێ:

- جا چۆن دەچنە موکریانمکان؟

- بۆ؟

- دەوڵەتی ئێرانمکان لە لای مەراغەمکانوە لەشکرێکی زۆری هێناوەتە سەر عوسمانییاناعلام، هەواڵ هاتووە کە سبەینێ لە لای خۆیمکانەوەش هورووژم دێنن، بە زوویی شەڕی نێوان ئێرانمکان و عوسمانییاناعلام دەست پێدەکا، ئێرەش سەر ڕێیە، قەرارە سبەینێ بڕۆین، دەچینە گوندی «چاریمکان»، ئێوەش دەتوانن لەگەڵمان بێن و ماوەیەکی لە لای من بن تا وڵات ئارام دەبێتەوە.

- بە تەنیای؟

- ئا...، دوو کوڕم هەن، یەکیان تازەی ژن هێناوە و ئەوی دی ڕەبەنە. کوڕەکان بە جێیان هێشتووم و لەگەڵ خانی لەپ زێڕینشخص کەوتوون و ئەوە لە قەڵای «دمدممکان» ن، بووکەکەشم جارێ چۆتەوە ماڵە باوکی، ئەدی ئێوە چۆنە تەنیا سەفەر دەکەن؟

- بەسەرهاتی ئێمە دوورە.

گوڵیار ژنێکی باش و دڵپاک و دڵسۆزە، بەسەرهاتی خۆمانی بۆ دەگێڕمەوە، دەست دەکا بە گریان و دەڵێ:

- تا بە ئێرە ڕازی بن ماڵە خۆتانە، ئەمنیش دەیکەمە قاو و دەڵێم ئەمانە برازامن، شەو لەگەڵ براکەیان هاتن و براکەیان گەڕاوە. بەیانیش لەگەڵ خەڵکی ئاوایی دەچینە گوندی چاری و ماوەیەک لە وێ دەبین. ئێوەش جلکی خۆتان دەبەر کەنەوە، ئەم جلە پیاوانەش هەڵگرن.

- چوونە گوندی چاری؟

- ئا....

- ئێستا لە گوندی چاریمکان چ دەبینی؟

- لە ماڵێک هۆدەیەکمان گرتووە، ئەمن و شاشان و گوڵیار دانیشتووین، مێوژ و گوێزمان لە پێشە و خەریکی خواردنین، ژنی خاوەن ماڵەکەمان وەژوور دەکەوێ و دەڵێ:

- دەڵێن عوسمانییەکاناعلام تێکشکاون، هەموویان پاشەکشەیان کردووە، دەوڵەتی ئێرانمکان هەموو لایەکی گرتووە، بیست هەزار کەس لە کوردە جەلالییەکاناعلام هاتوونە پاڵ ئێرانمکانەوە، دەوڵەتی ئێرانمکان هەشت هەزار کەسی لەوان ناردۆتە ناوچەی برادۆستمکان، بەڵام خانی لەپ زێڕینشخص هەموویانی دەرکردووە.

دەپرسم:

- بۆ؟

- چونکە خان لەگەڵ عوسمانیاعلامیەکان دژی ئێرانمکان ڕێک کەوتووە و هەر ئەوەش بوو کە لە شەڕی عوسمانیاعلامیەکان و ئێرانمکاندا بە قسەی شاعەبباسشخصی نەکردووە و دژی چەغاڵ ئۆغڵی سەرداری عوسمانییان بەشەڕ نەهات و لە ئاکامدا ئەڵڵاوێردیخان سەرداری ئێران تێکشکا.

- ئێستا وڵات ئارام بۆتەوە؟

- ئا...، بەڵام شاعەبباس دەست هەڵناگرێ و بە گژ خانی لەپ زێڕیندا دێ.

ژنەکە ڕۆیی، هەر کە ژنە وەدەر کەوت بەرەژانم دێتێ، مانگ و ڕۆژی خۆمە، ئەوا نیزیکەی پێنج مانگە لە چاریم، وردەوردە ژانەکانم توندتر دەبن، ئەوە بەری بەیانە، دەزێم و کچێکم دەبێ، گوڵیار ناوی نا «ئەستیلان».

- تا کەی لە چاری دەمێنییەوە؟

- تا حەوتوویەک دوای زانم.

- ئێستا حەوتوویەک ڕادەبرێ، چ دەکەی؟

- لە گوڵیار ماڵئاوایی دەکەین و لەگەڵ شاشان و ئەستیلان و پیاوێکی پیر بەناوی مام سۆفی بەرەو شاری شنۆ وەڕێ دەکەوین. لە پێشدا بە گوڵیارم گوتبوو کە دەچمە موکریان خزمێکمان لەوێ هەیە، دەچینە ماڵە ئەوان. گوڵیار پێی گوتبووم کە ئەگەر دەتوانن بچنە مەڵبەندی سەردەشت، یەکجار خۆش و دڵڕفێنە و لە موکریان دوورەشەڕترە.

- دەگەنە شنۆیە؟

- ئا....

- لەوێ چ دەبینی؟

- مام سۆفی دەمانباتە ماڵێکی ناسیاوی، دوای نیوەڕۆ مام سۆفی گەڕاوە.

- ئێوە چ دەکەن؟

- شەو ماینەوە، بەیانی پێش مەلابانگدانان وەڕێ دەکەوین، خاوەن ماڵەکە، کە ژنێک بوو، دەیگوت شووەکەی لەگەڵ خانی لەپ زێڕینە، تا سەری کۆڵان بەڕێمان دەکا، ئێمە پێش ئەوە کە لە شار وەدەر کەوین، دەچینە بەر دەرکی مزگەوتێک، مەلۆتکەی ئەستیلان لەسەر خواجانەی، لە بەر دەرکی مزگەوت، دادەنێم و بیست سککەی زێڕ لە نێو مەلۆتکەکەی دەنێم و شنۆ بە جێ دێڵین.

- دەچنە کوێ؟

- بەرەو مەڵبەندی سەردەشت دەچین.

- چ دەبینی بیگێڕەوە.

- ئەوە سێ ڕۆژە بەڕێوەین، هەموو لایەک لێڕەوارە، مەڵبەندێکی بژوێن و دڵڕفێنە. جارجارە تووشی ڕێبواران دەبین، هاوینە و هەوا گەرمە. دەگەینە دارەگوێزێکی گەورە کە لە تەنیشت کانییەکی ڕواوە، دادەبەزین و دەست و ڕوومان دەشۆین و پرێسکەکەمان دەکەینەوە. هێندێکمان نان و پێخۆر پێیە، دەست دەکەین بە خواردن، هێشتا نانەکەمان تەواو نەبووە کە دوو سوار دەگەنێ، یەکیان بیست و پێنج ساڵێک و ئەوی دیش تەمەنی بیست و دوو ساڵ دەبێ. ڕۆژباشمان پێدەڵێن، دادەبەزن، کە چاویان بە ئێمە دەکەوێ دەحەبەسێن، یەکیان دەڵێ:

- ڕێبوارن؟

- ئا...، بەرەو سەردەشت دەڕۆین.

- ئێمەش بۆ ئەو لا دەچین.

پیادەکان زۆر مەند و بە ئەدەبن، لەسەرەخۆ قسان دەکەن، ئەوی گەورە دەڵێ:

- ئەمن ناوم «شینە» یە، ئەوەش برامە، ناوی «شەوڕەنگ»ە.

زۆر قسان دەکەین، پێم وایە ئەو دووە لەم ڕێگایەدا دەتوانن هاوڕێیەکی باش بۆ ئێمە بن، هێندێک گوێز لێدەکەینەوە و وەڕێ دەکەوین. شینە دەگێڕێتەوە کە لەگەڵ دایک و باوکی پیریان دەژین، دەڵێ:

- هێشتا نە ئەمن و نە شەوڕەنگ ژنمان نەهێناوە، چونکە خوشکمان نییە ژنبەژنەی پێ بکەین و لەم مەڵبەندەش بە ژن - بەژنە نەبێ کچی بە شوو نادەن. کاتێ دەزانن ئێمە کەسمان نییە، شینە دەڵێ:

- وەرنە ماڵە ئێمە، بە ماڵە خۆتانی بزانن، ماڵەکەمان لە گوندێکە بە ناوی «پێشاسب»، دەڵێن گوندێکی یەکجار کۆنە، دەڵێن لە زەمانی مێدیاوە ماوەتەوە و زەردەشت لە وێ ژیاوە.

شاشان لێی دەپرسێ:

- خوێندەواریت هەیە؟

- ئەمن و شەوڕەنگ چەند ساڵان لە لای مەلای ئاوایی خوێندوومانە، ئەدی ئێوە کێن؟

شاشان وەڵامی دەداتەوە:

- ئێمە دوو ئافرەی لێقەوماوین، بێ کەس و بێ پەناین.

- لە کوێوە دێن و بۆ کوێ دەچن؟

شاشان بە زیرەکییەوە گوتی:

- شووەکانمان بە دەست قزڵباشەکان کوژراون، ئێمەش هەڵاتین و ڕوومان لێرە کردووە.

- لێرە دەمێننەوە؟

- خۆشمان نازانین، خودا دەزانێ.

- ئەگەر بە ماڵی ئێمە ڕازی بن بۆ ئێمە جێی شانازییە.

- زور سپاس.

ئێوارەیەکی درەنگە، شینە دەڵێ:

- ئەمشۆ لادەدەینە گوندێکی، بەیانی وەڕێ دەکەوینەوە، بەڵام...

شاشان گوتی:

- بەڵام چی؟

- ئەگەر پرسیان ئەم ژنانە چی ئێوەن بڵێم چی؟

- بڵێ خوشکمانن...

شینە بزەیەکی دێ و چ ناڵێ.

شەوڕەنگ دەڵێ:

- بۆ جلکەکانتان ناگۆڕن؟ ئاوا لێتان وەشک دەکەون.

ئەمن و شاشان لادەدەینە نێو لێڕەواری و جلکە پیاوانەکەمان دەردێنین و جلکەکانی خۆمان دەبەر دەکەینەوە.

ئەمن بە دزی دێمەوە و لە پشت دارێکی ئەستوور خۆ مات دەکەم بزانم شینە و شەوڕەنگ دەڵێن چی. شینە دەڵێ:

- بڵێی شوومان پێ بکەن، زۆر جوان و تێگەیشتوون.

- جا بڵێم چی؟

- شاشان بۆ من و خەیاڵیش بۆ تۆ....

- خودا بینووسێ.

دەگەینە گوندێک کە لە داوێنی چیایەکی پڕ دارودەوەندا ساز کراوە. لادەدەینە ماڵێکی، ژنێک بە پیرمانەوە دێ، شینە و شەوڕەنگی دەناسێ، دوای بەخێرهێنان دەپرسێ:

- ئەمانە کێن دەگەڵتانن؟

شینە ئیشاڕە بە شاشان دەکا و دەڵێ:

- ئەمە خێزانی منە و ئەوەشیان براژنمە، خێزانی شەوڕەنگێیە.

ئەمن و شاشان چاوێک لە یەک دەکەین و بزەیەکمان دێتێ.

دەگەمە ئێرەی بەسەرهاتم کە ئازاد لە خەو وەخەبەرم دێنێ و دەڵێ:

- ئەمڕۆکەش بەسە.

وردەوردە خەواڵووییم بەسەر چوو، بیرم کردەوە، ئەمن منداڵەکەم لە بەر دەرکی مزگەوتێ دانا، بۆیە لە ژینی ئێستامدا هەر ئەو بەسەرهاتەم دی، گزینگ چای بۆ هێناین، چاوم لە چاوی کرد، پڕ بوو لە وەفا و دڵسۆزی، گوتم:

- گزینگ گیان! هیوادارم ڕابردووی تۆ وەک ژیانی پێشووی من نەبووبێ.

گزینگ بە پێکەنینەوە گوتی:

- نا...، ئەمن لە ژیانی پێشوومدا پەپوولەیەکی باڵ نەخشین بووم، هەر لە دەوری گوڵان دەگەڕام....

بەو قسەیە هەموومان پێکەنین، ئازاد گوتی:

- گزینگ هەر دەنگی خۆش نییە، قسەشی خۆشە.

ژیرۆ پرسی:

- کاک ئازاد! لە وانەیە ئێمە لە ژیانی پێشووماندا گیانلەبەرێکی وەک گا یا ورچ یا کۆتر بووبین؟

- نا، هێندێک کەس پێیان وایە و دەڵێن لە دوای مردن ڕەنگە ببینە گیانلەبەرێک، بەڵام وا نییە، تەنانەت کەسانێک هەن کە پێیان وایە دەبینە دارودەوەن، یا شتێکی بێگیانی وەک بەرد و خۆڵ. ئەوانە ڕاست نین و تا ئێستا سوور نەبوونەتەوە. ئەمەش بڵێم، هەر وەکوو لە پێشدا پێم گوتن، بە ڕاگوێزرانی گیان لە لەشێک بۆ لەشێکی تر دەڵێن «تناسخ» و بە چوونی گیان بۆ بەر گیانلەبەرێک دەڵێن «تماسخ» و بە چوونی گیانی مرۆڤ بۆ دار و گیا دەڵێن «تراسخ» و بۆ بەرد و خۆڵ دەڵێن «تفاسخ»، بەڵام هەر تەناسوخ یا ژیانەوە دروستە و ئەوانی دی هەر قسەن.

ژیرۆ ڕووی لە گزینگی کرد و گوتی:

- کە وا بێ گزینگ ئەتۆ پەپوولە نەبووی، لەوانەیە پیرەژنێکی سەرکوتک بووبی.

- نا، کچی شای پەریان بووم.

نازانم بۆ زێدە لە ڕادە گزینگم خۆش دەویست، بۆ ئەوەی کە گاڵتەیەکم کردبێ، گوتم:

- ئەدی ژیرۆ چ بوو؟

- ژیرۆ کوڕی شای جندۆکان بوو، چەند جاران ناردییە سەرم شووم پێ نەکرد.

دیسان هەموومان پێکەنین و دوای هێندێک قسەی جۆراوجۆر ئازاد هەستا و گوتی:

- ئەگەر سبەینێ کارێکتان نەبێ دێمەوە و دیسان دە خەوت دەکەمەوە.

- نا، کارمان نییە و زۆریشم پێ خۆشە، بزانم ئاخری چم لێ بە سەر دێ.

بە تەنیایی تا دەرکی حەوشە بەڕێم کرد و گوتم:

- لە ژیانی پێشووماندا خۆشیمان نەدی.

- لەم ژیانەدا تۆڵەی دەکەینەوە.

هەرچەند زانیم مەبەستی چییە، خۆم لە نەزانی دا و پرسیم:

- چۆن؟

چاوێکی لێ کردم و بزەیەکی هاتێ و گوتی:

- هەتا دەمرین پێکەوە دەبین، تاوێک لێک جیا نابینەوە.

- بۆ پێت وایە شووت پێدەکەم؟

- پێم وا نییە، دڵنیام، چونکە چوارسەت ساڵە چاوەڕێی یەکترین.

پێکەنیم، قسەکانیم بە دڵ بوون، کاتێک دوور کەوتەوە تا لە بەر چاوم ون بوو هەر چاوم لێ کرد، کە ڕۆیی لە دڵی خۆمدا گوتم:

- خودایە تۆڵەی ڕابردوومان بۆ بکەوە، بە یەکترمان شاد کە.

هێشتا نەهاتبوومەوە ژوورێ کە ژیرۆ و گزینگ بەرەو فێرگە وەڕێ کەوتن. سبەینێ ئازاد هاتەوە و وەک ڕۆژانی پێشوو دە خەوی کردم و بردمییە ئەو جێگەیەی لێی بووم و گوتی:

- چوویە گوندی پێشاسب؟

- ئا....

- لە پێشاسب چ دەقەومێ؟

- دایک و باوکی شینە و شەوڕەنگ زۆریان ڕێز گرتین.

- پێیان دەڵێن کە چتان بەسەر هاتووە؟

- نا...، دەترسێین لە بەر چاویان سووک بین. ئەمن پێیان دەڵێم ئەمن خەڵکی شاری سنەم و شووەکەم لەگەڵ شووی شاشانی بە دەستی قزڵباشەکان کوژراوە. شاشانیش خەڵکی هەوشارە، دایک و باوکیشمان نییە.

- لە دوایە چ دەقەومێ؟

- پێشنیارمان پێدەکەن کە شوو بە کوڕەکانیان بکەین، شاشان بۆ شینەی، ئەمنیش بۆ شەوڕەنگی.

- شوویان پێدەکەن؟

- ئا....

- چەند ساڵان لە پێشاسب دەمێنییەوە؟

- تا دەمرم، نیزیکەی چل و پێنج ساڵ.

- چۆن ژیان ڕادەبوێری؟

- پێش شوو کردن بە شەوڕەنگ ڕۆژێکی بە باوکیانم گوت:

- مامە! ئەم گوندەی نافرۆشن؟

- بۆ...؟

- پێم خۆشە ئەگەر دەیفرۆشن بۆم بکڕی.

- جا ئەوەندەت دراو هەیە؟

- ئا، زێڕ و دراوم زۆرن.

- با بزانم قسەیەکت بۆ لێ دەکەم.

- گوندێکیش بۆ شاشانێ بکڕە.

- لە سەر خودای، سبەینێ وەدوای دەکەوم.

- کڕیتان؟

- ئا...، ئەمن گوندی پێشاسبم کڕی و شاشانیش گوندی واوانی کڕی.

- لە دوایە چ دەقەومێ؟

- ئەمن و شەوڕەنگ لە پێشاسب دەمێنینەوە و شاشان و شینە و خەسوو و خەزوورم دەچنە واوان. تا دەمرم شتێکی گرینگ ناقەومێ.

- لە شەوڕەنگ چەند منداڵت هەن؟

- دوو کوڕ و کچێک.

- ئێستا کچ و کوڕەکانت لە پێش ڕاوەستان، بڵێ بزانم ناویان چییە؟

- ئەم کوڕەم ناوی «دڵشاد»ە و ئەمەشیان ناوی «فەرهاد»ە، ئەم کچەشم ناوی «وەنەوشە» یە.

- لە ژیانی خۆت ڕازی؟

- ئا، زۆر ڕازیم، بەڵام جارجار وەبیر دایک و باوک و خوشک و براکانم دەکەومەوە.

- سەردارت لە بیر کردووە؟

- چۆنی لە بیر دەکەم، هەمیشە ڕواڵەتی پیاوانەی لە بەر چاومە و دەنگی پیاوانەی لە گوێمدا دەزرینگێتەوە.

ئازاد وەخەبەری هێنامەوە، کاتێک هەستام گزینگ لە لام دانیشتبوو، چاوم لە چاوی کرد، هەڵەم نەکردبوو، گزینگ هەر وەنەوشەی کچی خۆم بوو، لە ئامێزم گرت و ڕاممووسی و گوتم:

- گزینگ گیان! ئەتۆ وەنەوشەی کچی خۆمی....

چارەنووس سەیرە! ئەمن و ئازاد و گزینگ دوای چوارسەت ساڵ گەیشتبووینەوە یەک. ئازاد ڕۆیی، بەر لە ڕۆیشتن دایکم پێی گوت:

- تکایە پێمان لێ مەبڕە، ئەتۆش بۆ من کوڕێکی وەک ژیرۆ.

ئازاد چاوێکی لە من کرد و گوتی:

- زۆر سپاس، زوو زوو دێمەوە.

ئازادم بەڕێ کرد، تا دەرکی حەوشە لەگەڵی چووم، گوتم:

- ژیانی ڕابردوومان تا لێوان سەختی و چەرمەسەری بووە.

- قەیدی نییە، باش بوو دوای چوارسەت ساڵ گەیشتینەوە یەک، ئەویش لە تەمەنێک داین کە دەتوانین پێکەوە ژیان ڕابوێرین.

بە پێکەنینەوە گوتم:

- بۆ قەرارە پێکەوە ژیان ڕابوێرین؟

چاوێکی لێ کردم و گوتی:

- لە من مەپرسە، لە دڵی خۆت بپرسە، دڵت دەڵێ چی دەڵێ ئا یان نا؟

- دەڵێ نا....

- کە وا بوو زۆر ڕاناوەستین، سبەینێ دێمەوە و لە دایکت خوازبێنی دەکەم.

- هەر وا بە پەلە؟

- بە من بێ سبەینێ درەنگیشە، هەر ئێستا چۆنە؟

- نا، سبەینێ.