III

از کتاب:
بزەی ژیان
اثر:
علی حسنیانی (1939-1992)
 10 دقیقه  555 مشاهده

دەنگ ناکەم، جلوبەرگەکانم لە خورجینێکی دەنێم، قوباد و حەمۆ دەچن ئەسپەکان بێنن، بە دەرفەتی دەزانم، زێڕ و دراوەکان لە بنی خورجین دەنێم، بە سواری وەڕێ دەکەوین، حەمۆشمان لەگەڵە، قوباد دەڵێ:

- ڕووی خۆت داپۆشە، ئەگەر کەسێکت دی، دەنگت لێوە بێ بەم خەنجەرە ئەنجن ئەنجنت دەکەم.

ڕێگا هەمووی کێو و کەژە، ئێستا چێشتانگایە، گەیشتینە چۆمێکی، حەمۆ دەڵێ:

- قوباد! ماندوو نەبووی تاوێکی بحەسێیەوە؟

- با....

لە ڕێگا لادەدەن، دەچینە نێو مێشەی، ئێرە گۆڕایییە، دادەبەزین، حەمۆ زۆر بێشەرمانە دەڵێ:

- ئەمن دەچم دەگەڕێم، خۆتان خەریک بن.

دەزانم پەلەقاژە سوودێکی نییە، دەنگێ ناکەم، ئەم جار نۆرەی حەمۆیە. دوای ئیستێک وەڕێ دەکەوینەوە، گەیشتووینە ڕاستەڕێیەک، چەند کەس لە دوور دیارن کە بۆ لای ئێمە دێن، قوباد دەڵێ:

- دەنگت دەر نەیە دەنا هەناسەت لێ دەبڕم.

ڕێبوارەکان دەگەنە ئێمە، ڕۆژباش دەکەن و دەڕۆن، ئەمن ناوێرم هاوار بکەم.

- ئامانجتان کوێیە، دەچنە کوێ؟

- دەچینە مەراغەی.

- حەمۆتان هەر لەگەڵە؟

- نا، لە ڕێگا لێمان هەڵبڕا، چوو بۆ سایینقەڵا، بەر لە ڕۆیین ماڵئاوایی کرد، وەڵامم نەداوە.

- لە مەراغە چ دەبینی؟

- چووینە کاروانسەرایەک، قوباد ئەمنی بردە هۆدەیەک و خۆی ئەسپەکانی داکرد، هاتەوە لام و دەڵێ:

- دوایین جارە پێکەوە دەبین، هیوادارم دراوێکی زۆر بکەی، لە ژوورێ کاری نەماوە، دەڵێ:

- جوانترین جلکت لە بەر کە، ئەم خورجینەش لەگەڵ خۆت مەهێنە، جلکەکانت دە بوخچەیەکی بنێ.

قوباد وەدەر کەوت، بوخچەیەکم هێنا، زێڕ و دراوەکەم لەنێو جلکەکانم نان و پێچامنەوە، قوباد چاوەڕێمە. دەچینە مەیدانێکی، خەڵکێکی زۆری لێیە، لە لایەکی بارگین و هێسترێکی زۆر بەستراونەوە، لەو لاتر چەند کەژاوە ڕاگیراون، سەکۆیەک لە نێوەڕاستی مەیدانەکەدایە، کابرایەکی قەڵەوی سمێڵ ئەستوور دێ بۆ لای قوباد، قوباد ڕووبەندەکەم لادەدا و دەڵێ:

- ناوی خەیاڵە....

کابرای قەڵەو چاوم لێدەکا و دەڵێ:

- شتێکی باشە.

ئەم جار قەڵەوی سمێڵ ئەستوور وەسەر سەکۆکەی کەوت، سێ جار دەستی لێک دا و دەڵێ:

ئەمڕۆکەش شەش کچی جوان، شەش پەریمان هەن، زارکی هەگبەکەتان بکەنەوە، تا ئێستا بەردەی واتان نەدیوە. کێ دارایە بێتە پێش. لە دەستتان دەچێ، تازە شتی ئاواتان وەچنگ ناکەوێ. هەر ئێستا پێشانتان دەدەم، جوان چاوان بکەنەوە، هیچ عەیبیان تێدا نییە، یەک لە یەک جوانتر و لەبارتر و لە بەردڵانتر، ئەوا یەکەمیان دێتە سەر سەکۆ.

کچێک وەسەر سەکۆ دەکەوێ، کابرای قەڵەوی سمێڵ ئەستوور ڕووبەندی لە سەر ڕووی لادەدا، کچێک لە تەمەنی پازدە شازدە ساڵانەدا، گۆشتن و سپیکەڵە و موو زەردە.

قەڵەوە دەڵێ:

- ئەم گوڵە ناوی شیرینە، ناوەکەی خەسار نەکردووە، لە پەنجا سککەی زێڕوەشێنەوە دەست پێدەکەین، پەنجا سککە... پەنجا سککە...

یەکێک هاوار دەکا:

- شێست سککە.

قەڵەوە دەڵێ:

- شێست سککە... شێست سککە

یەکی دی دەڵێ:

- حەفتا سککە.

یەکی دی دەڵێ:

- هەشتا سککە.

قەڵەوە دەڵێ:

- هەشتا سککەی زێڕ... هەشتا سککەی زێر... هەشتا سککەی زێر... کەس زیادی نەکرد؟ لێت پیرۆز بێ.

کابرایەکی تەنگەزلی گەڕاوە دەچێتە پێش و هەشتا سککە بۆ قەڵەوەی دەژمێرێ و دەستی شیرینی دەگرێ و لەگەڵ خۆی دەیبا. قەڵەوە دەڵێ:

- ئێستا گوڵێکی جوانتر، کچێکی لەبارتر، منداڵێکی تازەڕەسیوتان پێشان دەدەم، بەڵام ئەوەی دەیکڕێ دەبێ لە سەر دەستانی بەرێتەوە، چونکە دەژاکێ.

بەو قسەیە جەماوەر پێکەنین، قەڵەوە درێژەی دا:

- ئەو کچۆڵەیە ناوی زێڕنە و بە ڕاستی زێڕە، جا زێڕەکانتان فیدای زێڕنێ بکەن، پەژیوان نابنەوە.

کچۆڵەیەک وەسەر کەوت، قەڵەوە ڕووبەندەکەی لادا، تەمەنی هەر دوازدە ساڵە، ڕەش ئەسمەر و چاوکەژاڵە، خوێنشیرین و ڕەزاسووکە.

قەڵەوە دەڵێ:

لە حەفتا سککەی زێڕەوە دەست پێدەکەین، حەفتا سککە... حەفتا سککە...

یەکێک دەڵێ:

- هەشتا سککە.

یەکێکی دی دەڵێ:

- سەت سککە...

لە دواییدا پیاوێکی کەڵەگەتی شان پانی کۆسە دەڵێ:

- سێسەت سککە

کەس لەسەری زیاد ناکا و دەیکڕێ. سێیەمین کچ، کچێکی ڕەقەڵەی فەقیرۆکەیە، کەس لە بیست سککەی زیاتر پێ نادا. چوارەمینیان ژنێکی سی و پێنج ساڵانەی باڵابەرزەی دەم بە بزەیە، بە شێست سککە دەفرۆشرێ. پێنجەمین بەردە، ژنێکی بیست ساڵانەیە، زۆر جوان و خوێنشیرینە، ناوی «شاشان»ە، نە کزە، نە قەڵەوە، سپی و چاو و برۆ ڕەشە، هەر ئەو کابرایەی کە زێڕنێ دەکڕێ، ئەویش دەکڕێ بە دووسەت و پەنجا سککە.

ئەم جار نۆرەی منە، قەڵەوە لە وانی دیکە زیاتر پێم هەڵدەڵێ و باسی جوانی و خوێنشیرینی و ڕێکوپێکی و دڵڕفێنیم دەکا و دەڵێ:

- ناوی خەیاڵە و بە ڕاستی خەیاڵ پیاوی دەباتە نێو دنیای خەیاڵەوە، قابیلی شازادانە.

ڕووبەندم لە سەر هەڵدەداتەوە. دەنگ و هەرای خەڵکی بەرز دەبێتەوە، یەک سڵاواتێ دەنێرێ، یەک دەڵێ جل الخالقعربی، یەک دەڵێ ماشاڵڵا... قەڵەوە ڕووبەندم لادەدا و دەڵێ:

- بۆ جوانترین گوڵی زەوی لە سەت سککەوە دەس پێدەکەین.

- هێشتا قسەکەی بە تەواوی لە دەم دەرنەهاتبوو کە یەکێک هەرا دەکا:

- دووسەت سککە...

سێیەمی دەڵێ:

- سێسەت سککە...

- چوارسەت...

- پێنجسەت...

قەڵەوە سێ جار دەستی لێک دەدا و دەڵێ:

- پێنجسەت سککە... پێنجسەت سککە... پێنجسەت سککە، زیاتر هەیە...؟

یەکێک گاز دەکا:

- هەشتسەت سککە...

هەرا دەنێو خەڵکی دەکەوێ، هەموو پێیان سەیر دەبێ، هەشتسەت سککە؟! کەس لە سەری زیاد ناکا و هەر ئەو کابرا کۆسەیەی کە زێڕن و شاشانی کڕیبوون، ئەمنیش دەکڕێ. هەرسێکمان سواری کەژاوەی دەکا و وەڕێ دەکەوین. نیزیکەی شێست سوارمان لەگەڵە. پێش ئەوەی ڕێگا دابگرین، کابرای کۆسە سەری دێنێتە نێو کەژاوەکەمان و دەڵێ:

- زۆر بەخێر بێن، بەختتان یارە کە ئەمن ئێوەم کڕی، ئێوەم بۆ حاکمی تەورێزێ کڕیوە، دەچنە نێو حەرەمێ و قەرەواش و دەستوپێوەندێکی زۆر خزمەتتان دەکەن. لە نێو کەژاوەکەی ئێمەدا هەر ئەمن و زێڕن و شاشانین، دەست دەکەین بە وتووێژ، شاشان دەڵێ:

- ئەمن تازە شووم کردبوو، دەگەڵ شووەکەم دەچووینەوە ماڵە باوکم، جەردان هێرشیان بۆ کردین، دەست و پێی شووەکەمیان بەست و بە جێیان هێشت و ئەمنیشیان دزی، سەرۆکی جەردەکان دوو مانگی ڕاگرتم و کاتێ لێم تێر بوو، ئەمڕۆ فرۆشتمی.

زێڕن دەڵێ:

- ئەمن کچی کابرایەکی هەژارم، پارەکە پیاوێکی نەناسراو هاتە خوازبێنیم، باوکم لە بەر نەداری و هەژاری دووسەت سککەی لێ وەرگرت و ئەمنی پێ فرۆشت، ئەودەم ئەمن یازدە ساڵم بوو، کابرا ساڵێکی ڕاگرتم و ئەمڕو فرۆشتمی و سەت سککەشی سوود کرد.

ئەمنیش بەسەرهاتی خۆمیان بۆ دەگێڕمەوە....

ئازاد دیسان لە خەوی هەستاندم، پێی وا بوو بۆ ئەمڕۆ بەسە. بەسەرهاتی ژیانی پێشووی خۆمم پێ سەیر و سەمەرە بوو. چەندم کوێرەوەری و چەرمەسەری دیبوو. دایکم و گزینگ بۆم دەگریان، ژیرۆ خەمبار بوو، ئازاد گوتی:

- مامەند یا قوباد هەقی خۆی بوو بە دەستی من بکووژرێ، هۆی تەواوی ئەو چارەڕەشییانە ئەو دێوەزمەیە بوو. هیوادارم لە ژیانی داهاتوویدا ببێتە مرۆڤێکی باش.

ئەمن گێژ و وڕی بەسەرهاتی خۆم بووم، ئاخۆ لە دوایەدا چم بە سەر دێ؟ دایکم هەودای خەیاڵمی لێک پچڕاند و گوتی:

- لە درێژایی مێژوودا هەر ژنی بەستەزمانیان چەوساندۆتەوە.

ژیرۆ گوتی:

- لە پیاوانیش زوڵم کراوە، هەزاران بەردەی پیاویش هەبوون.

ئازاد گوتی:

- ژن و پیاو فەرقی نەبووە، هەمیشە زۆرداران بە سەر بێدەسەڵاتاندا زاڵ بوون، هەرچی دەست ڕۆیوتر بووە، بۆ ئەوەی ماڵ و دراوی خۆی زیاتر بکا، دەستی بە سەر ماڵ و گیانی بێدەسەڵاتاندا داگرتووە و بۆ گەیشتن بە ئامانجی خۆی هەموو جینایەتێکی کردووە. بە کورتی جیاوازیی چینایەتی بۆتە هۆی هەزاران کردەوەی دژی مرۆڤایەتی وەک پیاوکوژی، بە بەردە گرتنی ژن و پیاو و منداڵان، ماڵوێران کردن و... پێتان وا نەبێ ئێستا ئەو زوڵم و زۆرییە نەماوە، ئێستاش هەیە، بەڵام بە ڕەنگێکی دی و بە شێوەیەکی دی.

ژیرۆ پرسی:

- کەی تەواو دەبێ؟

- کاتێک کە هەر کەس بە بەرهەمی شان و باهۆی خۆی بەڕێ چوو، وەک مڵۆزمێک ڕەگ و ڕیشەی کەسانی دیکە نەفرۆشێ، ئەودەم کۆمەڵێکی یەکسان دادەمەزرێ. ئەودەم ئەوەی زۆرتر کار بکا بەڕێزترە، کەچی ئێستا بەداخەوە ئەوەی دەوڵەمەندترە بە ڕواڵەت ڕێزی زۆرترە.

دایکم پرسی: بڵێی ڕۆژێکی وا بێ؟

- ئا...، چ بمانەوێ و چ نەمانەوێ دەبێ. ئەوە ڕەوڕەوەی مێژوویە دەچێتە پێش و بەرەو ئەو کۆمەڵە دەچێ. بۆ نموونە ئێستا ئەو بەردە فرۆشتن و بەردە ڕاگرتنی چەند سەت ساڵ پێش نەماوە، ئەودەم ژیانی خەڵکی لەسەر ئاژەڵداری ساغ ببۆوە و ئاژەڵداری پێویستی بە دەستوپێوەندییەکی زۆر هەبوو کە بە ڕاگرتنی بەردە نەبایە بەڕێ نەدەچوو، بەڵام ئێستا ئاژەڵداری بە شێوەی ڕابردوو نەماوە، زەمان، زەمانی ماشێن و تێکنیکە. دیارە ئێستاش چەوساندنەوە هەیە، بەڵام نەک بە شێوەی بەردە ڕاگرتن، بە شێوەی نەدانی هەقی کرێکار بە تەواوی، واتا خاوەن کارخانەیەک لە جیاتی ئەوە کە بە تەواوی نرخی کاری کرێکارێک لە بەر چاو بگرێ و بیداتێ، کەمتری پێدەدا، ئەگەر دەبێ هەزار تمەنی پێبدا، شەشسەت تمەنی وێدەدا و چوارسەتی بۆ دەمێنێتەوە، ئەو چوارسەت تمەنانە دەبنە هۆی زیاتر دەوڵەمەند بوونی خاوەن کارخانەکە و لە ئاکامدا کرێکاری چەوساوە هەر هەژارتر دەمێنێتەوە و خاوەن کارخانەی دەوڵەمەند، دەوڵەمەندتر دەبێ.

ئەمن بە وردی گوێم دابووە قسەکانی ئازادی. وێڕای وێچوویی و مەندی و جوانی، پیاوێکی زانا و هێژام هاتە بەر چاو، پێم خۆش بوو هەر قسان بکا، بە دەنگی پیاوانەی ئۆخژنم دەهاتێ.

گزینگ کەشەفێکی چا بۆ هێناین، لە پێشدا بۆ ئازادی ڕاگرت تا ئێستیکانێکی هەڵگرێ، دوایە بۆ دایکمی ڕاگرت و ئەمجا بۆ منی هێنا و لە دوایە بۆ ژیرۆی برد. دایکم و ئازاد خەریکی قسان بوون، ئەمن لە ژێر چاومەوە دەمڕوانییە گزینگی، گزینگ کەشەفەکەی بردە پێش ژیرۆ، هەر کە ژیرۆ ویستی چایەکەی هەڵگرێ گزینگ کشاندییەوە، ژیرۆ بە مەندی چاوی هەڵێنا و چاوێکی لە گزینگی کرد، هەردووکیان پێکەنین، هەستم کرد دڵیان بە ڕستەیەکی نادیار لێک گرێ دراوە، سەرم بەرداوە، داوای بەختەوەریم بۆ کردن.

ئازاد نانی نیوەڕۆیەی لە ماڵی ئێمە خوارد و دوای نیوەڕۆیە دایکم لە گزینگی ویست کە گۆرانییەکی بڵێ، ژیرۆ سازەکەی ئامادە کرد و گزینگ بە دەنگێکی بریندار دەستی پێکرد:

- ئەوین مایەی ژیان و بوون و مانە

ئەوین ڕایگرتووە چەرخی زەمانە

ژیانی بێ ئەوین دەشتی نەبوونە

لە سایەی عیشقە ئەم دنیایە ڕوونە

دەڵێن یارێ گوتی جارێ بە یارێ

گەڕیدەی شارەزای زۆر گوند و شارێ

لە هەموان خۆشتر و جوانتر چ جێیە؟

گوتی ئەو جێیە خۆشە یاری لێیە